
لە دوای بەڵێنەکانی حەسەن ڕۆحانی،
سەرۆک کۆماری ئێران کە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا باسی مافەکانی گەلانی
ئێرانی کرد و بۆ نموونە، بەڵێنی جێبەجێکردنی ماددەی ١٥ی دەستووری بنەڕەتیی ئێرانی
دا و، هەروەها بەڵێنی سەرێتیدان بە جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە لە لایەن عەلی ئەسغەر
فانیــیەوە، بەر لەوەی پۆستی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی پێ بدرێت، دەوڵەتەکەی
ڕۆحانی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە ژووری فکری پێک هێنا و، هەر لەو پێوەندییەدا
ڕۆژی دووشەممە (7 ـــ ١٠ ـــ ١٣٩٢) ڕاوێژی بە فەرهەنگستانی زمانی فارسی کرد. بەڵام
بە داخەوە، لە کردەوەیەکی زۆر سەیردا بەشێک لە ئەندامان و بەڕێوەبەرانی ئەو
فەرهەنگستانە دژایەتیان لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو ماددە قانوونییە ڕاگەیاند و لە
هەموو شتێک سەرسووڕهێنەرتر ئەوەی کە ئەو کارەیان ”بە پیلان و دهۆ لە دژی زمانی
فارسی” لە قەڵەم دا!
سەیرەکە لەوەدایە پاش تێپەڕینی ٣٣ ساڵ بەسەر پەسندکردنی دەستووری
بنەڕەتیی ئێراندا، دەوڵەت دەیەوێ ماددەیەکی قانوونی جێبەجێ بکات، کە تێیدا ئیشارە
بە کەمترین مافی گەلانی ئێران کراوە، کەچی لە لایەن نێوەندێکی کلتووریی وەکو
فەرهەنگستانی زمانەوە دژایەتی دەکرێت! هەرچەند هەنگاوەکەی دەوڵەت، هەنگاوێکی
زۆر درەنگە، کەچی وەکو فارس خۆیان دەڵێن (ئێمە هەر بە فاڵی نیکی دەگرین)، بەڵام
دژایەتییەکەی فەرهەنگستانی زمانی فارسی بۆ ئەوە ناشێت کە بەسەریدا تێپەڕ بین،
چونکە بەڕاستی بۆنی ڕەگەزپەرەستییەکی مەترسیداری لێوە دێت. ڕاستە گەلانی ئێران
بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی، تاکو ئێستا زمانی فارسییان وەکو زمانی هاوبەش دەکار
هێناوە