۱۳۹۶/۵/۲۴

ڕۆمانی ژیانەوە بە کاتی سیروان چاپ و بڵاو کرایەوە

ژیانەوە بە کاتی سیروان، یەکەم ڕۆمانی چاپکراوی "مەنسوور تەیفووری" نووسەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بەم دواییانە لەلایەن ناوندەی غەزەڵنووس لە سلێمانی لە چاپ دراوە.
 ئەم ڕۆمانە بەسەرهاتی  مرۆڤێکی ئازار چێشتووی کۆمەڵگەی هاوچەرخی کوردییە، کە پاش چەندین ڕووداوی جیاجیا بڕیار دەدات چیڕۆکی ژیانی خۆی بگێڕێتەوە.
  یەکێک لە مۆرکە جیاوازەکانی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە کەسایەتیی سەرەکیی چیرۆکەکە تووشی چەندین نەخۆشیی دەروونی هاتووە کە یەکێک لەوانە ئێسکیزۆفرنییە.
 ڕۆمانەکە کەڵکی لە چەندین تێکنیکی مۆدێرنی گێڕانەوە وەرگرتووە و تێیدا چەندین گێڕەوەی جیاواز دوەر دەگێڕن.

۱۳۹۴/۳/۲۱

پرسەنامەی کانوونی نووسەرانی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا ئەحمەد شەریفی


کانوونی نووسەرانی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا "ئەحمەد شەریفی" پرسەنامەیەکی بڵاو کردەوە و سەرخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی ئەحمەد شەریفی، ئەدیبان، نووسەران و رۆژنامەنووسانی کورد کرد.

دەقی تەواوی ئەم پرسەنامەیە بەم چەشنەیە: 
پرسەنامەی کانوونی نووسەرانی کوردستان
بەبۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا ئەحمەد شەریفی‌ــیەوە
بەداخەوە تەنیا سێ ڕۆژ پاش کۆچی دوایی مامۆستا ئەحمەد قازی، هەواڵی کۆچی دوایی مامۆستا ئەحمەد شەریفی، مێژوونوس، ڕۆژنامەنووس، تۆژەری بواری ساغکردنەوەی دەق، دەستنووس و بەڵگەنامە مێژووییەکان و ئارشیڤداری ناسراوی گەلەکەمان ڕادەگەیەنین.
ماموستا ئەحمەدی شەریفی، دوای چەندین ساڵ خزمەتی بەردەوام بە زمان و ڕۆژنامەنووسی و مێژووی کورد، بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ٢٧١٥ی کوردی (١٠/٦/٢٠١٥) پاش ململانێیەکی دژوار لەگەڵ نەخۆشی دڵی لە لێدان کەوت.

۱۳۹۴/۲/۱۸

راگەیەندراوی کانوونی نووسەرانی کوردستان سەبارەت بە کۆچی داویی مامۆستا ئەحمەد قازی نووسەر و وەرگێڕی کورد



راگەیەندراوی کانوونی نووسەرانی کوردستان سەبارەت بە کۆچی داویی مامۆستا ئەحمەد قازی نووسەر و وەرگێڕی کورد 


مامۆستا ئەحمەد قازی، شاعیر، نووسەر، وەرگێڕ، زمانزان، ڕۆژنامەنووس و ڕووناکبیری ناسراوی کورد ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی جۆزەردانی٢٧١٥ی کوردی (٧/٥/٢٠١٥زایینی)، بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە لەنەخۆشخانەی ئازادیی شاری تاران کۆچی دوایی کرد

مامۆستا ئەحمەد قازی، یەکێک لەکەسایەتییە فەرهەنگی، ئەدەبی و ڕووناکبیرییەکانی کورد بوو، کە لە ماوەی ژیانی خۆیدا، هەم لە بواری فەرهەنگی و ئەدەبی و هەم لەبواری ڕۆژنامەنووسی و بابەتە ڕووناکبیرییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەورێکی دیار و گرینگی گێڕا
مامۆستا ئەحمەد قازی کۆمەڵێک بەرهەمی لە بواری شێعر و چیرۆک و بابەتەیلی زمانەوانی کوردیدا نووسیوە و چەندین بەرهەمی گرینگی ئەدەبیشی لە زمانەکانی ئینگلیزی و فارسییەوە کردووە بە کوردی.

۱۳۹۲/۱۱/۱۵

کانوونی نووسەرانی کوردستان وەڵامی فەرهەنگستانی فارسی دایەوە


کانوونی نووسەرانی کوردستان وڵامی فەرهەنگستانی زمانی فارسی دایەوە کانوونی نووسەرانی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا وڵامی هەڵوێستی فەرهەنگستانی زمانی لە بەرامبەر زمانی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانی دایەوە
شاعیر و نووسەر کاک جەلیل ئازادیخا لەمبارەوە بۆ تیشک تیڤی دوا

۱۳۹۲/۱۱/۱۳

راگەیەنراوی کانوونی نووسەرانی کوردستان لە وڵامی فەرهەنگستانی زمانی فارسیدا


لە دوای بەڵێنەکانی حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران کە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا باسی مافەکانی گەلانی ئێرانی کرد و بۆ نموونە، بەڵێنی جێبەجێکردنی ماددەی ١٥ی دەستووری بنەڕەتیی ئێرانی دا و، هەروەها بەڵێنی سەرێتیدان بە جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە لە لایەن عەلی ئەسغەر فانی‌ــیەوە، بەر لەوەی پۆستی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی پێ بدرێت، دەوڵەتەکەی ڕۆحانی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە ژووری فکری پێک هێنا و، هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە (7 ـــ ١٠ ـــ ١٣٩٢) ڕاوێژی بە فەرهەنگستانی زمانی فارسی کرد. بەڵام بە داخەوە، لە کردەوەیەکی زۆر سەیردا بەشێک لە ئەندامان و بەڕێوەبەرانی ئەو فەرهەنگستانە دژایەتیان لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو ماددە قانوونییە ڕاگەیاند و لە هەموو شتێک سەرسووڕهێنەرتر ئەوەی کە ئەو کارەیان ”بە پیلان و دهۆ لە دژی زمانی فارسی” لە قەڵەم دا!
سەیرەکە لەوەدایە پاش تێپەڕینی ٣٣ ساڵ بەسەر پەسندکردنی دەستووری بنەڕەتیی ئێراندا، دەوڵەت دەیەوێ ماددەیەکی قانوونی جێبەجێ بکات، کە تێیدا ئیشارە بە کەمترین مافی گەلانی ئێران کراوە، کەچی لە لایەن نێوەندێکی کلتووریی وەکو فەرهەنگستانی زمانەوە دژایەتی  دەکرێت! هەرچەند هەنگاوەکەی دەوڵەت، هەنگاوێکی زۆر درەنگە، کەچی وەکو فارس خۆیان دەڵێن (ئێمە هەر بە فاڵی نیکی دەگرین)، بەڵام دژایەتییەکەی فەرهەنگستانی زمانی فارسی بۆ ئەوە ناشێت کە بەسەریدا تێپەڕ بین، چونکە بەڕاستی بۆنی ڕەگەزپەرەستییەکی مەترسیداری لێوە دێت. ڕاستە گەلانی ئێران بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی، تاکو ئێستا زمانی فارسییان وەکو زمانی هاوبەش دەکار هێناوە