‏نمایش پست‌ها با برچسب هەواڵ. نمایش همه پست‌ها
‏نمایش پست‌ها با برچسب هەواڵ. نمایش همه پست‌ها

۱۳۹۷/۴/۱۳

شاعیر و نووسەرێکی گەنجی بۆکانی دەستگیر کرا


هێزەئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران دوێنێ بەیانی لە بۆکان، شاعیر و نووسەرێکی گەنجی ئەو  شارەیان دەستگیر کرد.
 بەپێێ هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان سەرلەبەیانیی دوێنێ سێشەممە 2018/7/3 هێرشیان کردووەتە سەر بنەماڵەی  "ئەنوەر عەرەب" شاعیر و نووسەری گەنج و دەستبەسەریان کردووە.
 هەتا ئێستا لەبارەی هۆکاری گیران و شوێنی ڕاگرتنی ئەو شاعیرە زانیاریی ورد لەبەردەستدا نییە.

۱۳۹۷/۳/۸

جەلال مەلەکشا شاعیری ناسراوی کورد باری تەندروستیی ناجێگیرە


جەلال مەلەکشا، شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی ناسراوی کوردی خەڵکی سنە، چەند ڕۆژێکە باری تەندروستیی ناجێگیرە و لە نەخۆشخانەی سنە لەژێر چاودێریی پزیشکی دایە.
 بەپێی زانیارییەکان  ئێستا جەلال مەلەکەشا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سنە لەژێر چاودێری چڕی پزیشکی دایە و لەلایەن دۆستان و دڵسۆزانی شاعیرەوە تیمێکی پسپۆڕی پزیکشیی بۆ تەرخان کراوە.
 پرسی نەخۆشکەوتنی جەلال مەلەکشا ماوەی چەند ڕۆژە لە ئاستی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە و بە دەیان کەس شیعر و بابەت و زنیارییان لەبارەی بڵاو کردووەتەوە.

۱۳۹۷/۲/۱۹

فەرهەنگێکی بەنرخ بە کتێخانەی ئەدەبی کوردی زیاد کرا



کامڵترین فەرهەنگی مێژووی زمان و ئەدەبیاتی کوردی بەناوی "فەرهەنگی زانستگەی کوردستان" کە خاوەنی 93 هەزار مەدخەل (دەروازە)یە و لەلایەن گرووپێکی کاری توێژینەوە لە "توێژینگەی" کوردستان‌ناسیی زانکۆی کوردستان لە سنە و بە سەرپەرستیی ماجید مەردۆخ ڕۆحانی لە چوار بەرگەدا چاپ و بڵاو کرایەوە.
ئەو فەرهەنگە گرنگە کە بە گەورەترین فەرهەنگی کوردی – کوردی و فارسی دێتە ئەژمار و ماوەی 10 ساڵە کاری لەسەر کراوە، دوێنێ سێشەممە 2018/5/8 لە زانکۆی کوردستان لە سنە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە نووسەر، شاعیر و ئەدیب و هونەرمەندانی کورد  بە فەرمی چاپ و بڵاو کرایەوە.

۱۳۹۶/۱۲/۲۲

یەکەمین کتێبی فێرکاریی بەشی زمان و وێژەی زانکۆی کوردستان لە سنە چاپ کرا



یەکەمین پەرتووکی فێرکاریی بەشی زمان و وێژەی کوردیی زانستگای کوردستان بۆ وانەی ‌"وشەناسی" لە ئاستی کارناسیدا بە قەڵەمی سەعید کەرەمی و لە ژێر چاودێریی توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانستگای کوردستان لە سنە چاپ و بڵاو کرایەوە.
 بەپێی هەواڵ و زانیاریی پەیجی فەرمی و کەناڵی تەلەگرامی بەشی کوردیی زانکۆی کوردستان، ئەو کتێبە یەکەم کتێبی فێرکاریی بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆی کوردیی سنەیە کە بۆ وانەی مۆرفۆلۆژیی زمانی کوردی (وشەناسیی زمانی کوردی) لە ئاستی کارناسیی باڵا و لەژێر چاودێریی توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانکۆی سنەدا چاپ کراوە و بڕیارە ئەو کتێبە ساڵی داهاتوو وەک سەرچاوەی سەرەکیی وانەی "وشەناسی"، یان مۆرفۆلۆژیی قۆناغی یەکەم بۆ ئاستی کارناسیی باڵا لەلایەن بەشی کوردیی زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆی کوردستان لە سنە کەڵکی لێ وەربگیرێت.

۱۳۹۶/۱۰/۱۹

سێیەمین کۆمەڵە شیعری فەریدوون ئەرشەدی چاپ و بڵاو کرایەوە


کۆمەڵە شیعری "دەمگرن ڕۆژێ بە شەرابی پێکەنینتەوە" کە سێیەمین کۆمەڵە شیعری، فەریدوون ئەرشەدی، شاعیری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە لایەن "چاپەمەنیی مانگ"ەوە چاپ و بڵاو کرایەوە.
فەریدوون ئەرشەدی، لەمبارەوە لە لێدوانێکدا بۆ (باسنیوز) گوتی: "ئەم شیعرانە بەشێکن لە کۆمەڵە شیعرێکی ئاشقانە کە لە نێوان ساڵانی2005 /2006 ی زایینی لە ئەڵمانیا نووسراون".

۱۳۹۶/۱۰/۱۴

بانە/ دیوانی حەوت شاعیرانی کلاسیکی کورد چاپ و بڵاو کرانەوە

چاپەمەنیی مانگ لە بانە لە درێژەی چالاکییەکانی خۆیدا چاپ و بڵاوکردنەوەی (پرۆژەی شێعری کلاسیک)ی شاعیرانی کوردی ڕاگەیاندووە و لە قۆناغی یەکەمدا حەوت دیوانی چاپ و بڵاو کردووەتەوە.
 بەپێی هەواڵێک کە چاپەمەنیی مانگ لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، ئەم پرۆژەیە لەلایەن بەڕێوەبەرانی (پرۆژەی ڤەژین بۆکس)ی ناوەندی فەرهەنگیی ڤەژین و ماڵپەڕی چاپەمەنیی مانگ ئامادە کراوە کەلە ئامادەکردنیدا لێژنەیەکی پسپۆڕی بواری ڕێنووس، ڕێزمان و هەڵەبڕ و دیزاین ئامادە بوون.

۱۳۹۶/۱۰/۲

دووەمین سمیناری تاوتوێی ڕێنووسی کوردی لە زانکۆی سنە بەڕێوە چوو


دوه‌مین سمیناری تاوتوێکردنی ڕێنووسی کوردی به‌ میوانداریی زانکۆی کوردستان لە سنە و به‌شی زمان و ئه‌ده‌بیاتی کوردی به‌ ئاماده‌بوونی مامۆستایانی زانکۆ و نووسه‌ران و پسپۆڕانی زمان و ئه‌ده‌بیاتی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەی دوو ڕۆژە بەڕیوە چوو.
 بەپێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێیەکان و بەشی کوردیی زانکۆی کوردستان لە سنە، لە ڕۆژانی رابردوودا ئەو سمینارە بە بەشداریی کۆمەلێک لە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری زمان و ئەدەب و بەتایبەت مامۆستایانی زمان و ئەدەبی کوردی لە پاریزکانی سنە، ورمێ، کرماشان و ئیلام لە زانکۆی سنە بەڕێوە چووە.

۱۳۹۶/۹/۲۳

یازدەیەمین فێستیڤاڵی چیرۆکی بانە بە دیاریکردنی سەرکەوتووان کۆتایی پێهات

یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی چیرۆکی بانە، کە بە دوو زمانی کوردی و فارسی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ و بە ئامادەبوونی نووسەرانی کورد و فارس لە شاری بانە بەردەوام بوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە خەڵاتکردنی سەرکەوتووان، کۆتایی پێهات.
لە فێستیڤاڵی چیرۆکی بانە 68 بەرهەمی چیرۆک بە دوو زمانی کوردی و فارسی پێکەوە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ پێشبڕکێیان کرد، هاوکات بەشێکی دیکەی فێستیڤاڵ بۆ ئەدەبی منداڵان و مێرمنداڵان تەرخان کرابوو.

لە بەشی چیرۆکی منداڵان و میرمنداڵاندا ئەم کەسانە وەک سەرکەتوو ناسێندراون و خەڵات کران "هەستی یەونسی لە بانە، ڤیانا قزلجی، لە بۆکان، ئاڵا ڕەزایی، لە بۆکان، زارا گوڵچینی، لە هەرسین، ئاریا عەجەمی، لە بۆکان و شەهرزاد لەعل‌بەرزی".
لە بەشی وتاری فارسیی ئەدەبیاتی منداڵاندا "محەمەدڕەزا کەلهوڕ و جەمیلە موعەزەمی" و لە بەشی وتاری کوردیشدا "عومەر محەمەدی و مستەفا ئیلخانی‌زادە" خەڵاتیان وەرگرت.

۱۳۹۶/۹/۲۱

یازدەیەمین فێستیڤاڵی چیرۆکی بانە دەستی پێکرد


بەپێی هەواڵی میدیا خۆجێیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پاش پێنج ساڵ ڕاگیران، ئەمڕۆ سێشەممە 2017/12/12 یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی چیرۆکی بانە بە ئامادەبوونی نووسەر و چیرۆکنووسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی بە کار و چالاکییەکانی کرد.
 بە گوتەی محەمەدسدیق کەریمپوور، بەڕێوەبەری یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی چیرۆکی بانە، ئەم خولەی فێستیڤاڵ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و هەتا ڕۆژی پێنجشەممە 2017/12/14 دەخایەنێت و تێیدا 67 بەرهەم بە دوو زمانی کوردی و فارسی و لە بەشەکانی چیرۆک، چیرۆکی منداڵان، مێرمنداڵان و وتار، پێشکەش دەکرێن.

۱۳۹۶/۹/۲۰

چواردەیەمین فێستڤاڵی شانۆی کوردیی سەقز کۆتایی پێهات

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕە خۆجێیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چواردەیەمین فیستیڤاڵی شانۆی کوردیی سەقز، پاش چوار ڕۆژ کار و پیشاندانی 12 شانۆ و چەند پانێلی زانستی، بە دیاریکردنی سەرکەتووەکان، کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
 لە ڕێوڕەسمی کۆتایی فێستیڤاڵی شانۆی کوردیی سەقز، کەلە تەلاری "باخی ڤنووس"ی سەقز بەڕێوە چوو، بەپێی دەنگی داوەرانی فێستیڤاڵ (دکتۆر قوتبەدین سادقی، کوورش سلێمانی و عەلی زەفەر قەهرەمانی‌نژاد) لە بەشەکانی ڕازاندنەوەی پۆستەر، پەیکەر، دیپلۆمی شانازی و خەڵاتی نەختینەی فێستیڤاڵ بە بۆنەی شانۆی "ئەوانگەل" بەخشرایە هونەرمدنی بیجاڕی.

۱۳۹۶/۹/۱۴

کتێبێکی گرنگی نیچە کرایە کوردی

کتێبی "ئاوا ئاخافت زەردەشت" لە نووسینی فریدریش نیچە، نووسەر و بیرمەندی ئەڵمانی، کە بە گرنگترین بەرهەمی دێتە ئەژمار، لەلایەن هادی محەمەدی نووسەر و وەرگێڕی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی و بڵاو کرایەوە.
 لەمبارەوە هادی محەمەدی وەرگێڕ، لە لێدوانێکدا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەم کتێبە لەلایەن وەشانگەی "کانی کتێب" لە سنە و لە ئاستێکی کەمدا بڵاو کراوەتەوە و بەتەمایە لە داهاتوودا لە شوێنێکی دیکەش چاپی بکات".
 هادی محەمەدی وەک وەرگیڕێ کتێبی "ئاوا ئاخافت زەردەشت"، لە یاداشتێکدا نووسیویە: "لە وەرگێڕانی ئەم بەرهەمەدا سێ سەرچاوەی ئاڵمانی، ئینگلیسی و فارسیم لە بەردەستا بووە. ئەڵبەت دەقی ئاڵمانیم کردۆتە بنەما. بەپێی ئەزموون، ئەگەر بەرهەمێک لە زمانی دووهەم و سێهەمەوە وەربگێردڕێ، زۆرێک لە وشە و ماناکان دەشێوێن و دەگۆڕێن. دەبێ ئاماژە بەوەش بکەم کە لە ئەزموونی سی ساڵەی وەرگێڕی زانای ئێرانی، داریوش ئاشوری، زۆر سوودم وەرگرتووە، هەروەها بەشێک لە هەڵەکانیشم ڕاست کردووەتەوە". 

۱۳۹۶/۹/۱۲

کتێبێک لەبارەی ناسنامەی کولتووری و سینەمای کوردەوە چاپ کرا

کتێبی شوناسی فەرهەنگی و سینەمای کورد لە نووسینی د. خوسرەو سینا کە لە لایەن بڵاڤگەی لۆگۆسەوە چاپ کراوە، لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاپ و بڵاو کرایەوە.
 بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕە خۆجێیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم کتێبە لە لایەن د. خەسرەو سینا، نووسەر و دەرهێنەری بەناوبانگی کوردەوە لە دە بەش پێکهاتووە و بە پێشەکییەک لە د. فەرزان سجوودی، مامۆستای زانکۆی هونەری تاران لە 200 لاپەڕەدا چاپ کراوە.
 کتێبی شوناسی فەرهەنگی و سینەمای کورد، هەوڵێکە بۆ خوێندنەوە و پێناسەکردنی چیەتی و ناسنامە و ڕەوتی سینەمای کوردستان، یان بە گێڕانەوەیەکی ڕوونتر، پرسیار لە بوون یان نەبوونی وەها سینەمایەکە.

۱۳۹۶/۹/۱۱

بەرگێک لە شانامەی کوردی وەک باشترین کتێبی توێژینەوەی ساڵ هەڵبژێردرا

بەرگی یەکەمی "شانامەی کوردی - ڕووسەم و زووراو"  کە لە لایەن "د. بێهرووز چەمەن‌ئارا"ەوە ساغ‌ کراوەتەوە و پێشەکی بۆ نووسراوە، وەک باشترین کتێبی لێکۆڵینەوەی ساڵ لە پاڕێزگای سنە لە لایەن زانکۆی کوردستانەوە هەڵبژێردرا.
  ئەم کتێبە لە لایەن چاپەمەنی مانگ لە بانە و لە 353 لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە، د.کتۆر چەمەن‌ئارا کە ئێستا پرۆفیسۆری یاریدەرە لە بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی‌ لە زانکۆی کوردستان لە سنە، بە هەڵسەنگاندنی نۆ دەستنووسی، 1060 دێڕی شانامەی کوردی لەژێر ناوی چیرۆکی "ڕووسەم و زووراو"دا ساغ‌کردووەتەوە.
 ئەم کتێبە کە بە شێوازێکی شیاو لە لایەن چاپەمەنی مانگەوە کەوتووەتە بەر دیدی خوێنەران، چەند تایبەتمەندیی گرنگ لەخۆ دەگرێت کە لە لایەن د.چەمەن‌ئاراوە پێشەکییەکی چڕوپڕ بۆ بەرهەمەکە نووسراوە و لە نزیکه‌ی ٨٠ لاپەڕەدا، توێژەر هەوڵی داوە بە وردی ژانری شانامەی کوردی شی بکاتەوە.

۱۳۹۶/۹/۷

کۆبەرهەمی حەسەن قزڵجی لە هەولێر چاپ و بڵاو کرایەوە


کاتژمێر 3ی پاشنێوەرۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 2017/11/26 لە ماڵی وەفایی لە شاری هەولێر، لە ڕێوڕەسمێکدا کتێبی کۆبەرهەمی حەسەن قزڵجی، چیرۆکنووس، ڕەخنەگر و وەرگێڕی ناسراوی کورد لە ئامادەکردنی موحسین قزڵجی بڵاو کرایەوە.
 لە ڕێوڕەسمەکەدا کەلە (ماڵی وەفایی بۆ وتووێژی هزری، ئەدەبی و هونەری) ڕێک خرابوو، کۆمەڵێک، ئەدیب، نووسەر شاعیر و ڕۆشنبیری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادە بوون، سەرەتا زیرەک کەمال وەک سەرپەرشتیاری کتێبەکە لەبارەی ئامانجی پرۆژەکە بۆ ئامادەبوان قسەی کرد.
 زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمبارەوە گوتی: "ئەم کتێبە کە بەشێک لە بەرهەمەکانی حەسەن قزلجی، چیرۆکنووس، ڕەخنەگر و وەرگێڕی لەخۆ گرتووە، پێشنیارەکەی لە سمینارێکەوە هاتووە کە ساڵی پار لە ئەڵمانیا پێکهات و لە کۆتاییدا چەند ڕاسپاردەیەک دران و کە دوویان بریتی بوون لە نامەیەک بۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو کە تێیدا داوا کرابوو کۆ بەرهەمەکانی حەسەن قزلجی چاپ و بڵاو بکرێنەوە و هاوکات لە شاری هەولێر پەیکەرێکی بۆ ساز بکرێت.

۱۳۹۶/۷/۲۴

سنە.. کتێبی زمان و وێژه‌ی کوردی بۆ خوێندنی زانکۆ بڵاو کرایه‌وه‌

کتێبی "زمان و وێژه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی" له‌ شاری سنه‌ بۆ خوێندنی ئاستی زانکۆی کوردستان بڵاو کرایه‌وه‌.
 بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،‌ کتێبی "زمان و وێژه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی" له‌لایه‌ن د. به‌ختیار سه‌جادی، مامۆستای زانکۆ و بەڕێوەبەری بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان و مه‌زهه‌ر ئیبراهمی نووسراوه‌ و ڕه‌وانه‌ی بازاڕی کتێب کراوه‌.
 کتێبه‌که‌ له‌لایه‌ن بڵاوڤگه‌ی گوتار له‌ شاری سه‌قز له‌ چاپ دراوه‌.
 ئه‌م کتێبه‌ وه‌ک یه‌که‌م کتێبی زانکۆی کوردستان له‌ شاری سنه‌یه‌ که‌ بۆ وانه‌ وتنه‌ی فێرکاریی زمانی کوردی و له‌ ئاستێکی زانکۆی نووسراوه‌ته‌وه‌ و بڕیار و‌ایه‌ له‌ زانکۆی کوردستان لە سنە به‌ وانه‌ بگوترێته‌وه‌.
 ماوه‌ی سێ ساڵه‌  به‌شی زمانی کوردی له‌ زانکۆی کوردستان له‌ سنه‌ کراوه‌ته‌وه‌ و ساڵانه‌ نزیکهی‌ ۳۰ خوێنکاری زمانی کوردی وه‌رده‌گرێت.

۱۳۹۶/۷/۱۹

بەرهەمێکی دیکەی عەلی‌ئەشرەف دەروێشیان کرایە کوردی

چیرۆکەکانی ئەو ساڵانە، لە نووسینی عەلی‌ئەشرەف دەروێشیان نووسەری کوردی خەڵکی کرماشان، لەلایەن شەریف فەلاح شاعیر و وەرگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی.
 ئەم بەرهەمە پێنجەمین بەرهەمی وەرگێڕانی شەریف فەلاح و نۆیەمین کتێبی چاپکراوییە کە بە قەبارەی بچووک و لە دووتوێی 108 لاپەڕە و بە ئەژماری 100 دانە لەلایەن "چاپەمەنیی مانگ" لە بانە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
 چیرۆکەکانی ئەو ساڵانە، چوار چیرۆکی درێژی مێرمنداڵانی لەخۆ گرتووە کە بە قەڵەمی پڕ لە سیحری عەلی ئەشرەف دەرێشیان، نووسەری ناوداری کوردی فارسی نووسی کرماشان و بە ناوەرۆکی سیاسی، بەڵام بە زمان و دەربڕینی منداڵانە نووسراون و باس لە دۆخی کۆمەڵگەی کرماشان لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران دەکات.
 ئەم چوار چیرۆکەی دەروێشیان لە ساڵانی ڕابردوودا بە فارسی هەرکامەیان بەجیا چەند جار چاپ کراون و جارێکیش پێکەوە و لەژیر ناوی "قصەهای آن سالها" چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

۱۳۹۶/۵/۲۴

ڕۆمانی ژیانەوە بە کاتی سیروان چاپ و بڵاو کرایەوە

ژیانەوە بە کاتی سیروان، یەکەم ڕۆمانی چاپکراوی "مەنسوور تەیفووری" نووسەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بەم دواییانە لەلایەن ناوندەی غەزەڵنووس لە سلێمانی لە چاپ دراوە.
 ئەم ڕۆمانە بەسەرهاتی  مرۆڤێکی ئازار چێشتووی کۆمەڵگەی هاوچەرخی کوردییە، کە پاش چەندین ڕووداوی جیاجیا بڕیار دەدات چیڕۆکی ژیانی خۆی بگێڕێتەوە.
  یەکێک لە مۆرکە جیاوازەکانی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە کەسایەتیی سەرەکیی چیرۆکەکە تووشی چەندین نەخۆشیی دەروونی هاتووە کە یەکێک لەوانە ئێسکیزۆفرنییە.
 ڕۆمانەکە کەڵکی لە چەندین تێکنیکی مۆدێرنی گێڕانەوە وەرگرتووە و تێیدا چەندین گێڕەوەی جیاواز دوەر دەگێڕن.