۱۳۹۷/۲/۱۹

فەرهەنگێکی بەنرخ بە کتێخانەی ئەدەبی کوردی زیاد کرا



کامڵترین فەرهەنگی مێژووی زمان و ئەدەبیاتی کوردی بەناوی "فەرهەنگی زانستگەی کوردستان" کە خاوەنی 93 هەزار مەدخەل (دەروازە)یە و لەلایەن گرووپێکی کاری توێژینەوە لە "توێژینگەی" کوردستان‌ناسیی زانکۆی کوردستان لە سنە و بە سەرپەرستیی ماجید مەردۆخ ڕۆحانی لە چوار بەرگەدا چاپ و بڵاو کرایەوە.
ئەو فەرهەنگە گرنگە کە بە گەورەترین فەرهەنگی کوردی – کوردی و فارسی دێتە ئەژمار و ماوەی 10 ساڵە کاری لەسەر کراوە، دوێنێ سێشەممە 2018/5/8 لە زانکۆی کوردستان لە سنە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە نووسەر، شاعیر و ئەدیب و هونەرمەندانی کورد  بە فەرمی چاپ و بڵاو کرایەوە.


دکتۆر ئومید قادرزادە، سەرۆکی توێژینگەی کوردستانناسیی زانکۆی سنە لەو ڕێوڕەسمەدا ڕای گەیاند، ناوەندی کوردستانناسی کە ساڵی 2000 دامەزراوە و بە شێوەیەکی زانستی، توێژینەوەیی کاری زۆری فەرهەنگیی کردووە و دەیان کۆڕ و سیمینار و کۆنگرەی فەرهەنگیی بەرێوە بردووە و سەرەنجام ساڵی پێشوو مۆڵەتی وەک توێژینگە بەرز کراوەتەوە و هەتا ئێستا 35 کتێبی جۆراوجۆری چاپ و بڵاو کردووەتەوە.


لەو ڕێوڕەسمەدا دکتۆر بەختیار سەجادی، بەڕێوەبەری بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی لە زانکۆی کوردستان ڕای گەیاند: "یەکەم فەرهەنگی کوردی 330 ساڵە لەمەوپێش بەناوی "نەوبەهار" لەلایەن ئەحمەدی خانی‌یەوە نووسراوە کە لەگەڵ دووەمین فەرهەنگی نووسراوی کوردی کە لەلایەن شێخ مەعرووفی نۆدهی‌یەوە نووسراوە، 140 ساڵە مەودای زەمەنییان هەیە.

بەختیار سەجاری ئاماژەی بەوەش کرد: "لە سەدەی بیستەمەوە هەتا ئەمڕۆ زیاتر لە 100 فەرهەنگی کوردی نووسراون، کە زۆربەیان فەرهەنگی ناو و فەرهەنگی زاراوە و وشەکانن و تەنیا 20 دانە لەو فەرهەنگانە ناچنە ئەو خانەیەوە، کە گرنگتینیان فەرهەنگی "هەنبانەبۆرینە"ی ماۆستا هەژارە.

ئەو نووسەر و مامۆستایەی زانکۆی کوردستان کە بەرپرسیارێتیی چاودێریی ئەو فەرهەنگەی لە ئەستۆ بووە، ڕاشی گەیاند: "فەرهەنگی چوار بەرگیی کوردی – کوردی – فارسیی (زانستگەی کوردستان) کە زیاتر لە 10 ساڵە بە هەوڵ و تەقالای بێوچانی توێژەران کاری لەسەر کراوە، کە زیاتر لە 93 مەدخەل و نایابترین فەرهەنگی نووسراوە لە ئەدەبیاتی کوردیدا.


ماجید مەردۆخ ڕۆحانی، کە سەرپەرستیی ئەو فەرهەنگەی لە ئەستۆ بووە، لە کۆتاییدا وێڕای خۆشحاڵی لە چالاکییەکانی بواری فەرهەنگی و زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان لە سنە، گوتی: "ئیستا زانکۆی کوردستان تەنیا لە بواری جوگرافییەوە بەناوبانگ نییە، بەڵکوو ناوەرۆکی توێژینەوەیی و بەرهەمی بەنرخی لەگەڵ کۆمەڵگەی کورد و کوردستان هەیە و خەریکە لە وباری زمان و ئەدەبی کوردیدا ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی دەگێڕێت.

ئەو نووسەر و توێژەرە کوردە لەبارەی تایبەتمەندییەکانی ئەو فەرهەنگەوە گوتی: "فەرهەنگی زانستگەی کوردستان لەخۆگری زیاتر لە 93 هەزار مەدخەل، 86 هەزار و 826 لێکدراوی کرداری و ناویی جیاواز، گەردان و شیکارییە. لە پێنج هەزار و 171 چاوگ و 15 هەزار 780 بەڵگە و نموونە پێکهاتووە و هاوکات زیاتر لە یەک ملیۆن وشە، شەش هەزار و 418  بیاڤی واتایی و 26 هەزار و 808 سەرچاوەیە.

  لەو ڕێوڕەسمەدا غوڵامڕەزا کەریمی‌دووستان، یەدوڵا پەشابادی و هادی مورادی لەبارەی تایبەتمەندییەکانی فەرهەنگی زانستگەی کوردستان قسەیان کرد.


لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا لە دکتۆر بەختیار سەجادی، ماجید مەردۆخ‌ڕۆحانی، مەهدی سەنەندجی، مەحیەدین کەریمی، محەمەدژیان ئەمینی یەدوڵا پەشابادی، وەک هاوکارانی ئەو فەرهەنگە هاوکارانی ئەو فەرهەنگ ڕێزیان لێ گیرا.

هاوکات چەندین کەسی دیکە وەک هاوکار و یارمەتیدەری ئەو فەرهەنگ ڕێزیان لێ گیرا و خەڵات کران.



هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر