جەلال مەلەکشا، شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی ناسراوی کوردی خەڵکی سنە، چەند ڕۆژێکە باری تەندروستیی ناجێگیرە و لە نەخۆشخانەی سنە لەژێر چاودێریی پزیشکی دایە.
بەپێی زانیارییەکان ئێستا جەلال مەلەکەشا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سنە لەژێر چاودێری چڕی پزیشکی دایە و لەلایەن دۆستان و دڵسۆزانی شاعیرەوە تیمێکی پسپۆڕی پزیکشیی بۆ تەرخان کراوە.
پرسی نەخۆشکەوتنی جەلال مەلەکشا ماوەی چەند ڕۆژە لە ئاستی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە و بە دەیان کەس شیعر و بابەت و زنیارییان لەبارەی بڵاو کردووەتەوە.
جەلال مەلەکشا سالی 1333ی هەتاوی (1964ی زایینی) لە گوندی مەلەکشا سەر بە شاری سنە لەدایک بووە. ھەر لە شاری سنە خوێندوویەتی و بڕوانامەی دیپلۆمی وەرگرتووە. لە منداڵییەوە ھۆگری شیعر و نووسین بووە.
جەلال وەکوو مروڤێکی ئاشتیخواز نەیتوانی لە ھەمبەر زوڵم و زۆردا چاو بنووقێنی و قەڵەمی لە مەیدانی خەبات دژ بە زوڵمدا تاو داوە و لە سۆنگەی ئەم باوڕەوە تووشی دەردیسەر و ئازاری زیندانی زۆر بووە.
مەلەکشا شاعیرێکی دەرەوەست و نەتەوەییە کەلە سەرەتاوە بە فارسی شیعر و پەخشان و چیرۆکی نووسیوە و لەبەر ھێز و پێزی لە نووسیندا بە بێ ئەوەی کتێبی چاپکراوەی ببێ، کراوەتە ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران.
مەلەکشا لە دەیەکانی چل و پەنجای هەتاوی بەهۆی چالاکیی سیاسی لەدژی حکوومەتی پاشایەتی، ماوەیەک لە گرتووخانە بووە و دواتر و پاش شۆڕشی گەلانی ئێرانیش بەهۆی بیروباوەڕی سیاسی و بۆچوونی جیاواز و نووسینی ڕەخنەگرانەوە بۆ چەندین جار لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە زیندانی کراوە و بەشێکی زۆر لە ژیانی لە دەرد و ڕەنج و دژواریدا بووە و وەک خۆی دەڵێ بەشێک لە شیعرە بەهێزەکانی زادەی کونجی زیندان و کاتی کەلەپچە و پاوانن.
مەلەکەشا لە ساڵی 1979 بەملاوە بە شێوەی جیدی دەست دەکا بە نووسین بە زمانی کوردی و لە کوردی نووسینیشدا سەرکەوتنێکی بەرچاوی دەبێت.
پاش دامەزراندنی گۆڤاری سروە لە ورمێ لەلایەن مامۆستا هێمنەوە بانگهێشت دەکرێت بۆ ماوەی ١٤ ساڵ وەکوو نووسەر و ڕۆژنامەوان دەبێتە ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سروە وەک بەرپرسی بەشەکانی شیعر و چیرۆک و وەڵامی نامەی نووسەران، هاوڕێ لەگەڵ ئەحمەدی قازی، سوارە فتووحی، مارف ئاغایی و دەیان نووسەری دیکە خزمەتێکی بەرچاو بە زمان و ئەدەبی هاوچەرخی کوردی دەکەن.
مەلەکشا لە بواری شیعر و چیرۆکی کوردی و فارسیدا خاوەن گەلێک بەرهەمە و هاوکات لە بواری وەرگێڕانیشدا دەستێکی باڵای هەبووە و چەند بەرهەمێکی گرنگی وەرگێڕاوە، بەڵام بەهۆی بێدەرەتانی و هاوکات سانسۆری دامودەزگا فەرهەنگییەکانی ئێران، تەنیا دوو کۆمەڵە شیعر و کۆمەڵە چیرۆکێکی بەناوی (زڕەی زنجیری وشە دیلەکان، بەشێک لە شێعرەکانی جەلال مەلەکشا و کارەسات) چاپ و بڵاو کراونەتەوە.
شیعرەکانی جەلال تا ئێستا بە زمانەکانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، لیبیایی، سویدی و... وەرگێڕدراون.
جەلال مەلەکشا ماوەی چەند ساڵێکیش ئاوارەی هەرێمی کوردستان بووە و لەوێ سەرنووسەری گۆڤاری (پرشنگ) بووە کە پێنج ژمارەی لێ چاپ کراوە و پاشان لە دامەزراوەی فەرهەنگیی ئەندێشەی ئەحمەدی خانی لە ورمێ چالاک و سەرقاڵی ڕاهێنان و پەروەردەوی نووسەر و ئەدیبانی گەنجی کورد بووە.
شیعری جەلال مەلەکشا، یەکێکە لە شیعرە بەهێزەکانی ئەدەبی هاوچەرخی کورد، شیعری جەلال سادە، بێ گرێ و گۆڵ، هاوکات ڕەسەن و تژییە لە مانا و لێوانلێوە لە خەم و بڕک و ژان. ژیانی ئەستەم و دژواری خۆی کاریگەرییەکی ئیجگار مەزنی لە شیعر و نووسینیدا داوەتەوە. شیعری مەلەکشا لەلایەک لە ڕەهەندەکانی ژان و ئازاری ئینسانی، کەموکووڕی و نایەکسانییە کۆمەلایەتییەکان، لەلایەکی دیکەشەوە باسکردن ڕەوش و گوزەرانی تاکەکەسیی خۆی، ژانە ڕۆحییەکان، زەخت و گوشاری ژیانی لەخۆ گرتوووە. هاوکات شیعری جەلال شیعرێکی قووڵ، هەرمان و هەڵگری توخم و مۆتیڤە ئوستوورەیی و مێژووییەکانە. ڕوانگە فەلسەفییەکانی جەلال و شارەزایی لە بواری چەمکە ئەفسانەییەکان یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مەلەکشایە کەلە شاعیرانی دیکەی جیا دەکاتەوە. لە گشت گرنگتر شیعری جەلال شیعرێکی نەتەوەیی و دەروەستە، هاوکات چوارچێوە نوێخوازییەکانیشی پاراستووە و لەگەڵ شاعیرانی دەیەی پەنجا و شەستی هەتاوی (70و 80ی زایینی) و نەوەی نوێشدا هەتا ڕادەیەک خۆی گونجاندووە.
بەرهەمی مەلەکشا هیچکات لە هەمبەر نەریت و تایبەتمدندیییە ڕۆژانەکاندا کۆڵی نەداوە و هەر ئەم خەسڵەتە بووەتە هۆی ئەوەی شیعرەکانی هەردەم نوێ بن. عەشقی ڕۆمانتیک لە شیعری مەلەکشادا لە خزمەتی ئەندێشەی ڕزگاربوونە لە ستەم و چەوسانەوەی نەتەوەییدایە. جەلال سەرکوت و ستەم و دیکتاتۆری بە بەربەستێکی بەردەم گەیشتن بە ئەشقی خەیاڵیی خۆی دەزانێت. لەخۆبردوویی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، هیچکات لە شیعری مەلەکشا جیا نەبۆتەوە، چاوەڕوانی، بێ مانایی سەردەم و جۆرێک لە نهێلێزم لە سەرەتای شیعری جەلالدا دەبینرێت، کە سەرەنجام پاش چەشتنی ئازار و ڕەنجی زۆر، شاعیر چەشنی کێوی ئاویەر، هێشتا سەربەخۆ، خۆڕاگر و کۆڵنەدەرانە لە نووسین بەردەوامە و هیچکاتێ شیعر و نووسین و قەڵەمەکەی نەکردووەتە قوربانیی ناوونیشان و پلە و پایە.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر