کتێبی "ئاوا ئاخافت زەردەشت" لە نووسینی فریدریش نیچە، نووسەر و بیرمەندی ئەڵمانی، کە بە گرنگترین بەرهەمی دێتە ئەژمار، لەلایەن هادی محەمەدی نووسەر و وەرگێڕی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی و بڵاو کرایەوە.
لەمبارەوە هادی محەمەدی وەرگێڕ، لە لێدوانێکدا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەم کتێبە لەلایەن وەشانگەی "کانی کتێب" لە سنە و لە ئاستێکی کەمدا بڵاو کراوەتەوە و بەتەمایە لە داهاتوودا لە شوێنێکی دیکەش چاپی بکات".
هادی محەمەدی وەک وەرگیڕێ کتێبی "ئاوا ئاخافت زەردەشت"، لە یاداشتێکدا نووسیویە: "لە وەرگێڕانی ئەم بەرهەمەدا سێ سەرچاوەی ئاڵمانی، ئینگلیسی و فارسیم لە بەردەستا بووە. ئەڵبەت دەقی ئاڵمانیم کردۆتە بنەما. بەپێی ئەزموون، ئەگەر بەرهەمێک لە زمانی دووهەم و سێهەمەوە وەربگێردڕێ، زۆرێک لە وشە و ماناکان دەشێوێن و دەگۆڕێن. دەبێ ئاماژە بەوەش بکەم کە لە ئەزموونی سی ساڵەی وەرگێڕی زانای ئێرانی، داریوش ئاشوری، زۆر سوودم وەرگرتووە، هەروەها بەشێک لە هەڵەکانیشم ڕاست کردووەتەوە".
لە درێژەی یاداشتی وەرگێڕدا هاتووە: " بۆوەی ئەم بەرهەمە پوخت و پاراو بێت، ڕەنگە زیاتر لە دە جار ئێدیتم کردووە. جارێکیش هەر سێ دەقی کوردی و فارسی و ئاڵمانی م، ڕستە بە ڕستە و، لە هەندێ بابەت دا، وشە بە وشە بەراورد کردووە، سەرەڕای ئەمەش، ئەگەر تەمەن مەودا بدات دیسانیش ئێدیتی دەکەمەوە، چونکە وەرگێڕانی شاکارێکی مەزنی وەکوو "زەردەشت"ی نیچە کارێکی هەروا ئاسان نییە، بە وتەی ڤۆلکێر شتین بلۆک، زمانی نیچە زمانێکی هۆنەرانە، سروودبێژانە و پێغەمبەرانەیە... لە سەردەمی مارتین لووتێر [1500-ز]بەملاوە، تا ئێستا کەس نەیتوانیوە وەکوو نیچە لە زمانی ئاڵمانی دا بە ترۆپک بگا."
هادی محەمەدی، نووسەر و وەرگێڕی خەڵکی شاری "کامیاران"ی سەر بە سنەیە و ساڵانێکە لە بواری زمان و فەرهەنگی کوردیدا کار دەکات و لە ساڵانی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە دە کتێبی لە بوارەکانی "فەلسەفە، تیۆریی ئەدەب، فکر و زمان و ئەدەبی کوردی وەرگێڕاوە و بە یەکێک لە وەرگێڕە باش و جیدییەکان دێتە ئەژمار و چەند ساڵێکە دانیشتووی ئەڵمانیایە.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر