بەرگی یەکەمی "شانامەی کوردی - ڕووسەم و زووراو" کە لە لایەن "د. بێهرووز چەمەنئارا"ەوە ساغ کراوەتەوە و پێشەکی بۆ نووسراوە، وەک باشترین کتێبی لێکۆڵینەوەی ساڵ لە پاڕێزگای سنە لە لایەن زانکۆی کوردستانەوە هەڵبژێردرا.
ئەم کتێبە لە لایەن چاپەمەنی مانگ لە بانە و لە 353 لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە، د.کتۆر چەمەنئارا کە ئێستا پرۆفیسۆری یاریدەرە لە بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆی کوردستان لە سنە، بە هەڵسەنگاندنی نۆ دەستنووسی، 1060 دێڕی شانامەی کوردی لەژێر ناوی چیرۆکی "ڕووسەم و زووراو"دا ساغکردووەتەوە.
ئەم کتێبە کە بە شێوازێکی شیاو لە لایەن چاپەمەنی مانگەوە کەوتووەتە بەر دیدی خوێنەران، چەند تایبەتمەندیی گرنگ لەخۆ دەگرێت کە لە لایەن د.چەمەنئاراوە پێشەکییەکی چڕوپڕ بۆ بەرهەمەکە نووسراوە و لە نزیکهی ٨٠ لاپەڕەدا، توێژەر هەوڵی داوە بە وردی ژانری شانامەی کوردی شی بکاتەوە.
لەم پێشەکییەدا، سەرەڕای چۆنیەتیی کۆکردنەوە و ساغکردنەوەی کتێبەکە، ههوڵ دراوه چوارچێوەیەکی تیۆری بۆ ئەدەبی حەماسی و پاڵەوانی کوردی دابڕێژرێت و تێیدا سێ لایەنی گێڕانەوەی ئوستوورەیی، ئایینی و مێژوویی شی کردووەتەوە و دواتر باس لە "ئەدەبی گۆران" کراوە و لەو ڕێگەوە هەندێک لە تایبەتمەندییە پێکهاتییەکانی شانامەی کوردی خراوەتە ڕوو.
دوای ئەم پێشەکییە دەقی چیرۆکی ڕووسەم و زووراو هاتووە و لە کۆتایی کتێبەکەدا هەمان دەقی پێشەکی بە زمانی فارسی وەرگێڕدراوە و، وەک هاوپێچ تێیدا گونجێندراوە.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر