۱۳۹۶/۱۲/۲۲

یەکەمین کتێبی فێرکاریی بەشی زمان و وێژەی زانکۆی کوردستان لە سنە چاپ کرا



یەکەمین پەرتووکی فێرکاریی بەشی زمان و وێژەی کوردیی زانستگای کوردستان بۆ وانەی ‌"وشەناسی" لە ئاستی کارناسیدا بە قەڵەمی سەعید کەرەمی و لە ژێر چاودێریی توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانستگای کوردستان لە سنە چاپ و بڵاو کرایەوە.
 بەپێی هەواڵ و زانیاریی پەیجی فەرمی و کەناڵی تەلەگرامی بەشی کوردیی زانکۆی کوردستان، ئەو کتێبە یەکەم کتێبی فێرکاریی بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆی کوردیی سنەیە کە بۆ وانەی مۆرفۆلۆژیی زمانی کوردی (وشەناسیی زمانی کوردی) لە ئاستی کارناسیی باڵا و لەژێر چاودێریی توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانکۆی سنەدا چاپ کراوە و بڕیارە ئەو کتێبە ساڵی داهاتوو وەک سەرچاوەی سەرەکیی وانەی "وشەناسی"، یان مۆرفۆلۆژیی قۆناغی یەکەم بۆ ئاستی کارناسیی باڵا لەلایەن بەشی کوردیی زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆی کوردستان لە سنە کەڵکی لێ وەربگیرێت.

 بە گوتەی نووسەری ئەو کتێبە ئێستا سەرقاڵی نووسینی بەرگەکانی دیکەی ئەو کتێبەیە و بەتەمایە کتێبی مۆرفۆلۆژیی کورمانجی و هەورامی (دوو شێوەزاری دیکەی زمانی کوردی)یش چاپ و بڵاو بکاتەوە.
 ڕۆژی یەکشەممە 2018/3/11 لە کۆلێجی زمان و ئەدەبیاتی زانستگای کوردستان لە سنە کۆڕێک بۆ لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی پەرتووکی "وشەناسیی زمانی کوردی" تایبەت بە شێوەزاری سۆرانی بە قەڵەمی سەعید کەرەمی ڕێک خرا.
 لە سەرەتادا د. ئومید قادرزادە وەکوو بەڕێوەبەری توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانستگای کوردستان لەسەر کار و چالاکییەکان، هەروەها بەرنامەکانی دیکەی توێژینگە بۆ ساڵی داهاتوو دوا.
 پاشان پەنێلێکی زانستی لە لایەن مامۆستایان، د. یادگار کەریمی، د. ڕەحمان وەیسی و د. زانیار نەقشبەندی بەڕێوە چوو؛ لەم پەنێلەدا جەخت کرایە سەر تایبەتمەندی و لایەنە جیاجیاکانی کتێبەکە و پاشان هەندێک پێشنیار و ڕەخنە ئاراستەی بەرهەمەکەی کاک سەعید کەرەمی کرا.
 لە دوابەشی کۆڕەکەدا چەند پرسیارێک ئاراستەی مامۆستایان و دانەری کتێبەکە کرا.
 شیاوی ئاماژەیە سەعید کەرەمی بەرگێک لە پەرتووکە تازە چاپ‌کراوەکەی خۆی وەک دیاریی نەورۆزانە پێشکەشی هەر خوێندکارێکی بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانستگای کوردستان کرد.
 شایانی باسە ئەم پەرتووکە، ئەگەری زۆری هەیە کە لە ساڵی داهاتووەوە و لە لایەن بەشی کوردییەوە وەکوو سەرچاوەی سەرەکیی وانەی "وشەناسی" بۆ تێرمی یەکی کارناسیی بەشی کوردی پەسەند بکرێت.
 وێڕای ئەمەش، سەعید کەرەمی ئێستا سەرقاڵی نووسینی بەرگ‌گەلی دیکەی ئەم کتێبەیە و تا ماوەیەکی تر وشەناسیی هەورامی و کورمانجیش لە چاپ دەدرێت.




هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر