کۆمەڵە شیعری "دەمگرن ڕۆژێ بە شەرابی پێکەنینتەوە" کە سێیەمین کۆمەڵە شیعری، فەریدوون ئەرشەدی، شاعیری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە لایەن "چاپەمەنیی مانگ"ەوە چاپ و بڵاو کرایەوە.
فەریدوون ئەرشەدی، لەمبارەوە لە لێدوانێکدا بۆ (باسنیوز) گوتی: "ئەم شیعرانە بەشێکن لە کۆمەڵە شیعرێکی ئاشقانە کە لە نێوان ساڵانی2005 /2006 ی زایینی لە ئەڵمانیا نووسراون".
ئاماژەی بەوەش کرد: "لەم کۆمەڵە شیعرانەدا کە پاش دوو کۆمەڵە شیعری "بەرد" و "نامەکانی غوربەت"، بڵاو بووەتەوە، سێیەمین کتێبی شیعریی منە، لەحن و بەیان و داڕشتنێکی جیاوازتر لە شێوەی نووسینی شیعرەکانی "بەرد و نامەکانی غوربەت"، تاقی کراوەتەوە و ڕیتم و فەزا و بەگشتی فۆرمی شیعرەکان لەم کتێبەدا خێراتر و تێکپێچراوترن".
کۆمەڵە شیعری "دەمگرن ڕۆژی بە شەرابی پێکەنینتەوە"، زستانی 1396ی هەتاوی (2018)ی زایینی لە82 ڵاپەڕە و لە1000 بەرگدا، لە لایەن" چاپەمەنی مانگ" لە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
فەریدوون ئەرشەدی، ساڵی 1340ی هەتاوی (1962ی زایینی) لە شاری سنە لەدایک بووە و سەرەتای کاری ئەدەبی و شیعرنووسینی بە زمانی فارسی بووە و لە سەرەتای دەیەی 60ی هەتاوییەوە بە شێویەکی جیدی دەستی بە نووسینی شیعری کوردی کردووە و لە بوارەکانی ڕۆژنامەگەری و کاری میدیاییشدا لە گۆڤاری "سروە" و حەفتەنامەی "سیروان" و تەلەفزیۆنەکانی "تیشک و کوردستان تیڤی" کاری کردووە و خاوەن ئەزموونێکی زۆرە، لە بواری شیعردا بە یەکێک لە دەنگە دیار و کاریگەرەکانی شیعری نوێی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دێتە ئەژمار و لە پۆلێنکردنی شیعری هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتدا خاوەن سەنگی خۆیەتی.
ساڵی 1378ی هەتاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی جێ هێشتووە و ماوەی چەند ساڵێک لە باشووری کوردستانیش نیشتەجێ بووە و پاشان ڕووی لە وڵاتی ئەڵمانیا کردووە، هەرچەند لە کوردستان دوورە، بەڵام هیچکات تاراوگە نەبووەتە هۆی دابڕانی لە شیعر و ئەدەب و خەم و ئازارەکانی نیشتمان و ئەزموونە شیعرییەکانی ئەم دوایەی کە لێوانلیون لە راسان و هەستانەوەی شۆڕشی نوێی ڕۆژهەڵات، بە زمان و دەربڕینی شیعر دێنێتە زمان.
نموونەیەک لە شیعری کۆمەڵە شیعری "دەمگرن ڕۆژی بە شەرابی پێکەنینتەوە"
هەرایە لە گیانمدا
هەرا،
کە مەی دەگێڕی بە ڕەگانمدا بێ باک.
دەمگرن ڕۆژێ، بە شەرابی پێکەنینتەوە
مەست.
ڕسوا دەبم دڵنیام،
بە چارەی ماندووانی ئەوینی شاراوە،
کە شیوەنە بەردەوام
لە مەیخانەی دڵمدا
بێ تۆ.
هەرا،
کە مەی دەگێڕی بە ڕەگانمدا بێ باک.
دەمگرن ڕۆژێ، بە شەرابی پێکەنینتەوە
مەست.
ڕسوا دەبم دڵنیام،
بە چارەی ماندووانی ئەوینی شاراوە،
کە شیوەنە بەردەوام
لە مەیخانەی دڵمدا
بێ تۆ.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر