بەپێی هەواڵی میدیا خۆجێیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پاش پێنج ساڵ ڕاگیران، ئەمڕۆ سێشەممە 2017/12/12 یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی چیرۆکی بانە بە ئامادەبوونی نووسەر و چیرۆکنووسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی بە کار و چالاکییەکانی کرد.
بە گوتەی محەمەدسدیق کەریمپوور، بەڕێوەبەری یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی چیرۆکی بانە، ئەم خولەی فێستیڤاڵ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و هەتا ڕۆژی پێنجشەممە 2017/12/14 دەخایەنێت و تێیدا 67 بەرهەم بە دوو زمانی کوردی و فارسی و لە بەشەکانی چیرۆک، چیرۆکی منداڵان، مێرمنداڵان و وتار، پێشکەش دەکرێن.
ئەو بەرپرسەی فێستیڤاڵ ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرجەم یەک هەزار و 68 بەرهەم بە هەردوو زمانی کوردی و فارسی گەیشتوونەتە دەبیرخانەی فیستیڤاڵ و پاش هەڵسەنگاندن و ڕای داوەران، 60 بەرهەم لە چیرۆکی کوردی و فارسی و 6 وتار و 7 وتار لە بەشی ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵان لەم خولەی فێستیڤاڵ پێکەوە پێشبڕکێ دەکەن.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە خولی ئەمساڵیشدا کۆمەلێک نووسەر و ئەدیبی ناسراوی کورد و فارس لە ناوخۆ و دەرەوە بانگهێشت کراون و هاوکات ڕێز لە کەسایەتی و قەڵەمی "فەتاح ئەمیری" نووسەر و ڕۆماننووسی ناسراوی کورد و حوسێن میرعابدینی نووسەری ناسراوی فارس دەگیرێت.
کەریمپوور، ئاماژەی بەوەش کردووە کە خوێندنەوە و داوەرانی ئەم خولەی فیستیڤاڵ لە ەبشی چیرۆکی فارسیدا بریتی بوون لە: "محەمەد ڕەحیمیان، ناسر یەزدانی و ئومێد ڕەحمانی" و داوەرانی بەشی کوردیش "مراد ئەعزەمی، ئەمجەد غوڵامی و محەمەدسدیق کەریمپوور" بوون.
لە بەشی وتارەکانیشدا مەسعوود بینەندە، فواد جیهانی و فریا یوونسی و لە بەشی ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵانیشدا نەسرین جەعفەری، لەیلا ساحێ و شەریف محەمەدی چیرۆکەکانیان خوێندووەتەوە و داوەری سەرەتایی بوون.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر