چیرۆکەکانی ئەو ساڵانە، لە نووسینی عەلیئەشرەف دەروێشیان نووسەری کوردی خەڵکی کرماشان، لەلایەن شەریف فەلاح شاعیر و وەرگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی.
ئەم بەرهەمە پێنجەمین بەرهەمی وەرگێڕانی شەریف فەلاح و نۆیەمین کتێبی چاپکراوییە کە بە قەبارەی بچووک و لە دووتوێی 108 لاپەڕە و بە ئەژماری 100 دانە لەلایەن "چاپەمەنیی مانگ" لە بانە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
چیرۆکەکانی ئەو ساڵانە، چوار چیرۆکی درێژی مێرمنداڵانی لەخۆ گرتووە کە بە قەڵەمی پڕ لە سیحری عەلی ئەشرەف دەرێشیان، نووسەری ناوداری کوردی فارسی نووسی کرماشان و بە ناوەرۆکی سیاسی، بەڵام بە زمان و دەربڕینی منداڵانە نووسراون و باس لە دۆخی کۆمەڵگەی کرماشان لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران دەکات.
ئەم چوار چیرۆکەی دەروێشیان لە ساڵانی ڕابردوودا بە فارسی هەرکامەیان بەجیا چەند جار چاپ کراون و جارێکیش پێکەوە و لەژیر ناوی "قصەهای آن سالها" چاپ و بڵاو کراوەتەوە.