۱۳۹۶/۱۱/۱۲

بەیاننامەی کانوونی نووسەرانی کوردستان سەبارەت بە عەفرین

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
ئازادیخوازان و تێکۆشەرانی دیموکراسیخواز
ناوەندە مرۆڤدۆستەکانی جیهان

وەک هەموو لایەک دەزانن ئەرتەشی داگیرکەری تورکیە، لەژێر کاریگەریی هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی ئەو وڵاتەدا، بە پێشڕەویی ئەردوغان، سەرۆککۆماری ئیسلامگەرای ئەو وڵاتە، هەروەها پاش گەڵاڵەی هاوبەش لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی تاران بۆ پاشەکشەکردن بە پێشکەوتنەکانی چەند ساڵی ڕابردووی نەتەوەی کورد و قڕکردنی ئەم نەتەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بێهیواکردنی نەتەوەکەمان لە وەدیهێنانی ئامانجە دێرینەکانی، دەستی داوتە هێرشێکی هۆڤانە و تاوانبارانە بۆ سەر کانتۆنی عەفرین و کوشتنی ژن و مناڵ و خەڵکی سیڤیلی ئەو دەڤەرە. ئەو هێرشە کۆمەڵکوژییە بە بیانووی لەنێوبردنی تیرۆریزم و سەقامگیرکردنی سنوورەکانی تورکیە دەستی پێ کردووە، کەچی هەموو دنیا دەزانێت ئەمە بیانوویەکی پووچە و ئەگەر تیرۆریستێک لەم شەڕەدا هەبێت، ئەوا ڕێژیمی داگیرکەری تورکیە و تیرۆریستە بەدناوەکانی بەرەی نوسڕە و گرووپەیلە خوێنڕێژە ئیسلامییەکانی سەر بە ئەردۆغانن، کە دیموکراتیکترین و ئارامترین بەشی وڵاتی بەڵالێدراوی سووریەیان کردووەتە ئامانج.
ئێمە لێرەدا ڕوومان لە سووریە نییە، کە بەرسڤی بەناو خاکەکەی بدا، چونکە ئەویش داگیرکەرێکی دیکەی خاکی پیرۆزی کوردستانە و لە پلانی هاوبەشی داگیرکەرانی تورکیە و ڕێژیمە تائیفەگەراکەی تاراندا بەشدارە. بەڵکو ڕوومان لە بیروڕای جیهانی و ناوەندە مرۆڤدۆست و مافپەروەرەکانە، کە سەرنجی زیاتر بخەنە سەر ئەو کردەوە جینایەتکارانەیەی تورکیە و گوشار بخەنە سەر وڵاتە زلهێزەکان بۆ ڕاگرتنی ئەو کۆمەڵکوژییە و ئەو پرسیارە بەرەوڕووی جیهان بکەنەوە، کە ئایا سەقامگیرترین و خەڵکی‌ترین و دیموکرات‌ترین بەشی وڵاتی بەڵالێدراوی سووریە، مەترسییە بۆ ئاسایش، یان ڕێژیمێکی داگیرکەری وەکو تورکیە، کە دڵڕەشترین و تاوانبارترین تیرۆریستە ئیسلامییەکانی خزاندووەتە بن‌باڵی خۆی و خەڵکی سیڤیل قەڵاچۆ دەکات؟ ئاخۆ هەر ڕێژیمی تورکیە نەبوو کە هاوکاری داعش بوو؟ ئاخۆ داعش لە ماوەی تەمەنی ڕەشیدا هاوسنووری تورکیە نەبوو، کەچی ئەردۆغان هەستی بە ئاسایش دەکرد؟
ئێمە وەک "کانوونی نووسەرانی کوردستان" وێڕای مەحکومکردنی تاوانەکانی ئەرتەشی داگیرکەری ئەردۆغان و گەلەکۆمەی هۆڤانەی داگیرکەرانی کوردستان بۆ لەنێوبردنی ئەزموونی دێمۆکراتیکی نەتەوەکەمان، کە بەڕاستی لەنگەری ئارامی و ئاسایشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەڵالێدراودا، داوا لە هەموو ئازادیخوازانی جیهان دەکەین گوشار بخەنە سەر دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ناوەندە جیهانییەکان بۆ ڕاگرتنی ئەو کۆمەڵکوژییە و گەڕانەوەی ئاسایش بۆ خەڵکی خۆڕاگری ئەو دەڤەرە. هەروەها داوا لە سیاسەتمەدارانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکەین، کە بە سادەیی بەسەر ئەو جینایەتەدا تێنەپەڕن، کە لە بنگوێی ئەواندا ڕوو دەدات و بەکردەوە بەرانبەر بەو داگیرکارییە ڕاوەستن، چونکە بەشێکی بیانووی هێرشەکە بە هۆی بوونی هێزەکانی ئەوانە لە خاکی کوردستاندا.

کانوونی نووسەرانی کوردستان

۱ی فێبریڤەری ٢٠١٨

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر