‏نمایش پست‌ها با برچسب شیروان یاری. نمایش همه پست‌ها
‏نمایش پست‌ها با برچسب شیروان یاری. نمایش همه پست‌ها

۱۳۹۶/۹/۲۳

مێژووی رۆژنامەگەریی کوردی لە رۆژھەڵاتی کوردستان و گۆڤاری "سروە" لە دیمانە لەگەڵ ئەحمەد قازی



سازدانی: شیروان یاری
وەرگێڕانی: شەریف فەلاح
ـ بەڕێز ئەحمەدی قازی بەو پێیەی پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلان لە ئێران، ئێوە یەکێک لە پێشەنگانی  خاوەن ئەزموون و بە پێشینەی بواری رۆژنامەگەریی کوردی بوون کە بە گۆڤاری "سروە"وە دستتان پێکرد، پێمان خۆشە سەرەتا لەبارەی کورتە مێژووی  رۆژنامەگەریی کوردی لە رۆژھەڵات بۆمان بدوێی کە بەڕای ئێوە بۆ کەی دەگەڕێتەوە و چ کەسانێک لە دەستپێک و وەگەڕ خستنی ئەم رێگا پڕ ھەوراز و نشێوەدا دەوریان ھەبووە؟
ئەحمەد قازی: سەرەتا وێڕای دەستخۆشی لە ھەوڵ و ماندووبونە ژۆرنالیستییەکانی سیروان، ھیوای بەردەوامیتان بۆ دەخوازم. رۆژنامەگەری یان ژۆرنالیزمی کوردی لە رۆژھەڵاتی کوردستان، خاوەن مێژوویەکی تایبەتە، ئەگەر بمانەوێ لە روانگەیەکی گشتییەوە بڕوانینە مێژووی رۆژنامەگەری لە لە ئێران و جیھان، باسێکی دوورو درێژ و تێروتەسەل ھەڵدەگرێت، بەڵام لەم دەرفەتە کورتەدا تەنیا دەمەوێ بپەرژێمە سەر تاوتوێ و شیکردنەوەی مێژووی چاپەمەنی و رۆژنامەگەری لە رۆژھەلاتی کوردستان. بۆ شرۆڤە و شیتەڵکاریی ئەم پرسە، دەبێ ئەم مێژووە بەسەر سێ دەورەدا دابەش بکەین: یەکەم قۆناغ دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم ھەتا ساڵی ١٩٤٥ی زایینی و دەوەری دووەمیش لە ساڵی ١٩٤٥ەوە ھەتا ساڵی ١٩٧٩، واتە ھاوکاتە لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و قۆناغی سێیەمیش لە ساڵی ١٩٧٩وە دەست پێدەکات و ھەتا ئێستا درێژەی ھەیە.