۱۳۹۶/۹/۷

شیعری ڕەحیم لوقمانی


1
ژنێک لە پاریس:
لە تاکبەندی تەریکمەندی ئازادیما
سەرم لە سەر ڕانی ساردی تەنیاییدا
دەست لە ملی وەفای ئەم سەگەکوڵکنەم
سپاس بۆ خوا !
چونکە دەکرا لە "کابول"دا
لە نێو بەندی ڕووبەندێکی تاریک،
هاوسەرم، ڕیشێکی چڵکنی کەللەڕەق با و 
سێ ژەمەیشم،
شەرع و شەلاق و شەق بایە !

2
ژنێک لە ئێراق:
لە کەژاوەی خەوزێڕینی قەڵای حزبێک،
دەستم لە گیرفانی خاکدا و 
سەرم لە گەڵ سەرانی هەندەران
منداڵم دۆلاربازی قوماربازەکانی لەندەن
مێردم، سواری حیزبی خۆشبەز،
بازرگانی سیاسەتە !
ڕۆژێک لەندەن، ڕۆژێک تاران یان ئانکارا, 
سیاسەتمان بۆ باردەکەن
سپاس بۆ خوا،
خزم و نزم و سووک و دزمان
سواری حیزب و تەیار دەکەن
گەر ساڵێکیش نەبوو بەرگی پاشایی بپۆشین،
خەڵكی گوند و شارێک چییە! بۆی دەفرۆشین ...!
(ڕەحیم لوقمانی)

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر