خەبات ڕەسووڵی
من گوتم: ئەگەر بێ بۆ
خۆم دەیکوژم.لەڕێوە ملی دەگرم و بەم عەرزەی دادەدەم و تا هەناسەی لێ نەبڕم بەری نادەم.نا....نا
ئاوا زووش نابێ بمرێ. گوریسێک لە ملی دەکەم و بەدوای خۆمدا رایدەکێشم.تا دەخنکێ و لاشەی
هەپروون بە هەپروون دەبێ.
من گوتم: ئەی ئەگەر نەهات؟کێ
دەڵێ پاش بیست ساڵ زیندان هەڵدەستێ و دێ بۆ ئێرە؟خۆ بە خۆشی پێی خۆش بێ، کوڕەکانی ناهێڵن.تازە
هەرچی بووە،بووە.شەیتان بە نەحلەت بکە و سەرت بەردەوە و ژیانی خۆت بکە.نایا بە تەما
مەبە.
من گوتم: ئەو کات منداڵ
بووم،دەی خۆ ئێستا منداڵ نیم.ئەو نایا من دەچم.
من گوتم: وەڵڵا لەتوپەتت
دەکەن.هەر سەگەکانی بەردەرکەیانت تێ بەردەن بەسە.
من گوتم: باشە ئەو دینم
گاوانە بۆ بەریاندا؟بۆ وەک سەگ نەیان تۆپاند؟
من گوتم: دەی دوای ڕاپەڕین
کەس لە زیندان نەما هەموو بەربوون،ئەویش هاتۆتەوە.
من گوتم: خۆ منیش نەیکوژم
مامەکانم هەر دەیکوژن.
من گوتم: وەڵلا هیچ گونیشیان
پێی ناچێ.تۆ ئەو کات منداڵ بووی ،ئەوان پیاوی ژن و منداڵدار بوون.بیانویستبوایە بیکوژن
هەر ئەو کات دەیانکوشت.
من گوتم: نا فریا نەکەوتن
حکوومەت زوو هات و گرتیان.
من گوتم: خۆت فریو دەدەی.تا
گرتیان سێ رۆژ وەک کەڵەگا لە نێو ئاواییدا خولاوە و قەڵسەی گێڕا.چما پیاو هەبوو بڵێ
پشت چاوت برۆیە.
من گوتم: باشە من چ بکەم؟
بیکوژم دەمکوژنەوە،نەیکوژم ئەی خوێنی باوکم کێ تۆڵەی بکاتەوە؟
من گوتم: بیست ساڵ زیندان
تۆڵەی خوێنی باوکتە.ئەو کە گیرا جحێڵ بوو.ئێستا هەموو سەروڕدێنی سپی بووە.
من گوتم: نەیکوژم حەیام
دەچێ.دەڵێن کوڕەکەی پیاو نەبوو ،تۆڵەی خوێنی بابی بکاتەوە.
من گوتم: کێ وادەڵێ ؟
من گوتم: خەڵک
من گوتم: کێ؟
من گوتم: خەڵک ،دەروجیران.خزمەکان.چووزانم
ئەوەی ئاگای لەم باسەیە.
من گوتم: دەی ئەگەر کوشتت
و تۆیان کوشتەوە دوایە ،ئەو خەڵکە دێن منداڵەکانت بە خێو بکەن؟
من گوتم: من چۆن گەورە
بووم ،منداڵەکانیشم هەروا گەورە دەبن.
من گوتم: تۆ لە قوون دەرکەی
ماڵان گەورە بووی.دایکت دوای مردنی باوکت شووی کردەوە و تۆ مایەوە و ئاوارەیی.
من گوتم: باشە تۆ دەڵێی
من چ بکەم؟
من گوتم: من هیچ ناڵێـم.تۆ
دەبێ بڕیار بدەی.
من گوتم: ئەو دێ و داوای
گەردن ئازادی دەکات.من دەڵێـم بڕۆ لەو دێیەدا نەتبینمەوە و ملت بشکێنە دەچی بۆ کوێ
بچۆ.
من گوتم: ئەی ئەگەر وای
نەکرد؟دەیکوژی؟
من گوتم: نا ئەگەر بیکوژم
.دوایە دەمکوژنەوە.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر