توێژەر و شارەزای زمان و خەڵکی گێڵانغەربی کرماشان
سازدانی:
شەریف فەلاح
پ: ھەروەک دەزانین
زمان وەک یەکێک لە سەرەکیترین توخم و پێکھاتەکانی نەتەوە، لە پڕۆسەی نەتەوەسازیدا دەوری
بەرچاو دەگێڕێت و کرماشانیش وەک یەکێک لە پارێزگا کوردنشینەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان
تێیدا چەندین زاراوە و بە زاراوەی جۆراوجۆر ھەیە و دەبینین چەندین ساڵە ئەو زاراوانە
لەگەڵ دیالکتەکانی ھەورامی و کورمانجیی سەروو شانبەشانی کورمانجیی ناوەڕاست (سۆرانی)
گەشەیان کردووە و بەرھەمیان پێ دەخولقێ، بەڕای جەنابت ئەم حەرەکەتە بۆ زمانی یەکگرتووی
کوردی گرفتە یان دەرفەت؟
ئەمین رەحیمی
نژاد: ئەگەر بمانەوێ تەنیا لە روانگەی زمانەوانییەوە لەم پرسە بڕوانین، ئەوەیە کە
ئەگەر ھەر زاراوە و دیالکتێک بۆ خۆی گەشە بکات، شتێکی باشە و مافی سروشتیی
ئاخێوەرەکانیە و دەبێ پشتگیریی بکرێت، بەڵام ئەگەر لە روانگەی کۆمەڵایەتییەوە لێی
بڕوانین کە مەبەستمان روانگەی زمانناسیی کۆمەڵایەتییە،
لێرەدا ئیدی باس و پرسەکە دەگەڕێتەوە بۆ
بەستێنەکان و دەرگیر بوونی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا کە زۆر جار لە ھەڵکەوتەی
جوغرافیایی نزیک بە یەک بەڵام لێک جیاوازدا دەژین، لەبەر ئەوەی کە دەبێتە ھۆی گرفت
و ئاستەنگ و کێشمەکێش لە نێوانیان ئەم گەشەکردنە بەرەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە.
لەم رواگەیەوە دەتوانین بێژین ئەمڕۆکە دەرگیربوون لە نێوان ئاخێوەرانی زاراوەکانی
وەک: "فەیلی، لەکی، کەلھوڕی، گۆران، ھەورامی و سۆرانی" و لەلایەکی دیکەشەوە
کێشەی نێوان سۆرانی و کورمانجیی سەروو یەکێک لە گەورەترین ئەو گێچەڵانەیە کە
دەتوانێ لەلایەک پێش بە گەشەکردنی زاروەکان و لەلایەکی دیکەش ئاستەنگ بۆ زمانی
یەکگرتووی کوردی و ھەستی نەتەوەیی ساز بکات. بەڕای من ئەو شتەی کە ئێستا بۆ
کۆمەڵگای ئێمە گرنگە ئەوەیە کە بتوانین دەرفت و ھەلێک بخولقێنین کە ئەم گیروگرفتە
نەڕواتە چوارچێوەی بیر و روانگەی عەشیرەیی و خێڵەکییەوە، چونکە بەشێک لە کێشەکانی
کۆمەڵگاکەمان لەسەر ئەم مەسەلانەیە، بۆ وێنە ئێستا زاراوەی کەلھوڕ تەنیا موڵکی
عەشیرەیەکە بەناوی "کەلھوڕ" و مافی کەسانی دیکە نیە بەکاری بێنن، ئەم
شتە وا نیە، چونکە جیا لەم لەم عەشیرەیە لە بەشەکانی دیکەی کرماشان خەڵکانی دیکەش
پێی دەپەیڤن؟ یان زاراوەکی لەکی، فەیلیش ھەر تووشی ئەم کێشەیەن، بەڵام راستییەکەی
ئەوەیە کە ئێمە دەبێ قبووڵی بکەین کە ھیچ زاراوەیەک لە ھیچ شوێنێکی دنیا نیە کە تەنیا
تایبەت بە عەشیرەیەک بێت و کەسی دیکە قسەی پێنەکات. کۆمەڵێک تایبەتەمەندییی
عەشیرەیی و خیڵەکی ھەن کە لەناو زماندان و زیاتر پێوەندییان بە داب و نەریتەوە
ھەیە، کە ئەمانە ھێندە گرنگ نین کە بیانھێنینەوە ناو پرسی زمانی سەرەکییەوە و
ھەڵوەستەیان لەسەر بکەین، چونکە ئەمە دەبێتە ھۆی کێشە و ململانێی نێوان زاراوەکان.
بەگشتی دەبێ باوەڕ بەوە بێنین کە گەشەکردنی ئەم زاراوانە بە شێوەی ناڕەوا و
بەکارھێنانیان بۆ دژایەتی کردنی یەکتر، یەکێک لە ئاستەنگ و گرفتەکانی بەردەم زمانی
یەکگرتوو دەبێت بەتایبەت لە درێژ ماوەدا.
پ: کاک ئەمین
پرسی کێشەی نێوان زاراوەکان ئەگەر لەلای توێژەی ئاست نزم و نەخوێندەورای کۆمەڵدا روو
بدات، پیم وایە ئاساییە، بەڵام ئەم مەسەلەیە بەداخەوە لەلای نووسەر و نوخبەکان کە خاوەن
بڕوانامەی بەرزی ئاکادیمیشن سەری ھەڵداوە و خەریکە پڕرەنگتر دەبێت، جەنابت ھۆیەکەی
لە چیدا دەبینی؟
ئەمین رەحیمی نژاد:
ئەگەر ئێمە پێوەری زانستی و ئەکادیمی بەوە دابنێین کە من بڕوانامەیەکم لە گیرفاندا
بێت، راستییەکەی ئەوەیە کە دەبێ بڵێین کە ئیدی لە دنیا گۆڕێدا نابێت، ئێستا زۆر کەسمان
ھەیە کەلە چوارچێوەی زمان و ئەدەبدا چالاکن بەبێ ئەوەی کە لە رێگای زانکۆ و ئەکادیمییەوە
ھیچ پێوەندییەکیان بە ئەدەبیاتەوە ھەبێت، ھەر ئەم کەسانە ئەمڕۆ لە مەیدانی ئەدەبدا
دەبنە خاوەن را و روانگەی تایبەت بە خۆیان ھەیە، کە ئەمانە توێژێکن، تاقمێکی دیکەش
ھەن کەلە بنەڕەتدا ھیچ خوێندەوارییەکی ئەکادیمی و زمانەوانییان نیە و تەنیا بە خوێندنەوەی
چوار کتێب لە یەک بواردا، پێیان وایە ئیدی لە بەحری زانست و ئەدەبدا شەپۆل دەدەن، بەڵام
ئەم پرسە لە کرماشان و ئیلام بە جۆرێک بووە کە بۆ ماوەیەک بۆشایی و لە مەیداندا نەبوونی
کەسانی ئەکادیمی و زانستگایی لە ئارادا بووە و بیست ساڵ لەمەوپێش زۆر بوون ئەو کەسانەی
کە بە بڕوانامەی سەرەتایی و ناوەندی و تەنیا بەھۆی ھۆگری و ورووژانێکی دەروونی ھەستی
دڵسۆزی رایانی کێشاوەتە مەیدانی نووسین و ئەدەبەوە و کاریان کرد، من دەڵێم ئەوان کاریان
کردووە و دەبێ دەستی یەکە بە یەکەیان ماچ بکەیت، بەڵام ئەمە راستییەکە و دەبێ قبووڵی
بکەین لەڕووی ئەدەبییتەوە نزیک بە لەسەدا نەوەدیان ھیچ خزمەتێکیان بە زمان و ئەدەبی
کوردی نەکردووە و تەنانەت ھەندێکیان خەساریشیان پێگەیاندووە، بەڵام ئێمە ھاتووین لە
کەسایەتیی ھەرکامەیان یەکدانە بتمان ساز کردووە و زیادە لە ئاستی خۆیان گەورەمان کردوونەتەوە.
ئەمە لایەنێکی مەسەلەکەیە و لایەنێکی دیکەشی کار نەکردنی ئەو کەسانەیە کە بە شێوەیەکی
زانستی، ئەکادیمی و زانکۆیی دەرسیان خوێندووە و خاوەن توانایی و پسپۆڕییەکن، بەڵام
چونکە نایەنە مەیدانی کاری ئەدەبییەوە لە ئەنجامدا ئەبێتە ھۆی ئکە رێگا بۆ کەسانی دیکە
خۆش بێت، ئەم کەسانەش لەڕاستیدا ھیچ چەشنە زانیاری و پسپۆڕییەکیان لە زمان و ئەدەب
نیە و تەنیا خۆیان بە لایەنگری لە قەڵەم دەدەن و زۆربەیان تەنیا ھەستی ناسیۆنالیستی
ھێناوینیەتە ئەم بوارەوە، چونکە ھیچ رێگایەکی دیکەیان بۆ دەربڕینی ھەستی نەتەوەیی نەدۆزیوەتەوە
و خۆی بەتاڵ بکاتەوە، پێیان وایە ئەگەر بێت و بێنە مەیدانی ئەدەبەوە دەتوانن ھەموو
گرفتەکانی کۆمەڵ چاراسەرە بکەن. ئەم پرسە باسی رۆژی ناو ئەنجومەنە ئەدەبی و فەرھەنگییەکانی
کرماشان و بەتایبەت گێڵانغەربە. بۆ نموونە کەسێک دەناسم کە ھەشت دەفتەر وشەی کوردیی
کۆکردۆتەوە و دەیھەویست بیانکاتە فەرھەنگ کاتێ لێی دەپرسی کە لەباری نووسینی فەرھەنگ
و وشەدانەوە چی دەزانی دەڵێ وەڵا کاکە من لە بواری ھێزی ئاسمانی و سربازیدا پسپۆڕیم
ھەیە! ئاخر ئەم کابرایە کە لە بوارەکەی خۆیشیدا ئەندازیارە بۆ دێتە مەیدانی ئەدەب و
فەرھەنگەوە بۆ ناڕوات لە بوارەکەی خۆیدا کار بکات؟ چونکە بەڕاستی نووسینی فەرھەنگ کارێکی
زۆر ئەستەم و بوارێکی پسپۆڕییە. من خۆم کە ئێستا لە زمانناسیدا شارەزام ئامادە نیم
ئەم کارە بکەم، کاری ئەو جۆرە کەسانەش کە تەنیا لە رووی حەز و ھەست و سۆزەوە بووە زۆر
لاوازە و بە خاترجەمییەوە دەڵێم کە سەردەمێکدا دێت کۆمەڵگای ئەدەبیمان بە بۆنەی ئەو
جۆرە کتێبانەوە شەرمەزار دەبێت.
پ: ئەگەر رۆژێک
بێت و یەکێک لە زاراوەکان ببێتە زمانی یەکگرتوو و وەکوو وڵاتانی دیکە لە ھەر سێ ئاستی
"سیستمی پەروەردە، برۆکراسیی ئیداری و راگەیاندن" بەکار بھێنرێ، ئاخۆ پەرچەکرداری
زاراوەکانی دیکە چۆن دەبێت، ئاخۆ کۆمەڵگای کوردی ھەڵگری ئەم بارودۆخە ھەیە و دەتوانێ
قبووڵی بکات؟
ئەمین رەحیمی نژاد:
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێ کۆمەڵێک ئەگەر لەبەرچاو بگرین، بۆ وێنە وای دابنێین کە
ئێمە وڵاتێکمان ھەیە و لەناو ئەو وڵاتەشدا دە زاراوەی جۆراوجۆر ھەیە و یەکیان دەکرێتە
زمانی پێوەر و ھەموو بوارەکانی کۆمەڵ وەک پەروەردە و بارھێنان، سیستمی ئیداری و راگەیاندن
و زانیاری بەکاری دەھێنن، کاتێکی زۆر دەخایەنێ کە لەوانەیە لە سەد ساڵ زیاتر بێت کە
ئاخێوەرانی زاراوەکانی دیکە بتوانن ئەو زاراوە پێوەرە بەکار بھێنن، یان وای دابنێین
ھەر ھەمان چوارچێوەی جوغرافیایی دابەش بووە لە نێوان سێ وڵاتدا و ھیچ زاراوەیەکیش وەکو
زمانی پێوەر لە نێوانیان ساز نابێت، ئەم دە زاراوەیە کە لەناو ئەو سێ وڵاتە دان، بەھۆی
ئەوەی کە سێ زمانی لێک جیاوازی دیکە بەسەریاندا زاڵن لە ماوەی سەد ساڵدا ئەو دە زاراوە
لەناو سێ زمانی دەرەکیدا دەتوێنەوە و لەناو دەچن. ئێستا باسی ئەوە لە گۆڕێ دایە کە
کامیان چاکترە، ئێمە ناچارین یەکیان ھەڵبژێرین یان دەبێ ئەو شێوازە ھەڵبژێرین کە زاراوەکانمان
لێک نزیک بکرێنەوە، بۆ وێنە زاراوەی کەلھوڕی لە زاراوەی سۆرانی نزیک بێتەوە ئاخۆ ئەمە
باشە یان نا پاش ساڵانێکی زۆر ئیدی ھیچ ئاسەوارێکی لێ نەمێنێتەوە.
پ: ئەگەر ئەم
باسە زیاتر پێوەند بدەی بە بارودۆخی ئێستای کرماشانەوە پێت وایە پرسی زمانی پێوەر و
زاراوە لەوێ چۆنە؟
ئەمین رەحیمی نژاد:
ئەگەر بێت و لە روانگەی کۆمەڵایەتییەوە لەم پرسە بڕوانین، دەبینین زۆرێک لەو کەسانەی
کە ئێستا لەناو کرماشان وەک چالاکی فەرھەنگی دێنە ئەژمار تەنانەت ئامادە نین زاراوەیەکی
تر کە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ شێوەزاری خۆیدا نیە، قبووڵ بکات بۆ وێنە ئەگەر فەیلییە
ئامادە نیە فەیلی قبووڵ بکات یان بە پێچەوانەوە یان بۆ لوڕی و لەکیش ئەم باسە لە گۆڕێ
دایە. پرسیارێک لێرەدا دێتە گۆڕێ ئاخۆ کۆمەڵگایەک بە وەھا پێکھاتە و تێڕوانینێکەوە
ئامادەیە شێوەزاری سۆرانی قبووڵ بکات؟
پ: کاک ئەمین
مەبەستی زمانی پێوەر وەلانانی ئاخاوتنی ئاسایی، بنەماڵە و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
نیە، بەڵکوو باس لەسەر ئەدەبی نویسیاری و سیستمی پەروەردەیە و برۆکراسیی ئیدارییە؟
ئەمین رەحیمی نژاد:
نا تەنیا باس لەسەر ئاخاوتنی رۆژانە نیە، بەڵکوو باس لەسەر پرس و شێوەزاری نووسینە،
چونکە ئێستا خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی کرماشان و ئیلام و زاراوە جیاجیاکان بۆ تێگەیشتن
لە یەکتر ھیچ کێشە و گرفتێکیان نیە. بەڵام نووسەر و ئەدیبان بۆ نووسینی شیعر و چیرۆک
ھیچ کێشەیەکیان نیە، بەڵام کاتێ دەیانەوەێ وتار و بابەت و رەخنە بنووسن، تووشی گرفت
دەبن و دۆش دادەمێنن، ئێمە دەبێ لەم کاتەدا شێوەزارێک ھەڵبژێرین کە ھەموان لێی تێبگەن
و ھەمەگیر بێت کە لەوانەیە وەڵامدەری نیاز و ویستی کۆمەڵگاکەمان بێت، بەڵام ئێستا لە
کرماشان لەناو کۆمەڵەی نووسەر و رۆشنبیران و خەڵکی ئاساییش خەریکن بەرەبەرە کار دەکەن،
ھەرکامەیان بە زاراوە و بن زاراوەی خۆیان بەرھەمی ئەدەبی دەخولقێنن. بەڵام بەداخەوە
ھەتا ئێستا لەناو پارێزگای ئیلام و کرماشان زەمینە و ھەلی ئەوە نەڕەخساوە کە ھیوای
ئەوە بخوازین تەنانەت رەگ و ریشەیەکی زانستی لە زمان بەدی بکەین، ھەتا ئەوکاتەی کە
بە ئاراستەی شێوە نووسینێکی ئەدەبیدا بڕۆینە پێشەوە، ھیچ گرفتێک نیە کە ئەگەر ئەم شێوە
ئەدەبییە لەگەڵ زاراوەیەکدا کە دواتر بەناو زاراوەی پێوەر دیاری دەکرێ، گرێ بدرێت.
ئێستا ئەگەر وەک رێککەوتنی حکوومەتی بێت، یان نا گرێبەست و رێککەوتنێکی کۆمەڵایەتی،
ھیچ گرفتێکی ئەوتۆ نایەتە پێش، بەڵام ئەگەر ئەم پرسە بڕواتە خانەی زانستییەوە و ئێمە
بتوانین شێوازێکی ئەدەبی کامڵ و پوختەمان ھەبێت، ئێستا ئەگەر ھەرکام لە زاراوەکانی
وەک "کەلھوڕی، لەکی، فەیلی و...." یان زاراوەیەکی ھاوبەش بۆ ئەو شێوازە ئەدەبییە
ھەڵبژێردرێت، ئیدی لەو قۆناغەدا بەڕاستی زۆر ئەستەمە کە قەناعەت بە خەڵک بینی کە دەبێ
بە زاراوەیەکی دیکەی وەک سۆرانی، ھەورامی یان کورمانجی بەناو زمانی پێوەر خۆیان بگونجێنن.
پ: بەڕای جەنابت
جیاوازیی نێوان زاراوە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردی لە کرماسان لەباری فۆنەتیک، گۆکردن
و زانستی زمانییەوە کامانەن و پێت وایە جیاوازیی نێوان شێوەزاراەکان چەندەیە؟
ئەمین رەحیمی نژاد:
ئەم باسە خۆی دوو بەشە، بەشێکی پرسێکی بەتەواوەتی زمانەوانییەو و ئەو بەشەکەی دیکەشی
باسی کۆمەڵایەتیە، لە روانگەی زانستی زمانەوە لێی بڕوانین بەڕاستی وەڵامدانەوە بەم
پرسیارە زۆر ئەستەمە بەبێ توێژینەوەیەکی زانستی و زمانەوانی ناتوانین بێژین جیاوازییەکانیان
لەسەدا چەندە. من بۆ خۆم سەبارەت بە سیستمی فۆنەتیک یان واکی زاراوەکانی "کەلھوڕی،
دوو بن زاراوەی بەدرەیی و زاراوەی لەکی" توێژینەوەیەکم ئەنجام داوە و ھەر چواریانم
پێکەوە بەراورد کردووە، راستییەکەی ئەوەیە کە جیاوازییەکانیان لەباری دەنگ، گۆکردن
و فۆنەتیکەوە لەوانەیە زۆر بێت، بەڵام ئەم لایەنە فۆنەتیکییە بۆ سەلماندنی وزە و توانایی
ھەر زاراوەیەک پێوەر نیە. ئەگەر لەباری کۆمەڵایەتییەوە لەم مەسەلەیە بڕوانین راستییەکەی
ئەوەیە کە جیاوازییەکی ئەوتۆ لە گۆڕێدا نیە، مەگەر پێداگری و دەمارگرژیی ھەندێ کەس
کە خۆبەزلزانی پێش چاویانی گرتووە. ئێمە لە ئاستی کۆمەڵایەتیی زماندا باسێکمان ھەیە
لەمەڕ جیاوازیی نێوان دوو زاراوە، کە دەڵێ کە ئەگەر دوو ئاخێوەر یان دوو کەس لە دوو
شێوەزاری یەک زمان بەبێ ھیچ جۆرە پەروەردە و فێرکارییەکی سەرەتایی پێکەوە قسە بکەن
و لێک تێبگەن و گرفتێکیان بۆ نەیەتە پێش، ئیدی ئەوە راستییەکە کە ناتوانین جەخت لەسەر
دوو شێوەزاری جیاواز لە یەک زمان بکەین، چونکە ئەو دوو ئاخێوەرە لە یەک بنەماڵەی زمانین
و لە یەکتر تێدەگەن، یانی دەبێ وەک یەک دیالکت لە قەڵەمی بدەین. ئێستا خەڵک و دانیشتووی
ئیلام کە سەر بە دیالکتی فەیلین و لەگەڵ شارەکانی کرماشان کە کەلھوڕن و من بۆ خۆم لەگەڵیان
پێوەندیم ھەیە، لەباری تێگەیشتن و گواستنەوەی پیامەوە ھیچ گرفتێکیان نیە. تەنیا لە
زاراوەی لەکیدا نەختێ جیاوازیی سەرەتایی ھەیە، بەڵام دیسان ئەمەش لەبەردەم تێگەیشتندا
بەربەست نیە، کەوایە دەتوانین بێژین لە کرماشان و ئیلام یەک شێوەزار ھەیە کە ھەموان
لێی تێدەگەن. بەڵام ئەگەر بێین و تەنیا لە روانگەی زانستی زمانەوانییەوە لێیان بڕوانین
دەبێ دان بەوەدا بنێین کە زاراوە و بن زاراوەی زۆر لە ئارادان، چونکە بە ھەندێ ناوچە
تەنانەت بە مەودای بیست کیلۆمەتر بن زاراوەی جیا لە یەکتر بەرچاو دەکەوێ، ئەم باسە
تەنیا لەباری زانسی و زمانەوانیی پەتییەوە گرنگە و کاتێک بڕواتە خانەی کۆمەڵایەتییەوە
ھیچ گرنگییەکیان نیە.
پ: ئاخۆ لە
چاخەکانی رابردووشدا ئەم کێشە و جیاوازییە زاراوانە ھەبوون، ئاخۆ لەو سەردەمەدا کە
شێوەزاری گۆران کۆن کە جیالە زمانی ئایینی یاری و کاکەیی شێوازی ئەدەبیش بووە، بۆچی
ئەوکاتانە جیاوازییەکان وەک ئێستا نەبوون؟
ئەمین رەحیمی نژاد: ئەوەندەی من ئاگادار بم ھیچ جیاوازییەک
لە نێوانیاندا نەبووە، لە رابردوودا تەنیا دیالکتێک کە ھەمانبووە تەنیا یەک شێوازی
ئەدەبی بووە، ئێستا ھەر ناوێکی لەسەر دابنێی گۆران یان شێوازی ئەدەبیی کۆن بێت، گشتیان
ھەموو یەکن ئێمە و بەتایبەت فۆلکلۆر و بەیتە حیماسییەکان وەک "ئەفسانەیل وڵات
میدیا" لە کۆکردنەوەی سەجاد جەھانفەرد (ژیار) و ئەدەبی زارەکی کە بەشێکیان تایبەت
بە ناوچەکانی "گاوارە و کرند"ن کە سەر بە ئایین یارسانن، کاتێک لەگەڵ ئەدەبی
فۆلکلۆری کەلھوڕیدا بەراوردیان دەکەیت ھیچ جیاوازییەکیان لەنێودا نیە، مەگەر ھەندێ
جیاوازیی زۆر لاوەکیی فۆنەتیکی. یان ئەو بەیت و ھۆنراوە "لاوەلاوە"انەی کە
ئەمڕۆکە کۆ کراونەتەوە لەناو پەرتۆکی "ھەرمانێک لە پەراوێز ژیان" کە دیسان
کاک سەجاد جەھانفەرد کۆی کردوونەتەوە و بەشێکی ھی "ئیلام و بەدرە"ن و ئەگەر
بێت و لەگەڵ فۆلکلۆری شائاباد و گیڵانغەرب و کرماشان بەراوردیان بکەین، ھیچ جیاوازییەکیان
نیە و ھەموویان یەکن، واتە فۆلکلۆرمان چ لەباری سیستمی دەنگ و واک و چ لەباری تێم و
ناوەرۆکەوە لێک دەچن و زۆر جار ھەر ئەم فۆلکلۆرە کاتێک لەگەڵ فۆلکلۆر و ئەدەبی زاەرکیی
ناوچە سۆران نشین و کورمانج نشینەکان بەراوردیان دەکەین ھەمان پێکھاتە و واتا و ناوەرۆکیان
ھەیە. کەوایە کاتێک فۆلکلۆری ئێمە ھەموویان یەکن و فۆلکلۆریش وەک وێنەیەک لە کۆمەڵگا
یان پێکھاتەیەک کە بە درێژایی مێژوو سیمایەکی یەکدەست لەگەڵ خۆی دەھێنێ، دەبێ وەک یەک
کلتور، یەک نەتەوە و یەک مێژوو چاوی لێبکەین و لەم سۆنگەیەوە لێکی بدەینەوە.
پ: کێشەیەکی تر کەلە پرسی نووسینی کوردی
لە کرماشان و ئیلام ھەیە، کێشەی رێنووسە بەڕای جەنابت ئەو ھۆکارانە چین کە نووسەرانی
ئەو ناوچەیە ناتوانن بەم رێنووسەی کە ئێستا شێوەزاری سۆرای بەکاری دەھێنێ، بنووسن ئاخۆ
گرفتە مەسەلەی فۆنەتیک و گۆکردنی زاراوەکانە یان مەسەلەیەکی تر؟
ئەمین رەحیمی نژاد:
بەڕای من ئەمە باسێکی تەواو زانستی و رێزمانی و پسپۆڕانەیە، من بۆ خۆم لەم پێوەندییەدا
ساڵی ١٣٨٩ لە فێستێڤاڵی پرژە لە شاری کامیاران وتارێکم خوێندەوە، ئەمە پرسێکی باسھەڵگرە،
من بۆ خۆم یەکێک لە دژبەرانی ئەوەم کە بێین بۆ زاراوە جیاجیاکانی زمانی کوردی رێنووس
و ئەلف و بێی جیالە یەک دەست نیشان بکەین، چونکە ئەوە راستییەکی جیھانییە کە رێنووس
بۆ شێوەی ستاندارد و پێوەری زمانی ساز دەکرێ، نەک بۆ ھەرکام لە زاراوە ناوچەییەکان.
ئێمە شێوەزارێکمان ھەیە کە پێوەرە و کۆمەڵێک واک، فۆنەتیکی ھەیە و بۆ ھەرکام لەو واکانە
پیتێک دیاری کراوە و ئەم رێژە پیتە دیاریکراوە بۆ نووسین لەناو ھەموو زاراوەکان دەست
نیشان دەکرێ و دەبێ ھەموویان رەچاوی بکەن، بەڵام بەداخەوە ئەم مەسەلەیە لەناو زاراوەکانی
کەلھوڕ، لەکی، فەیلی و... بەھۆی ناشارەزایی لەو رێنووسە باوە رەچاو ناکرێت و لەلایەکی
دیکەشەوە ھەندێ فۆنەتیک و گۆکردنی ناوچەیی و بن زاراوەیی ھەن کە ناکرێ بەم رێنووسە
بنووسرێن کە دەبێ بە رێککەوتن نیشانەیەکی بۆ دابنرێت کە ھێشتا چاراسەر نەبووە و دەبێ
بڵێم مەسەلەی رێنووسی زاراوە کوردییەکان لە کرماشان یەک لەو گرفتانەیە کە بۆتە ھۆی
لێک تێنەگەیشتن لەناو زاراوەکان و کەم خوێنەریی بەرھەمە کوردیەکان.
پڕۆفایل:
ـ ئەمین رەحیمی
نژاد (رێوار)، توێژەری فەرھەنگی و شارەزای زانستی زمانەوانی ساڵی ١٩٨٠ی زایینی لە شاری
گێڵانغەربی سەر بە پارێزگای کرماشان شاری لەدایک بووە.
ـ خاوەنی بڕوانامەی
ماستەری وەرگێڕانی زمانی ئینگلیزی و ھەروەھا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی زمانناسییە و ئێستاش
مامۆستای زانکۆی پەیام نوور و ئازادی ئیسلامییە لە شاری گێڵانغەربی کرماشان.
ـ یەکێک لە توێژەرانی
چالاکی بواری زمانەوانی و زاراوە جیاجیاکانی دەڤەری ئیلام و کرماشانە و لەم بارەوە
چەندین توێژینەوەی زانستی و مەیدانیی ئەنجام داوە.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر