۱۳۹۶/۱۰/۳

لە ئاسمان نزمتر


رزگار ئەمین نژاد

کوتم دایە واز بێنێ، بۆ وا لەخۆت دەکەی؟
 کوتی: "بڕۆ… مەیتەکەی بێنەوە. هەرلێرە، لە حەوشەکەی خۆمان دەیشارینەوە. کەس نازانێ." کوتم: "چۆن کەس نازانێ، دار و دیوار بووە بە چاو. لێی گەڕێ دایە، خۆ ئەو قەت نەیزانی حەسانەوە چییە! دەبا هەر لەو شوێنەی بەخاکیان سپاردووە، ئارام بگرێ." دەستی گرتم و بەو چاوە کزانەی وەها لە چاوەکانم ڕاما کە لە تاوی دڵم وەک گەڵای دارەکانی حەوشەکەمان هەڵوەری. لەو ڕووخسارە تەماوییەدا هەر ئەو دوو چاوانە بریسکەیان دەهات. دوو چاوی چاوەڕێ، کە گشت داماوییەکانی ژیانی تێدا دەبیندرا. کوتی: "بڕۆ کوڕم... مەیتەکەم بۆ بێنەوە." هەستم دەکرد، بێجگە لە ڕۆیشتن هیچ چارەیەکی دیکەم نییە.

کەس نازانێ ئەو کابرایە لە کوێوە پەیدا بوو، بەو بانگی نیوەڕۆیە خۆی بە ماڵماندا کرد و ئەم شکرەی شکاند. وەک باوێلکەیەک بە دەوری خۆمدا دەخولامەوە. بیرم لە منداڵەکانم دەکردەوە چونکە ئەم کارە بە مانای تێداچوونی سەروماڵ بوو. نەمدەزانی بەو ئێوارەیە ڕوو لە کوێ بکەم؟ کێ دەڵێ ڕاستە؟
کاتێ لە شار دەرکەوتم، هەورێکی ڕەش گرماندی، باڵدار بە ئاسمانەوە نەما و باران بە لێزمە دایکرد. لە ترسا هێواش لێم دەخوڕی. پێش چاوی خۆم نەدەدی، چونکە تەم پەنجەرە و شوشەی ماشینکەمی گرتبوو. ویستم ڕاوەستم و بگەڕێمەوە بۆ شار، بەڵام کە بیرم لە دایکم دەکردەوە دڵم نەهات. کوتی: "کە دووجار بەفری لەسەر نیشت، شوێنگۆڕەکەی کوێر دەبێتەوە."
کوتم دەڕۆم، بەشکەم لانیکەم تەرمەکەی ببینمەوە و کاتێ وڵات تاریک بوو، بە بێدەنگی لە تابووتێکی دەخەم و دەیهێنمەوە بۆی. کابرا دەیگوت: چوار کەس بوون، لە شاخەکە داگەڕاون و لە تەنیشت مووچەکەی لایان داوە. چوار کەس بوون، تەپوتۆزاوی، هیلاک و برسی. کوتی: "یەکیان زۆر منداڵتر بوو، کوڕێکی قژ لوول، شەرمن و بێدەنگ. لەسەر بەردێک دانیشتن و چاوەڕێی ئاوابوونی خۆریان دەکرد. کە وڵات تاریک بوو بەرەو ئاوایی داگەڕان و لەمن نەدیو بوون. هێندەی پێنەچوو بڕۆسکەیەک ئەو دۆڵەی ڕووناک کرد، بەدوایدا زرمەیەکی گەورە هات و ئەوجار وەک ڕەهێڵەی باران گوللە بەسەر دارو بەرددا باری. کاتێ تەقە وەستا، بە سێ کەس ئەوەی دیکەیان بە ڕاکێش ڕاکیش گەیاندە مووچەکەی من. نەما بوو. لەسەر پشتی وڵاغەکەی من قاییمیان کرد. دوو دەست و دوو لاقی بەملاولای وڵاغەکەدا شۆر ببوونەوە و خوێنەکەی هەر بەند نەدەبوو. بردمان و لە دۆڵی پشت مووچەکەی خۆمان، لەنێوان دوو شاخدا بەخاکمان سپارد. کفنمان پێ نەبوو، پشتوێنەکەی خۆیمان تێهاڵاند..."
دایکم دەیگوت: "مەمکەکانم هەڵمسابوون و ژانیان تێدا دەگەڕا! دەمزانی برسییەتی! نەدەچوومە دەر، بۆ ئەوەی منداڵە چاو برسییەکانی گەڕەک لێم نەفڕینن. دەمزانی لەهەر کوێ بێ، بە برسێتی سەر دەنێتەوە. مەمەکانم لەسەر هەردوو دەستم دادەنا تاکو بێتەوە و هەروەکو جاران بۆنیان پێوەبکا، ماچیان بکا، کایەیان پێ بکا و دواجار، تێرتێر بیانمژێ."
دەلێی چارەنووسم وا بووە کە هەمیشە ئەم برایە بە کۆڵمەوە بێ. ئەم هەموو شاخ و دۆڵانەی لەدوا گەڕابووم. ئەو شاخ و کێوانەی کە سێبەریان وەک مەمەکانی دایکم بەسەر شانی چاوەڕوانیی بناردا شۆڕ دەبوونەوە. دەمزانی هەرکات برسیی دەبێ، وەک سەردەمی ساوایییەکەی، دایکم هەست بە ژانێک دەکا کە لەسەر شانەکانییەوە دەست پێدەکا و مەمکەکانی دادەگرێت. کە ساوا بوو بە فڕکەفڕک چوارپەلی ڕادەتڵەکاند، دەمی دەگێڕا و هانکەهانکی دەهات. لە برسانا قەت نەدەگریا، بەڵام حەجمینیشی نەبوو. وەک باڵندەیەک پەلەقاژەی دەکرد و کەچی باڵیشی دەر نەدەکرد. دەمگوت: "دایە برسییەتی!" باوەشی پێدا دەکرد، هەستم دەکرد هەموو گیانی دەیناڵاند و کاتێ زاری بۆ گۆی مەمەکانی دەبرد، سووکنایی دەهات. قەت تێر نەدەبوو. سەرم سووڕمابوو لەو هەمووە تەمایە. هەر دەیمژی و هەر دەیمژی، تاکو دایکمی بێزار دەکرد. لە مەمکی دەگرتەوە، بەڵام وەک ئەوەی بە شاخێکدا هەڵگەڕێ، چنگی لە هەموو گیانی دایکم دادەگرت. بە سینگیدا هەڵدەگەڕا و بۆنی بە بەرۆکییەوە دەکرد. دەمزانی برسی بوو، بەڵام مەمکەکانی دایکم تێری نەدەکرد. سەرم سووڕ دەما. هەستم دەکرد بۆ شتێکی دیکە دەگەڕێ. شتێک کە لێی شاردرابووەوە. شتێک کە بۆنی پێوە بکا، ماچی بکا، کایەی پێ بکا و دواجار دمی بۆ ببا و بەدەم مژینەوە خەو بیباتەوە.
رێگا لە پێشمەوە هەر درێژ دەبووەوە و ئاواییم هەر لێ دەرنەدەکەوت. بارانیش خۆشی نەدەکردەوە و بەسەر بێکەسیی خاکدا بەخوڕ دەباری. ئاوی باران گڵەسووری لاپاڵەکانی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو و جادەکەی داپۆشیبوو. ماشینەکەم لە قووڕدا چەقی و هەرچیم کرد نەمتوانی بێمەوە دەرێ. ترس و تووڕەیی بەسەرمدا زاڵ ببوو. دەمگوڕاند و کفرم دەکرد. نازانم ئەو کابرایە بۆچی خۆی لەگەڵم نەهات و منی تووشی ئەم بەڵایە کرد. دایکم دەیگوت: "بڕۆ بیهێنەوە. کوا من دەتوانم بەم  ئەژنۆ زەلیلانەمەوە بەو شاخ و کێوانەدا هەڵگەڕێم؟" بەڕاستی نەیدەتوانی. نیگەران بوو کە نەکا بە مردووییش تاسەی بۆنی مەمەکانی بکا. دەیگوت: مەمەکانی ژانیان تێدا دەگەڕێ، بەخوا برسییەتی.
ماشێنەکەم بەجێ هێشت و بەو تەم و بارانە کەوتمە سەرڕێ. هەتا لە ماشینەکە دوورتر دەکەوتمەوە، زیاتر لە تەمومژدا ون دەبووم. بەسەر چەوی قەراغ جادەکەدا دەڕۆشتم تاکو پێڵاوەکانیشم لە قوڕ نەچەقێن و ناچار نەبم بە پێی پەتی درێژە بەم ڕێگا نەگبەتە بدەم. سەگمەرگی بوو. هەتا زیاتر دەڕۆشتم ناهومێدتر دەبووم. ئەم برایە هەمیشە ناهومێدی دەکردم، قەت نەبوو وەک منداڵی خەڵکی هەڵسوکەوت بکا. باوکم لە ژیاندا نەمابوو ببینێ چ جسنێکی خستە کۆشی ئەم خێزانەوە، بەڵام خۆشم دەویست، بۆنی باوکمی لێ دەهات. بە هاتنی، قەرەبووی نەمانی باوکمی کردبووەوە. دایکم مەمکی لە زاری نەدەکردوە. کوتم: "دایە خەوتووە!" کوتی؛ "لێی گەڕێ…" داڵغەی لێ دابوو، سۆزێک لە هەناویدا لوولی دەخواردەوە و، هەر فڕچکە جارناجارەکانی ئەم منداڵە تاسەی باوکمانی پێ دەشکاند.
ئێستا ئیتر مزگەوتی ئاواییم لێ دیار بوو. دڵم کرایەوە و هەنگاوەکانم تووندتر کرد. مجێورەکە لە پەنجەرەی مزگەوتەوە ڕێگای مووچەی کابرای پیشان دام. نەوەستام، ڕێگای مووچەکەم گرتەبەر و بەرەو هەوراز کەوتمە ڕێ. هەناسەم سوار ببوو. لە دوورەوە بەردەکەم بینی، ئەو بەردەی کە چوار پیاوە برسی و تەپووتۆزاوییەکان لەسەری دانیشتبوون و چاوەڕێی تاریکییان دەکرد. نزیک بوومەوە تاکو بۆنێک، سێبەرێک، هەناسەیەکی بەجێماویان بدۆزمەوە، بەڵام بارانەکە هەمووی شۆردبوونەوە. چوومە ژوور خانووەکە و بۆ پێمەڕەیەک گەڕام. کوتم: دەچم گۆڕەکەی هەڵدەدەمەوە، لە کۆڵی دەکەم و لەم ژوورەدا دەیشارمەوە. بەیانی کە باران لێی کردەوە، ماشینەکە دێنم، بە بێدەنگی هەڵی دەگرم و دەیبەمەوە. لە پشت خانووەکە لە قوڕاو کەوتم و پێڵاوەکانم لە قوڕ چەقین، داهاتمەوە، پێڵاوەکانم هەڵگرتەوە و لەبن هەنگەڵم خست. باران لافاوێکی هەستاندبوو کە بە دۆڵەکەدا لرفەلرفی دەهات. ترسام، نەموێرا درێژە بە ڕێ بدەم. سەرم هەڵبڕی و چاوم لە کێوەکە کرد، زۆر بەرزتر دیار بوو، کەمێ لە ئاسمان نزمتر. لەبن گوێنییەکدا دانیشتم، هەموو گیانم ئاوی لێ دەچۆڕا. کوتم دەڕۆم، ناچارم دەبێ بڕۆم. هەستامە سەرپێ، لاقەکانم توند کرد، پێمەڕەکەم لەسەر شان دانا و بە هەورازەکەدا هەڵگەڕام.
چاوی بەستم و کوتی: "ڕوو لە دیوارەکە بکە!" زلـلەیەکی لە بناگوێم سرەواند و کوتی: "سەر نەسووڕێنی." لەبەر ئەو سوورەتاوەدا ڕایانگرتم. هەستم دەکرد دووکەڵم لێ هەڵدەستێ و بۆکرووزەکەم دنیا دادەگرێ. کوتی: "بڕۆ بیهێنەوە!" کوتم: نازانم لە کوێیە! کوتی: "ئێمە پێت دەڵێین لە کوێیە، دەچی بۆ لای، پێی دەڵێی بێتەوە و ئیشمان پێی نییە". کوتم بەقسەم ناکا. زلـلەیەکی لێ دام و کوتی: "دەچی!" کوتم: بەچاوان! کوتی: "ئاوا! تۆش زلـلەیەکی لێ بدە، بەقسەت دەکا. بیهێنەوە، دەنا چاوتان بە تەرمەکەشی ناکەوێتەوە." بەڵام هەر نەهاتەوە.
لافاوەکە ئامانی نەدەدام، ترسام لاقم هەڵخلیسکێ و تێکەوم و ئاو بمبات. هەدام نەدا و هەڵکشام، هەستم دەکرد کێوەکە دەست بە سینگمەوە دەنێ، بەڵام من لەو لاسارتر بووم و هەر هەڵگەڕام. بەدەم ڕێگاوە پێمەڕەکەم لە دەست بەر بووەوە و لافاوەکە بردی. ئەژنۆم شل بوون، ناهومێد بووم. کوتم: هەر دەچم، ئەگەر بە چنگانیش بێ، گۆڕەکەی هەڵدەدەمەوە، کۆڵی دەکەم و دەیبەمەوە.
باران بەخوڕ دەباری، هەور دەیگرماند و دنیا تاریکتر دەبوو. ئازاری تەزینی پەنجەکانم بە جەرگم دەگەیشت. نازانم چی ڕووی دا، بەرچاوم ڕەش بوو، تلاوتل بەربوومەوە و کەوتمە دەم لافاوەکە. ئاو هەڵیگرتم، یەک بە یەکی منداڵەکەنم هاتنە بەرچاوم. کوتم: دایە منیش فەوتام، جا وەرە بۆ دوو مەیت بگەڕێ. دەستم لە چڵی گوێنییەک گیر کرد و خۆم گرتەوە. باران هەر دەباری و لافاوەکە زیاتر هەڵدەستا و، تەکانی ئاوەکەش توندتر. هەموو کەس دەزانێ لافاو چۆن هەڵدەستێ، بەڵام کەس نازانێ کەی دەنیشێتەوە و چی لە دوای خۆی بەجێ دێڵێ. خەڵک لە پەنایەکەوە سەیری دەکەن و دڵخۆشن بەوەی کە ئاو نەگەیشتووەتە ئەوان. ئێستا ئیتر ئاوەکە لەسەر من تێپەڕیبوو، تەکانەکانی بەهێزتر و تاقەتی منیش لاوازتر دەبوو. لەسەرمان هەڵدەلەرزیم.  پەنجەکانم گۆیان نەمابوو، هەربینا دەستم لە گوێنییەکە بێتەوە، یاخۆ گوێنییەکە دەستی لە خاک بێتەوە. هەموو گیانم مردبوو، چاوەکانم نەبێ. چاوم لە دۆڵەکە و ئەو دوو شاخە بوو. قەت بە بیرمدا نەدەهات ئەم کێوە دوایین دیمەنێک بێ کە لەگەڵ خۆمدا بەرەو سەفەری مەرگ بیبەم. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە لافاوەکە وەک کۆلکەدارێک هەڵم بگرێ و لەگەڵ خۆیدا بمبا. کوتم: دایە بەخوا ئەم کێوە نامانداتەوە!
بۆ بەیانی کە بەئاگا هاتمەوە، باران لێی کردبووەوە و خۆر لە کێوەکەی ئەوبەری ئاوایی دابوو. مجێوری مزگەوت و چەند پیاوی ئاوایی منیان بە بێهۆشی لە لافاوەکە گرتبووەوە و هەتا ئێستا هەر خەوتبووم. کابرای خاوەن مووچەکەش هاتبووەوە.  دەستی ڕاداشت و کوتی: "ئەو دۆڵە دەبینی؟ ها لەنێوان ئەو دوو شاخەیە، لەوێ بە خاکمان سپارد." لەسەر سینەی ئەو کێوە، دوو شاخ دیار بوون وەک مەمکەکانی دایکم  بەملاولای دۆڵەکەدا شۆڕ ببوونەوە. لەنێوان شاخەکان و لە دۆڵەکەدا، شتێکم دەهاتە بەرچاو، وەک منداڵێکی مەلۆتکەکراو سەری بە سینگی ئەو شاخەوە نابوو و بە بێدەنگی خەوی لێ کەوتبوو. پەڵەیەکی سوور بوو، سێڵاوەکە شۆردبوویەوە و وردەوردە بزر دەبوو. دایکم دەیکوت: "بیهێنەوە… هەرلێرە، لە حەوشەکەی خۆمان دەیشارینەوە. هەموو بەیانییەک هەڵدەستم و لە تەنیشتی ڕادەکشێم، با تێرتێر بۆن بە مەمەکانمەوە بکا."

٩/٩/٢٠١٤



هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر