سازدانی عەلی حەیات نیا ـ کرماشان
و:
شەریف فەلاح
عەلی حەیات نیا: وەک یەکەم
پرسیار بفەرموون لەبەرچی کولتووری رەخنەگرانە لە کۆمەڵگای ئێمەدا جێگای نەگرتووە و
سەقامگیر نەبووە؟
کامران محەمەد رەحیمی: لە ناوچە
کوردنشینەکان بۆشایی و کەلێنی کولتووری رەخنەگرانە، نەبوونی کەش و دۆخی لێکدانەوە
و تاوتوێ گەیشتۆتە ئەوپەڕی خۆی و زۆربەی قەڵەم بەدەستان لە ھەمبەر بەرھەمە فەرھەنگییەکان
چ باش، چ خراپ، بێدەنگی ھەڵدەبژێرن و ئەگەریش شتێکی ئەوتۆ لەم بارەوە بڵاو دەکرێتەوە،
یان تژییە لە شکاندن یان وەسف و پێداھەڵگوتن و لەلایەکی دیکەشەوە ئەوەی کە دەنووسرێ
دەبێ بێ ئەملا و ئەولا لە فیلتەری باند و تاقم و گرووپەوە بگوزەرێت. نەبوونی
کولتووری رەخنەگرانە بۆتە ھۆی جۆرێک لە خۆ نوێنی و خۆبەزلزانی لە ناخماندا و لەڕاستیدا
کۆمەڵگەی نووسەرانمان لەم بارەوە، کۆمەڵگەیەکی بێدەنگ و نائەکتیڤە و چیرۆکی ئێمە چەشنی
نەخۆشێکە کە پێی وایە لەشساغە. مەیل و حەزی نووسین تەنانەت لەناو توێژی خوێنەوار و
ئەکادیمیەکانیش زۆر لاوازە و لەلایەکی دیکەشەوە زۆربەی روانگە و بۆچونەکانمان یان
گریمانەن یان بەبێ رێفرێنسن و ئاماژەدان بە سەرچاوە دەخرێنە روو. بەپێی نەریتێکی
کولتووری بۆ سەلماندنی رایەک، ھەموو کات لە شێعرێک کە لەبەر دەست دایە وەک شاھید و
بەڵگە دەھێنینەوە.
عەلی حەیات نیا: تا
رادەیەک لەگەڵ وتەکانتدا ھاودەنگم، بەڵام ویستم ھۆکارەکانی بەرھەمی ئەم دواییەتان
"بنەماکانی وشەسازی و وشە رۆنان لە زمانی کوردیدا" کە وەک کتێبی نموونەی
ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ھەڵبژێردرا لە زمانی خۆتانەوە ببیستم؟
کامران محەمەدرەحیمی: ئەم کتێبە ھەڵگری
چوار تایبەتمەندیی "توێژینەوە، نووسین و شیکاری و ئەنجام"ە و لەباری فۆرم
و پێکھاتەوە بەپێی دوایین میتۆدە زانستیی ھاوچەرخ نووسراوە، لەلایەکی دیکەوە لەباری
زمانییەوە بۆ یەکەم جارە لە دوو پارێزگای ئیلام و کرماشان کتێبێک بە زمانی پێوەر
نووسراوە و لەباری ناوەرۆکیشەوە دیسان یەکەم جارە لە سەرانسەری ناوچە کودنشینەکانی
ئێران کتێبێک لەم بارەوە دەنووسرێت و لە ئەنجامدا ئەم کتێبە نزیک بە ٢٠ جار لەلایەن
خاوەنڕا و مامۆستایانی زانکۆوە پێداچوونەوەی پێدا کرا و لە گشت گرنگتر ئەوەی کە من
رەخنەی ئەو پسپۆڕ و خاوەنڕایانەم لە کتێبەکە و ناوی رەخنەگرانیشم لە ناسنامەی کتێبەکەدا
گونجاند. جێی خۆیەتی لێرەدا سپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی لە ھەڤاڵانی بەڕیز
"رەزا شەجیعی لە سەقز، دوکتۆر بەختیار سەجادی لە سنە و ئەحمەد ئەحمەدیان لە مەھاباد
بکەم. لەوانەیە ئەم مەسەلانە بووبێتنە ھۆی سەرکەوتنی ئەم کتێبە.
عەلی حەیات نیا: ئێوە
وەک کارناسێک نزیک بە دوو دەیە سەرقاڵی چالاکن ئێستا و داھاتووی دۆخی زمانی کوردی
چۆن لێک دەدەنەوە، لە بنەڕەتدا ئێمە بۆ دەبێ بپەرژێینە سەر زمان و ئەدەبی خۆمان؟ زەروورەتی
چیە؟
کامران محەمەدرەحیمی: لەڕاستدا
زمان میراتی مرۆڤایەتی و لە لە بنەڕەتدا خاوەنی بەھا و توخمی گەوھەرییە. زمان وەک
دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، جیالە رۆڵی پێوەندی، سەرچاوەی ھزر و ئەندێشەشە. لەڕاستیدا
زمان DNA کولتووری نەتەوەیە.
بە سڕینەوە یان لاوازبوونی زمان لە بنەڕەتدا بوون و گەوھەرەی فەرھەنگێک یان نەتەوەیەک
دەکەوێتە مەترسییەوە. لەم دوایانەدا رێکخراوی یۆنسکۆ بە مەبەستی تاوتوێ و پاراستنی
زمانی ئاخێوەرانی زۆر کەم و تەنانەت سەد کەسیش، رێوشوێنی لەبەرچاو گرتووە و ئەمەش
بۆ زمانی کوردی کە بەپێی حەشیمەت زمانی زیندووی دونیا دێتە ئەژمار، باس و خواسێکی
دیکەیە. لەناو چەقی کۆمەڵەی زمانە ئێرانییەکاندا پاش زمانی فارسی لە بواری دەقی پەخشان
و ھۆنراوەوە زمانی کوردی لە پلەی دووەم دایە. ئەمڕۆکە سەدان بڵاوکراوە و دەیان کەناڵی
ئاسمانی بە زمانی کوردی بابەت دەنووسن و بڵاو دەکەنەوە. زمانی کوردی لە زۆرێک لە
زانکۆ بیانییەکان لە زانستی جۆراوجۆر ھەتا ئاستی دوکتۆرا دەخوێنرێت. بەگشتی لە ھەر
کاتژمێرێکدا ھەزاران لاپەڕە بە زمانی کوردی دەنووسرێت و دێتە وەشان. کەوایە رای من
بۆ بەرجەوەند و داھاتووی زمانی کوردی روانگەیەکی خۆشبینانە و روونە. بەڵام ئەوەی کە
کوردان لە سەدەی بیستەمدا نەیانتوانیوە یەکێک لە لق و شێوەزارەکانی زمانی خۆیان وەک
زمانی پێوەر، ھەڵبژێرن یەکێکە لە گەورەترین ئەو گرفتەکانی بەردەم لە داھاتوودا کە
دەبێتە پرسێک و سەرەنجام بە قەیران کۆتایی دێت. چونکە ویست و داوای ھەموان (بە
ستاندارد کردنی زمان) لە چەقی وەھمدا دەسووڕێتەوە. ئەمە لە حاڵێک دایە کە ئاخێوەرانی
زۆربەی زمانە دەوڵەمەن و ناسراوەکان وەک: ئینگلیزی، فەرەنسی و عەرەبی و... لەپێناو
بەربڵاوی و رەخنەکردن لە سەرانسەری دونیا بە جیددی لە بە ئاراستەی پرۆسەی یەکگرتووییدا
ھەنگاو دەنێن. بەڵام کورد لە چوارچێوە و ئاڵقەی بیری عەشیرەیی، ناوچەگەرێتیدا
پووکاونەتەوە و پاسیڤ بوون.
عەلی حەیات نیا: لق و
شێوەزاری جنووبی زمانی کوردی وەک: "فەیلی، کەلھوڕی و لەکی" چ پێگەیەکیان
لە زمانی کوردیدا ھەیە و داھاتوویان چۆ ن لێک دەدەیەوە؟
کامران محەمەدرەحیمی: ئیزن دەخوازم
بەرلە وەڵامدانەوە بەم پرسیارە دوو خاڵی سەرەکی روون بکەمەوە. یەکەم ئەوەی کە شێوەزاری
لەکی بەشێک نیە لە دەستەواژەی بەناو "کوردیی جنووبی"، بەڵکوو لقێکە لە
کوردیی گۆرانی یان پاڵەوانی. ئاخێوەرانی لەک تەنیا جیران و دراوسێی کوردان فەیلی و
کەلھوڕین. وا دیارە ئەو روانگە و بۆچوونەی کە بە پێداگرییەوە دەیھەوێ کوردیی
"لەکی" وەک بەشێک لە کوردی جنووبی لە قەڵەم بدات بە تەمای ھێژمۆنی و وەڕێخستنی
گەلەکۆمەیە. کە من بە شێوەیەکی زۆر ورد و زانسی لە وتارێکدا بەپێی تایبەتمەندییە
زمانییەکان ئاماژەم بەم بابەتە کردووە.
دووەم ئەوەی کە ئەم چەشنە پۆلێن بەندییە
جوغرافییانە بۆ زمان وەک "باکووری، ناوەڕاست و باشووری" زۆر سوننەتی و رەشۆکییانەن
و لە روانگەی زانستی و زمانناسانەوە بایەخێکی ئەوتۆیان نیە. چونکە کوردانی "بیجاڕ،
قوروە، بەشێک لە کەرکووک و کۆمەڵێکی کەم لە ئاخێوەرانی رۆژئاوای کوردستانی تورکیە"
بە شێوەزاری ئێمە قسە دەکەن، بەڵام لە ناوچەی باشوور ھەڵنەکەتوون. ھەتا ئێستا زۆر
کەس شێوەزار و دیالکتەکانی زمانی کوردییان پۆلێن بەندی کردووە. بەم دواییانە کەسێک
ئیدیعای ئەوەی کردووە کە زمانی کوردی ١٣٦ شێوەزاری ھەیە! بەگشتی زۆرینەی ئەم پۆلین
و دابشکردنانە خاوەنی بایەخ و بەھایەکی زانستی نین. بەڵکوو زۆرینەن یان مەزھەبی، مێژوویی،
یان جوغرافیایی یان شاعیرانەن و بەپێی سیستەمی ئاواشناسی، گۆ کردن یان رێزمانی و دەبڕین
و رێنووس یان ئاستی وشەکان نەبووە. لەڕاستیدا زمانی کوردی بەپێی پرۆسەی گەشەکردن و
فراژوو (تکامل) دوو لق زیاتری نیە. یەکەم: گۆرانی بە شێوەزارەکانی وەک: ھەورامی، لەکی
و زازارکی. دووەم: کورمانجی کە سێ لقی گەورەی ھەیە: ١ ـ کورمانجیی رەسەن و کۆن ٢ ـ
کورمانجیی ناوەڕاست کە بریتییە لە سۆرانی، جافی، ئەردەڵانی و گەرمیانی ٣ ـ کورمانجیی
نوێ بریتییە لە کەلھوڕی و فەیلی و ئەم لقە
لەم دواییانە لە ئێران بە کوردیی کرماشانی و لە دەرەوەی وڵات بە کوردیی فەیلی
ناوبانگی دەرکردووە، ھەڵبەت لە دەرفەتی لەباردا ھەموو بەڵگە و فاکتە زانسی و
زمانناسییەکانی خۆم لەم بارەوە لە دووتوێی وتارێکی جیاوازدا دەخەمە روو.
بەڵام لەبارەی کورمانجیی نوێ یان
کەلھوڕی ـ فەیلی، دەبێ ئاماژە بەوە بکەم ئەم لقە بەپێی حەشیمەت، وەک سێیەمین لقی
زمانی کوردی دێتە ئەژمار و خاوەن رەسەنایەتی و زمانڕەوانییەکی زۆرە و بەشێکی زۆر
تایبەتمەندییە بنەڕەتی و رەسەنەکانی زمانی کوردیی پاراستووە. لەبارەی وشە و
ھاوواتاییەوە بۆ زمانی پێوەر زۆر دەوڵەمەندە. بەپێی ئەو موتاڵایەی کە چەندین ساڵە
لەسەر زمانی کوردی ئەنجامم داوە، بە لێبڕاوەییەوە رادەگەیەنم کە سیتسمی واکناسی و
ئاواشناسیی ئاخێوەرانی فەیلی و کەلھوڕی کەمتر تووشی ئاڵوگۆڕ بوون و لەم رووەوە ھەرچەشنە
کەمتەرخەمی و پشت گوێ خستنێکی شێوەزاری "فەیلی ـ کەلھوڕی" خەسارێکی قەرەبوو نەکراوە لە پەیکەری
فەرھەنگ و زمانی کوردی دەدات. ھەڵبەتە ئەم کەمتەرخەمییە دوولایەنە بووە. یەکەم ئەوەی
کە نەوەی نوخبەی پێشووی ئێمە کەمتر بە شێوەزاری خۆیان و نوێکردنەوە و کارکردنی
گرنگییان داوە، دووەەمیش نوخبە و نووسەران لە ناوچەکانی دیکە، کەمترین زانیارییان
لەمەڕ ئاخێوەرانی ئێمەوە ھەیە. کەوایە ئێمە پێویستیمان بەوە کە بەرھەمی زمانی و ئەدەبیی
خۆمان زیاد بکەین و توانایی و تایبەتمەندییەکانی شێوەزاری خۆمان بە کەسانی دی بناسێنین.
ھاوکات دەبێ ئەم مەسەلە سەرەکییەش لەبەرچاو بگرین کە بەرلە ئیسلام یەکەم حەرەکەت و
بزاوتی ئەدەبی، زمانی و فکریی کوردی لە ناوچەکانی باشووری رۆژھەڵاتی کوردستان بە
ناوەندێتیی "کرماشان" بووە.
عەل حەیات نیا: یانی
بەڕای ئێوە پێشنیە و مێژووی نووسین لەناو ئاخێوەرانی باشوور لە ژانری شێعر و ھۆنراوە
لە کورمانجی و سۆرانی زێدەترە؟
کامران محەمەدرەحیمی: ئیزن دەخوازم
دیسان من دوو وەڵامی جیاواز بەم پرسیارە بدەمەوە. بەڵێ، لەبەرئەوەی کە یەکەم ھۆنەر
و شاعیران لە سەرەتاکانی سەدەی دووەم و سێیەمی کۆچی وەک: بەھلوولی ماھی، شاخۆشین،
سەرھەنگ دەوان و فاتمەی لوڕە لە ناوچەکانی ئیلام و کرماشان و لوڕستان ژیاون، بەڵام
نا بەو ھۆیەی کە زمانی ئەدەبیی ئەو سەردەمە سەدەی سێزدەیەمی کۆچی (٢٠ی زایینی)،
کوردیی گۆرانی بووە و بەھۆی دەسەڵاتی کوردانی حوسنەویە و بزووتنەوەی فکری ـ دینیی یارسان
کە سەرانسەری ناوچکەی تەنیبۆوە، بەربڵاویی شوێن و کایگەریی ئەم شێوەزارە تەنانەت ھەتا
ھەمەدان، سەقز، لوڕستان، مەندەلی، خانەقین و شارەزوور و سلێمانی گەیشتووە.
کەوایە بێژەران، ھۆنەر و شاعیران ەناو
خەڵکی جنووبدا بە زۆرینە "لەک و جافی، فەیلی و کەلھوڕ" بوون، وەک: خانەی
داجیوەند، مەلا حەقعەلی سیاھپۆش، غوڵامڕەزار ئەرکەوازی، باوانە، سەید یەعقووب مایەشتی،
خانەقای قوبادی و... بەڵام زمانی شیعرییان بێگومان کوردیی گۆرانی بووە. بەڵام ئەوانەی
کە پێداگری دەکەن کە بەرھەمەکان بە شێوەزاری "گۆران"ی بە کوردیی باشووری
نووسراون، لەڕاستیدا بەناو پرۆسەی پێشینە و مێژووسازیی وەھمیدا ھەنگاو ھەڵدەگرن و
ناگەنە مەنزڵ، چونکە بەڵگە و دادە زمانناسییەکان ئەم مەسەلەیە پەسند ناکەن. بەگشتی
ئەم روانگەیە ھێندە رووکەشیانەیە وەک ئەوە وایە کەسێک بێت و ئیدیعای ئەوە بکات بەھۆی
لێکچوونی زمانی، زمانی شیعریی شانامەی فیردەوسی، ھەمان زمانی فارسیی تارانیە!.
عەلی حەیات نیا: بەڵام
ھەندێ لە نووسەر و ساغکەرەوەکان لەو باوەڕە دان زمانی شیعریی ئەو دەفتەر و دیوانانە
وەک شانامەی کوردیی شیرین و فەرھاد و... تێکەڵاوێکە لە کوردیی باشووری و گۆرانی؟
کامران محەمەدرەحیمی: ئەم روانگەیەش
رەت کراوەیە، چونکە ھەروەک ئاماژەم کرد تەنیا شوێنی ژیانی ئەم شاعیرانە ناوچەکانی
جنووبی رۆژھەڵاتی کوردستان بووە، بەڵام زمانی شیعرییان بێگومان گۆران بووە، لە کوێی
کوردیی باشووریدا ئەم وشانە، جێناو و کرداری بنەچەی وەک: مەواچم، واتم، ئینە، جە،
وێییەردەن، یاوام، ئاما، وست، وەنین، ھوون و... یان تایبەتمەندیی رێزمانی وەک ئێرگاتیڤ
(ergative) بەکار دەبرێت؟
بە مەبەستی روون بوونەوەی وێکچووی زمانیی ئەم شیعرانە لەگەڵ کوردیی باشووری، من
ئاماژە بە دوو خاڵی سەرەکی دەکەم: ١ ـ میرزا و خۆوێژ و گێڕەرەوانی ئەو شیعرانە بە
درێژایی مێژوو بەھۆی ناشارەزایی، زۆرێک لە وشەکانی کوردیی گۆرانییان لەگەڵ وەشەی
کوردیی باشووری تێکەڵ یان شێوەزاری خۆیان لەجێیان داناوە و لەم سەردەمەی دواییشدا
ھەڵەچنەکان و ساغکەرەوەکان، ئاگایانە و بە ئەنقەست بەھۆی دەمارگرژیی خێڵەکی و ناوچەیی،
زمانی شیعری و بەیاز و نوسخە و دەستنووسەکانیان گۆڕیوە و خەوشداریان کردوون ھەتا
بتوانن لەم رێگایەوە پێشینە یان شانازییەک بۆ شار یان زاراوەکەی خۆیان مسۆگەر بکەن.
بەم دوایانە بەڕێز حەمید ئیزەدپەنا یەکێک لە نووسەرانی چالاکی لوڕستان شانامەی
کوردیی لەژێر ناوی "لەکی"دا چاپ و بڵاو کردۆتەوە، ئەوەی جیچگای سەرنجە
زمانی ئەو بەرھەمە لەسەدا سەد کوردیی گۆرانییە و ھیچ پێوەندییەکی بە شێوزاری
"لەکی"یەوە نیە و لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە ئەم توێژەرە، نوسخە کۆن و رەسەنەکانی
ئەم شانامەیەی لە ئیسلام ئابادی کرماشان دۆزیوەتەوە. کەوایە سەرەڕای بوونی ئەم دەمارگرژییانە،
پلەی توێژینەوەکان ھەتا ئاستی وڕاجی و شێواندنی سەرچاوەکان دابەزیون.
٢ ـ لەلایەکی دیکەشەوە ھۆی وێچکوونە
زمانییەکان لە نێوان گۆرانی و کوردیی فەیلی و کرماشانی یان لەکی، کە سەری لە زۆر کەس
شێوانووە و بەلاڕێدا بردوونی، بۆتە ھۆی ئەوەی کە بگەنە ئەنجامی نازانستی، بۆیە نەتەنیا
کوردیی گۆرانی، بەڵکوو زۆربەی شێوەزارەکانی زمانی کوردی لە بواری وێکچووی وشەکانەوە
ئەگەر بێت و بخرێنە تەرازووی بەراورد و ھەڵسەنگاندنەوە، نزیک بە ٧٠% لێک دەچەن. کەوایە
لە رووی ئەم وێکچووە زمانییانەوە ناکرێ بگەینە ئەو ئەنجامەی کە زمانی شیعریی
"خانەی داجیوەند" لەکی و "شاکە و خان مەنسوور" کەلھوڕی و
"سەید یەعقووب مایەشتی" زەنگەنە و "غوڵامعەلی باوانە" مەلەکشایی
و "مەولەوی"ی کوردیش جافییە.
راستییەکەی ئەوەیە وشە دەربڕین و
تایبەتمەندیی رێزمانیی زۆربەی ئەو شیعرانە یەکانگیرییەکیان ھەیە و پێرەوی لە کوردیی
گۆرانی دەکەن. بۆ مەگەری دەلوێ شاعیرێک لە وشەکانی شێوەزاری خۆی کەڵک وەربگرێ بەڵام
چاوپۆشی لە تایبەتمەندییە رێزمانییەکانی بکات؟ من ھەمیسان بۆ روون بوونەوەی ئەم مەسەلەیە
لە چوارچێوەی رەوتی گۆڕانکاریی زمانی فارسی نموونە دێنمەوە. ئایا زمانی نووسینی
"بەیھەقی، ئەسەدی، تووسی و فیردەوسی" لەگەڵ زمانی "حافز و سەعدی و
خاجو کرمانی" وێکچووی زۆریان پێکەوە نیە؟ بەڵام ئەدیب و شاعیرانی گرووپی یەکەم
لە قوتابخانە و شێوازی "خوراسانی" و ھەروەھا گرووپی دووەمیش لە شێوازی
"عیراقی" پۆلێن بەندی کراون.
بەڕای من ئەم چەشنە بڕیاردان و پێشینە
سازکردنانە بەرھەمی نائەکتیڤی، قەیرانی ناسنامە و رەکەبەرێی خێڵ و عەشیرەگەرییە و
بێگومان بە ھیچ ئەنجامێک ناگات. راستییەکەی ئەوەیە کە کورمانجیی نوێ یان ھەمان کەلھوڕی
ـ فەیلی بە پێشەنگیی شاعیران: شامی، پەرتەو کرماشانی، تەمکین و..... لە سەردەمی
ھاوچەرخدا سەریھەڵدوە.
عەلی حەیات نیا: بابەتەکان
جێگای سەرنج، نوێ و باس خولقێنن، بەڵام ئەگەر راتان لەسەر بێت بگەڕێینەوە سەر پرسیاری
پێشوو، پۆلێن بەندیی بەڕێزتان بۆ شێوەزارەکانی زمانی کوردی زۆر نوێخوازانە،
زماناسانە و سەردەمیانەیە، بەڵام لەم دابەشکردنەدا ئاماژەیەک بە ئاخێوەرانی "لوڕی"
نەکراو، راستی بۆ وتارەکانی خۆتان لەم بارەوە بڵاو ناکەنەوە؟
کامران محەمەد رەحیمی: بەپێی بەڵگەگەلی
مێژوویی، ئێتنیکی، مۆسیقا و فۆلکلۆر و... "لوڕ"ەکان ھەموو کات وەک بەشێک
لە خەڵکی زاگرۆس ھاتوونەتە ئەژمار، بەڵام بە درێژایی مێژوو شێوەزاریان لەژێر کاریگەریی
زمانە ئێرانییەکاندا گۆڕانکاریی بەسەردا ھاتووە. ھەرچەند ئێستاش پێکھاتە کوردییەکەی
خۆی پاراستووە، بەڵام بەدوور نەبووە لە خەساری ئەو کاریگەرییە. لەڕاستدا "لوڕی"
پردی پێوەندی زمانەکانی باشووری رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوای ئێرانی ئەھووراییە. لە
وەڵامی پرسیاری دووەمدا دەبێ بڵێم توێژینەوە لەبارەی دابش و پۆلێن بەندیی زاراوەکانی
زمانی کوردی زەین و پێنووسی زۆر کەسی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، لە حاڵێکدا ئەو لێکۆلێنەوانە
ھەرچییەک بن لەپێناو خزمەت بە گەشەکردنی زمانی کوردی کەمترین قازانجیان ھەیە و بەڕای
من جۆرێک خۆخافڵاندن و بۆ سەرلێشێواندنە.. دوکتۆر محەمەد موعین لە پێشەکیی فەرھەنگی
"بورھان قاتع"دا بۆ زمانی فارسیی ٤٤ شێوەزاری دەست نیشان کردووە، بەڵام
دواتر ھەموو توێژەران لە بەرھەمەکانی خۆیاندا لەبارەی ئەم مەسەلەوە بێدەنگی ھەڵدەبژێرن
و کەمتر لەسەری دەڕۆن، توێژەرانی ئێمەش دەبێ بپەرژێنەنە سەر پرس و کێشە سەرەکی و ئەمڕۆییەکانی
بەردەم زمان، نەک لێکۆڵینەوەی سوننەتی، سەلەفییانەی بێسوود!
عەلی حەیات نیا: بەم
دوایانە ھەندێ لە دایک و باوکان لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام لە قسە و ئاخاوتن
بە زمانی زگماکی لەگەڵ منداڵان خۆیان دەبوێرن و مەیلیان بە زمانی فارسی زیاتر بووە،
ھۆکار و رێگاچارەکان چن؟ دەبێ چ بکرێت؟
کامران محەمەد رەحیمی: ھەروەک پێشتریش
باسم کرد زمان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە، ئەگەر بێت و سۆنگە و ئاراستەی گەشەکردنی دەست
نیشان نەکەین، بێگومان پەراوێز دەخرێت و لەبیر دەچێتەوە. بەڵام ھۆی ھەڵگەڕانەوەی خەڵک
لە زمانی دایکی پێوەندیی بە چەند ھۆی غەیرە زمان ناسیی وەک: ناوەندگەرایی، وەھمی مۆدە
و خۆگرتن، گەڕان بەدوای پرستیژی کۆمەڵایەتی، پەروەردەی خۆڕایی، بیرۆکەی وەھماویی لەسەرەوە
بوونی منداڵان لەلایەن دایک و باوکەوە، کەمکاریی نوخبە و رۆشنبیرانی ناوچە لە رەوشەنگەری
و رێنوێنیی بیروڕای گشتیی خەڵک و... . دەبێ سەرەتا دایک و باوکەکان ھوشیار بکرێنەوە
کە لە نێوانم فێربوونی زمانی فەرمی و زگماکی (کوردی)دا پێناکۆکییەک نیە، بەڵام وەلانانی
زمانی دایکی نابێتە ھۆی پێشکەوتنی منداڵ،
بەڵکوو دەروونناسان لەو باوەڕە دان ئەو منداڵانەی کە ھاوکات دوو یان چەند زمان پێکەوە
فێر دەبن، گەشەی ئەقڵ و ھۆش و ئاستی لێکدانەوە و سەرکەوتنیان لە خوێندن زیاتر دەبێت.
وەک ئەوە وایە قوتابییەک جیالە زانسی فیزیک، ھاوکات بیرکاریش فێر ببێت. لە وڵاتی کەنەدا
سێ زمانی فەرمی ھەیە و بەپێی ئامار، زۆرترین رێژەی داھێنەر و بیرمەندان لەو وڵاتەیە.
دایک و باوکان دەبێ بھێڵن منداڵان بە شێوەیەکی زانستی و ئوسوولی زمانی فەرمی لە
قوتابخانە فێر ببن. چونکە ھیچ کەسێک تەنانەت
دوکتۆرای ئەدەبیاتی فارسیش ناتوانێ ئیدیدعا بکات کە بەسەر ھەموو ئاستەکانی زمان بۆ
وێنە ناوی باڵندە، گیاکان و حاڵەت و ھەموو دیاردەکان و... شارەزایی ھەیە، بەڵکوو لە
زانکۆ تەنیا دەقە کۆنەکانی پەخشان و ھءنۆاوەی خوێندووە، ئێستا ئیدی رێگای قوتابی و
خوێندەوارانی رشتەکانی دیکە دیارە! دەبێ سەرنج بەوە بدەین کە ئێمە تەنیا ئاشنایەتمان
لەگەڵ فارسیی نووسراوەدا ھەیە و شارەزاییەکی ئەوتۆمان لە قووڵایی و توێیەکانی فارسیی
زارەکی نیە. ئایا چ ھەڵیەک لە گۆڕێ دایە کە ئێمە وەک ئیسفەھانییەکان، مەشھەدی،
باکووری و تەنانەت تورکەکان بە توێژاڵێک شێوەزارەوە بە فارسی بئاخوێین؟ لەڕایتدا ھۆکاری
ئەم ھموو خۆدۆڕاندن و خۆ بە کەمزانینە چییە؟ ئەمڕۆ ئێمە بە روونی دەبینین کە ئەو
منداڵانەی بە فارسی قسە دەکەن، زمانیان پڕە لە وشە، دەستەواژە و تەنانەت شێواز و دەربڕینیان
کوردییە لەوانەیە لە داھاتوودا شێوەزارێک وەک فارسیی کرماشانی ساز بکرێت کە نە بۆ
فارس زمانەکان و نە بۆ کوردانیش فام بکرێت!
چونکە ئەو شتەی کەلە ماڵەوە بە ناچاری فێری منداڵەکانمانی دەکەین، نە فارسیە و نەکوردی
و بە قەولی ھەڤاڵێک "کورسی"یە، یان تێکەڵاوێکە لە نێوان کوردی + فارسی
دا.
من بابەتی سڕینەوە، وەلانان یان
پاراستنی زمانی دایکی لە چەند روانگەوە لەگەڵ دایک و باب، خوێندەواران، و بەتایبەت
نوخبە و مامۆستا و پێڕەوانی ئایینی دێنمە بەرباس:
١ ـ لە روانگەی دینییەوە: بەپێی رێنوێنییەکانی
قورئان " زمان و بەرفرەھیی نژادەکان، یەکێک لە نیشانەکانی ھێز و تونایی ئیلاھییە"
کەوایە بۆچی دەبێ منداڵەکانمان لەم نیعمەتەی خوادوەند بێبەش بکەین؟ پاراستنی زمانی
دایکی پاراستنی فەرھەنگە و پاراستنی فەرھەنگیش، دژایەتییە لەگەڵ ئاسیمیلاسیۆن و ھێرشی
فەرھەنگی.
٢ ـ لە روانگەی عەقڵانییەوە: راستییەکەی
ئەوەیە دانوستانی و دیالۆگی شارستانییەتەکان لەسەر ئەوە بنیسات نراوە کە لەم ئاڵووێرانەدا
سەرەڕای پاراستنی بوون و رەسەناەیتیی خۆمان، کەڵک لە توخمە ئەرێنییەکانی کولتوورەکانی
دیکەش وەربگرین، کەوایە وەلانانی زمانی خۆمان عەقڵانی نایەتە بەرچاو.
٣ ـ لە روانگەی مرۆییەوە: پاراستنی
زمانی دایکی، لە پاراستنی ژینگە، شێوازە دەگمەنەکانی روەک و بوونەوەرکان، بە دامەزرانی
ھەزاران دامەزراوە و پسپۆڕ، پڕ بایەخ و بەسوودترە.
٤ ـ لە روانگەی موتاڵا، زانست و
زانیارییەوە: بەو پێیەی کە زمان خاڵی ھالوبەشی نێوان مرۆڤەکان و لە بوونەورانی دیکەی
جیا دەکاتەوە و بەرھەمی مەعنەویی کولتوورە، لە گەوھەری خۆیدا ھەڵگری بەھا، موتاڵا
و فێرکارییە و تەنانەت ئەگەر یەک لاپەڕەشی پێ نووسرابێت و بە قەرا قامکەکانی دەستیش
ئاخێوەریشی ھەبێت.
عەلی حەیات نیا: بەڵام ھەندێ لە
دایک و باوکان پاساو دێننەوە ئەو منداڵانەی کەلە تەمەنی پێش قوتابخانەدا زمانی فەرمی
فێر نەبن، لە قوتابخانە گۆشەگیر و کەم دۆ دەبن و لە ئەنجامدا تووشی رگفتی خوێندن و
دواکەوتن دەبن، ئاخۆ دەبێ بۆ چارەسەریی ئەم گرفتە چ بکرێت؟
کامران محەمەد رەحیمی: ھەموو
زانستەکان بابەتێکی جیھانین. قوتابی دوبا لە لاپەڕەی تاقیکردنەوە یان لەسەر تەختەڕەش
وەڵامی بیرکاری یان ھەندەسە بداتەوە، ئێستا چ جیاوازییەکی ھەیە کە زمانەکەی چینی بێت
یان عەرەبی. ھەروەک خوێندکارانی سەرانسەری جیھان لە ئۆلەمپیادەکاندا بەشداری دەکەن
و پرسی زمان نە دەبێتە ھۆی پێشکەوتن و نە دەشبێتە ھۆی دواکەوتنیان! لە بنەڕەتدا بەشداری
و لە بنەڕەتدا حزوور و بەشداریی قوتابی و منداڵانی لادێی و عەشیرەکان لەناو زانکۆکان
پێچەوانەی ئەو مەسەلەیە دەسەلمێنێ. ئەگەر قوتابییەک لەناو پۆل پەراوێزنشین یان کەم
دۆوە، پێوەندیییەکی بە جۆری زمانەکەیەوە نیە، بەڵکوو پێوەندیی بە تیپی و رەفتاری کەسایەتییەوە
ھەیە. بگرە ئەم منداڵە ھەر لە گەوھەردا کەم قسە و کەسێکی دەروونگەرا بێت، بۆیە ھیچ
لە مەسەلەکە ناگۆڕێ کە لە ئیلام، تاران یان بەغدا بژیت. بەڵام لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی
کە دەبێ چ بکەین؟ رێکارەکان زۆرن بۆ وێنە: ١ ـ گەشە و پەرەدان بە بەرھەمھێنانی فەرھەنگی
و ئەدەبی و بەتایبەت بەرھەمی مندلڵان، ئایا ئاستی بەرھەمھێنانی بەرھەمی کوردی چەندە
و لەم نێوەدا بەرھەمی منداڵان پشکی چەندە؟ ٢ ـ بەڕێوەچوونی کۆڕ و کۆبوونەوەی لێکدانەوە
و خەسارناسیی ئەم دیاردەیە لە سیمینار و ئەنجومەنەکان، لە حاڵێکدا بە زۆری چالاکیی
ئەنجومەنە ناوچەییەکانی ئێمە بەگشتی لە
چوارچێوەی شیعر و شاعیری دایە. ٣ ـ رەخنە و لێکدانەوەی ئەم پرسە لە رۆژنامە
و چاپەمەنییەکان، وێبلاگ و راگەیەنە گشتییەکان. ئەمە لە حاڵێک دایە بەرنامە خۆماڵی
و ناوچەییەکانی کەەناڵە ئاسمانییەکانی ئێمە بەگشتی لەبارەی ژیانی عەشیرە و خیڵەکی،
چۆنیەتیی سازکردنی دۆ و نان ساجی و ناساندنی کێو و تاڤگەکانە. ٤ ـ بانگھێشت کردنی
نوخبە، مامۆستایانی ئایینی، مامۆستایانی زانستگا بە مەبەستی خستنە بەرباسی رێکار و
رێنوێنییەکان.
بەگشتی بابەتەکە روون و ئاشکرایە
ھەتا چ رادەیەک بەرھەمھێنانی فەرھەنگی پەرە بستێنێ، ئاستی ئۆگری و مەیل بە زمانی
زگماکیش ھێندە روو لە زیادبوون دەکات. لەڕاستیدا لە رێگای بەرھەمھێنانی فەرھەنگییەوە
خۆراکی فکری ـ فەرھەنگیی خوێنەر و لایەنگران دابین دەکەین و لە درێژماوەدا دەبێتە
ھۆی سازبوونی باڵانس و ھاوسەنگی. بۆ ویچنە دۆخی فەرھەنگیی کرماشان لە دەیەی شەستی
ھەتاوی (دەیەی ٨٠ی زایینی) لەگەڵ دەیەی ٨٠ی ھەتاوی (دەیەی ٢٠٠٠ زایینی) بە ھیچ لەونێک
بەراورد ناکرێت ، چونکە ھەلومەرجی کرماشان بە سەرھەڵدانی نووسەرانی رەسەن و دڵسۆز بە
ئاراستەی باشتربوون و نۆژەن بوونەوەدا ھەنگاو دەنێت. ئەگەر نوخبەکانان وەک :
"ئەبولقاسمی لاھووتی،عەلی ئەشرەف دەرویشیان، عەلی محەمەد ئەفغانی و مەنسوور یاقووتی"
وەکوو نیما یوشیج و شەھریار و... لە دەیەکانی
رابردوو تەنیا تاقە شیعر یان چیرۆکێکیان بە زمانی کوردی نووسیبا، ئێستا تووشی ئەم
دۆخە ئاڵۆزە نەبووین. کورتی ببڕمەوە ئەوەی کە ئەمڕۆ مەسەلەی داگیرکاری و ھێژمۆنیی
رۆژئاوا یانی: یەک جیھان و یەک زمان کە لەلایەن تیۆری داڕێژانەوە ھاتۆتە گۆڕێ،
تووشی گرفتی جیددی ناوەرۆک و جێبەجێ کردن بۆتەوە و نالۆژیکی و ناکردەیی بوونی بۆ ھەموان
ئاشکرا بووە.
عەلی حەیات نیا: ئەو
بەرفراوانی و زۆریی زاراوەیەی کەلە زمانی کوردیدا ھەیە لە زمانی تورکی، فارسی و عەرەبیدا
بەرچاو ناکەوێ. ئایا ئەم بەرفراوانیەی شێوەزارەکان لە ھەلومەرجی ئێستادا ھەڕەشەیە یان
دەرفەت؟
کامران محەمەد رەحیمی: بێ ھیچ لە
روودامانێک بڵێم لە روانگەی زمانناسییەوە ھیچ زمانێک لەوی دیکە سەرتر نیە. ھەموو
زمانەکان کامڵ و بێ کەمایەسین، چونکە بە درێژایی مێژوو و لەناو کۆمەڵدا، رۆڵی پێوەندیی
خۆیان بۆ ئاخێوەرەان بە باشی بینیوە و دەبینن. بەڵام لەبارەی فرەیی زاراوەکان لە زمانی کوردیدا دەبێ بڵێم بەرفرەھەیی شێوەزاری
زمانی پڕ بایەخە و نیشانەی دەوڵەمەندییە کە ئەگەر بێت و ئەکادیمیا، ناوەندە باڵاکانی
پەروەردە و ... ھەبن و بتوانن لە توانایی و تایبەتمەندییەکانی ئەو شێوەزارانە کەڵک
وەربگرن، بەڵام لە ھەلومەرجی ئێستادا کێشە و ناکۆکی و زۆریی زاراوەکانی زمانی کوردی
خەساریکی جیدییە. بۆ روون بوونەوەی ئەم مەسەلەیە نموونەیەک دێنمەوە: ئێمە لە ھەمبەر
کرداری "می خواھم"ی فارسیدا ئەم ھەموو ھاوواتایەمان لە زمانی کوردیدا ھەیە:
"دەمەوێ، توام، مەتوام، خوازم، دخوازم، خوازم، مەخوازم، مێتم، گەرەکمە، مە
ھام و..." ئەگەر لە نووسینی فەرمیدا ھەرکام لەو وشانە بەکار بھێنین، لەوانەیە
ھەندێ لە ئاخێوەران لە ناوچەکانی دی تێنەگەن، یان تووڕە بن کە ئاخۆ بۆ لە وشە و
ھاوواتای شێوەزار و بن زاراوەی عەشیرە و خێڵی ئەوان کەڵک وەرنەگیراوە. لەلایەکی دیکەشەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە ئێمە بۆ ئەم ھەموو وشە و دەستەواژە فەلسەفی، زانستی، دەروونناسی
و... لە شێوەزارەکانی دیکە ھاوواتامان نیە کە ئەمەش خۆی خەسارێکی جیددییە. لەڕاستیدا
زۆری و بەرفرەھیی شێوەزارەکان شانازی نیە، بەڵکوو نیشانەی گەشەنەکردن و پێش نەکەوتنی
زمانە. بەم دوایانە یەکێک لە دۆستان بەتەما بوو کتێبی فێرکاریی خۆشنووسی بۆ یەکەم
جار بە زمانی پێوەری کوردی بنووسێت. بۆ دیتنەوەی ھاوواتا و وشە لێکچووەکان داما و
دەستی لێ ھەڵگرت. ئێستا ئیدی چارەنووسی شێوەزارەکانی دیکە دیارە.
عەلی حەیات نیا: مەبەست
لە گەشەنەکردنی زمان بە چ واتایەکە؟
کامران محەمەد رەحیمی: ئەگەر لە
زمانێکدا بۆ ئیدیۆم (idiom) یان واتایەک چەندین ئیدیۆم ھەبێت و بۆ ئەو ھەموو وشە و دەستواژە
بیانییانەی کە ھەیە واتاسازی نەکرابێت، دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەم زمانە
و ئاخێوەرانی لە سەردەمی سوننەتیدا دەژین و لەگەڵ گۆڕانکاریی نوێی کۆمەڵایەتیدا
ھاوئاھەنگ نەبووە. زمانی مۆدێڕن، زمانێکە کە رێژەی وشەی ھاوواتا ستاندارد بکات و بە
مەبەستی وشەی زۆری بیانییەکان، پلانی زمانی و واتاسازی دابڕێژێت، بۆ وێنە لە کوردیی
باشووردا بۆ واتای "بسیار"ی فارسی سێ وشەی "فرە، فریە و فەرە"
لە گۆڕێ دایە و بەپێی شێوازی باو و رێوشوێنی زمانی و واتاسازی و ئاستی بەکارھێنان
دەبێ یەکیان وەک فۆرمی ستانداردی نووسین پێشنیار و بناسرێت و ئەوانی دیکەش وەک خەزێنەی
زمانی دانبرێن، چونکە وەشەکانی دیکە وەک خۆیان لە ئاخاوتن و ئەدەبی زارەکیی خەڵکدا
وەک خۆیان دەمێننەوە. یەکێک لە فاکتۆرەکانی مۆدێڕنیزم، سەرھەڵدانی زمانی زمانی
ستاندارد و تۆمار و بە فەرمی کردنی شێوەزارەکانی دیکەیە وەک خەزێنە و پاڵپشتی زمانی،
ھەمان پرۆسە و ئەزموونێک کەلە زۆربەی زمانە پلە یەکەمەکانی جیھاندا روویان روویان
داوە، چەشنێک کە ئەمڕۆ ئەدیب، مامۆستا و شارەزایانی زمانە زیندووەکان، تەنیا یەک شێوازی
تۆمار کراو و یاسایی وشەکان و تایبەتمەندیی رێزمانی بۆ زمانی نووسین، پەروەردەی
گشتی و راگەیەنەکان بەکار دەھێنن و وشە ھاووتاکانی دیکە لە وشەدان و فەرھەنگەکان وەک
خەزێنە دەپارێزن و تۆماری دەکەن. بۆ وێنە لە زمانی فارسیدا لە رابردوودا بۆ کرداری
رابردووی دوور ھەبووە وەکووە "ھمی رفتم، ھمی رفتمی، برفتمی، ھمی برفتم
و..." بەڵام ئەمڕۆکە لە فارسیی پێوەر و نویسیاریدا تەنیا "می رفتم"
(دەڕۆیشتم) تۆمار و پێشنیار کراوە، ئەمە لە حاڵێک دایە شێوازی زارەکیی فارسی خاوەنی
تایبەتمەندیی تایبەت و جیاواز لە یەکترە. دواکەوتنی زمان تەنیا لە ئاستی وشەکاندا
نیە، ئەمڕۆ چوار ئەلف و بێی لاتین، سیریلیک، ئارامی و ئاوانووسیی لاتین (IPA) و چەند ئەلف
و بێی سەلیقەیی لە کوردستان رەچاو دەکرێت، بەداخەوە لە سەدەی ٢١دا ھێشتا ئەلف و بێیەکی
یەکگرتووی کوردی بەدینەھاتووە. ھەر لەم باشوورەدا (کرماشان و ئیلام) "ŭ" بە پێنج
شێوەی " و، وی، یو، و، ۆ" دەنووسرێت. لە ئەنجامدا دەکرێ ئاماژە بە گەشە
نەکردن لە بواری ناوەرۆک و شێوازە ئەدەبییەکانیش بکرێت. لاوازیی پەخشان و ھێژمۆنیی
و زاڵیی شیعر، یەکێک لە فاکتۆرە گرنگەکانی گەشەنەکردوویی. بۆ وێنە زۆرینەی چالاکییە
ئەدەبییەکان لە باشوور و ژانردا زیاتر لە بواری شیعر و شاعیری دایە. ئەویش بەبێ بەردەوامی
و ئەگەریش رەخنەیەک بنووسرێت، بەھۆی رەفتار و ھەڵسوکەوتی تاق و دەستەگەری زیاتر جۆرێکە
لە ناساندن و وەسف و پێیاھەڵگوتنە و لەبواری رۆژنامەنووسی، پەخشان نووسین، وەرگێڕان،
کورتیلە چیرۆک و شانۆنامە و... یان ھیچ لە گۆڕێدا نیە یان ئەگەریش ھەبێت زۆر لاواز
و کەمڕەنگە. ھەرچەند دۆخەکە بەرو باشتر بوون دەڕوات، بەڵام وەڵامدەر نیە، لە بنەڕەتدا
بەھەمھێنانی چیرۆک و رۆمان و بڵاوبوونەوەی رۆژنامە یانی لەدایک بوونی نەتەوە و
چوونە ناو دونیای نوێخوازی و مۆدێڕنیزمەوە.
ھەڵبەتە بێگومان لە ھەمبەر تیۆرییە
نوێیەکان، بەرەنگاری و بەرە و رووبەڕوو بوونەوە و رەخنەگەلێک دێنە گۆڕێ، بەڵام بە
تێپەڕینی کات، مۆدێڕنیزم، ھەست کردن بە نیاز، گۆرانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و گەشەی
عەقڵانیەت ھەموو ئەم دژایەتی، پێکناکۆکییە زەینییانە چارەسەر دەکات و ئەگەر ئەوە
قبووڵ کبەین کەلە سەدەی ٢١دا دەژین و کۆمەڵگە چاروەڕوانیی ئەمڕۆیی و سەردەمیانەی لە
نووسەر، زمان و ئەدبیات ھەیە.
عەلی حەیات نیا: ئاخۆ
بەڕاستی ریشە و توێکاریی دژایەتیی لەم چەشنە (زاراوەیی) لە کوێ دایە؟
کامران محەمەد رەحیمی: پێوەندیی بەھۆی
جۆراوجۆرەوە ھەیە، یەکیان لاوازیی تیۆریک و نەبوونی پۆلێن کردن و بەربڵاویی تیۆرییە
نوێیەکانە، یەکی دیکەش ئەوەیە کە ئێمە لە قۆناغی پەڕینەوە لە سوننەتەوە بۆ نوێگەراییدا
دەژین، کەوایە رووبەڕوو بوونەوە لەگ ھەمبەر نوێگەرایی، سروشتییە لە گشت گرنگتر مامۆستا،
شاعیر و نووسەرانی بە پێشینە و رێزداری ئێمە، بەگشتی رێزمانی سوننەتی بە سەرچاوە و
رێگاچارەی گرفتەکان دەزانن و ئەگەریش لە بواری زمانناسیدا موتاڵایان کردووە، بەھۆی
نەبوونی وەرگێڕانی دەقی نوێ، تەنیا بەریان و روانگەیەکی وەسف و پەسنانەی زمانناسانەیان
ھەیە، لە حاڵێکدا ئەمڕۆ دەیان کتێب لە بواری بەرنامە و پلانداڕێژیی زمانی یان تیۆری
و میتۆدگەلی جۆراوجۆر بڵاو بوونەتەوە. دامەزرانی ئەکادیمیا، پەروەردە و بارھێنان،
ناوەندە باڵاکانی پەروەردە و... ھەموویان نیشانەی دەستێوەردانی ئاگایانەیە لە زمان
و نوسخە پێچانەوە و ھەرکە ئێمە دەقەکان بە رێنووسی کوردی دەنووسین یان پێداگری لەسەر
ئەوە دەکەین کە فڵانە واک دەبێ چۆن بنووسرێت، ھەموو رێوشوێنیکمان رێزمانی فرمانیە،
بەڵام بەڕای من ھۆی سەرەکیی دژایەتییەکان، پێوەندیی بە تایبەتەمەندیی فەرھەنگیی ئێمەوەیە.
چونکە ھەروەک دەزانین کولتووری سوننەتیی ئێمە ھەمیشە لەسەر بنەمای بەرەنگاری، ناکۆکی
و دژایەتی لەگەڵ نوێخوازی بووە و دوای بەفێڕۆدانی کات و ھەزینەی زۆر باس و خواسە نێیەکان
قبووڵ دەکەین و دەڵێی پێشبڕکێ لەگەڵ یەکتر دەکەین و لەسەر ئەوە سوورین کە خۆمان وەک
سەرچاوە و بنیاتنەری ئەم رەوتە فکرییە لە قەڵەم بدەین و لێرەدا ئاماژەکردن بە
رووداوێکی مێژوویی لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردیدا جێگای سەرنجە، پاش سەرھەڵدانی کوردیی
گۆرانی و قبووڵ کردنی وەک زمانی ئەدەبی لە سەردەی یەکەمی ئیسلامی، کۆمەڵێک لە زانایانی
شارەزوور و سلێمانی بە زاراوە و روانگەیەکی دیکە ئەم راستیەیان قبووڵ نەکرد و لە دیوانە
شیعرییەکاندا دەستیان دایە رەخنەگرتن و ھەجوی ئەم رەوتە فکری و ئەدەبییە، دواتر لە
سەردەی ھەشتەم (١٤ی زایینی) "عابدین جاف" کەلە شاعیران و وێژەوانانی
ناوداری ئەو سەردەمە بوو بە مەبەستی گفتوگۆ و روونکردنەوە وەک نوێنەر رەوانەی دیاری
"یارسان" کرا، بەڵام پاش ماوەیەک عابدین جاف پاش گفتوگۆ و مشتومڕی زۆر،
نەتەنیا بۆ شێوەزاری گۆران شیعری ھۆندەوە، بەڵکوو یار و ھەڤاڵانیشی خۆیشی بۆ ئەم
کارە بانگھێشت کرد. یان کاتێک نیمایوشیج باسی شیعری نوێی ھێنایە گۆڕێ، لەلایەن ئەدیب
و شاعیرانی بەرەی سوننەتەوە بێدەنگیی لەسەر کرا، بەڵام پاش ماوەیەک پێڕەوییان لەو
ئەزموونە نوێیە کرد، بەڵام ئێستا بەپێی خێرایی گۆڕانکارییەکان، دەرفەت و کات بەفێڕۆدان
خەسارە.
عەلی حەیات نیا: ئەوەندەی من
ئاگادار بم بە مەبەستی بنیاتنانی زمانی ھاوبەشی کوردی ھەندێ ھەوڵ لە گۆڕێ دایە، بەو
پێیەی کە جەنابت لەم بارەوە خاوەن رایت و پێشینەیەکتان ھەیە، لەم بارەوە راتان چیە؟
کامران محەمەد رەحیمی: ساڵی ١٩٧١ی
زایینی کۆڕی زانیاری لە بەغدا و دوای ئەوەش ساڵی ٢٠٠٠ لە ھەولێر لەژێ رناوی ئەکادیمیای
کوردی دامەزرایەوە. ھەر لە ھەمان سەرەتاوە دوو رەخنەی سەرەکییان ھەبووە: ١ ـ
ھاوکات بە شێوەی جیاواز بە شێوەی جیاواز بۆ دوو زاراوەی کورمانجی و سۆرانی واتاسازیی
جیایان داھێنا، یانی بۆ دەستواژەیەکی بیانی دوو واتایان لە زمانی کوردیدا دانا، بەداخەوە
ئەم رەوتە ھەتا ئێستاش بەردەوامە. ٢ ـ شێوەزار و دیالکتەکانی دیکەی کوردی وەک:
"کەلھوڕی، فەیلی، لەکی و گۆرانی"یان لە پرۆسەی واتاسازیدا لەبەرچاو نەگرت.
بەڵام بەگشتی ئەو کارە بە بەرھەمھێنانی ٣٠ ھەزار وشە و ھێنانی بۆ ناو زمانی کوردی
بووە ھۆی ھەمدیس ژیانەوە و مۆدێڕن بوونی ئەم زمانە. ئێستا چالاکیی فەرھەنگستان (ئەکادیمیای
کوردی) بەھۆی کۆچی زمانزان و توێژەرانی ناوداری کورد لاواز بووە. مەسەلەی پێکھێنانی
زمانی ھاوبەش، پێویستی بە تیۆری و بەشداریی ھەموو شارەزا و خاوەن رایانە، ئەم بابەتە
لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەی زمانی (language palnning) جێگا دەگرێت
و پرۆسەیەکی درێژخایەنە و پێویستی بە سیمینار و کۆنگرەی فراوان ھەیە.
عەلی حەیات نیا: وەک
توێژەرێک پێتان وایە ھۆکاری ھاوبەشیی زۆری وشە و دستەواژەکان لە نێوان زمانی کوردی
و فارسیدا چیە؟
کامران محەمەد رەحیمی: زمانەکانی
کوردی و فارسی زادەی یەک سەرچاوە و ریشەن ھاوبەشەن کەلە فەرھەنگی زمانناسیاندا وەک
بەشێک لە بنەماڵەی زمانیی ھیند و ئەورووپایی دێنە ئەژمار، زۆرێک لە نوخبە و بیرمەندانی
ئێرانی لەو باوەڕە دان زۆرێک لە لاوازی و دژوارییەکانی دەقی زمانی فارسی دەکرێ لە
وشە و ئیدیۆم و دەستەواژەی کوردی و ھەروەھا بە پێچەوانەوە دەست نیشان بکرێن. کەوایە
گەشە و پەرەپێدانی ھەرکام لەم زمانانە خزمەتێکە بە ئێران و مرۆڤایەتی. چونکە لە جیھانی
کوردی و زمانی کوردیدا بەناوی ئێرانییەوە دەناسرێت.
عەلی حەیات نیا: ھەندێ
لە توێژەران لەو باوەڕە دان کە زمانی کوردی پاشماوەی زمانی مادی و زمانی مادی و
فارسیش پاشماوەیەکە لە زمانی کەونارای فارسی؟
کامران محەمەد رەحیمی: دەبێ وتە و
نووسراوەمان دەبێ بەپێی بەڵگە و داتا بێت، چونکە لەمەڕ زمانی مادی ھەتا ئێستاش بەردەنووس،
نووسراوە و وشەیەک نەدۆزراوەتەوە کە ئیشمە زمانی کوردی بەوەوە گرێ بدەین و بەڕای
"ئیبن موقەفع، شیرویە ئیبن شەھردار و قەیس رازی و کەسانی ناوداری وەک دوکتۆر
سەفا، خانلەری، دێھخودا و ئورانسکی و..." پارسیی کەونارا زمانێک بووە لە
باشووری رۆژئاوای ئێران و "فارسیی دەڕی" لە باکووری رۆژھەڵاتی ئێران، کەوایە
دوور لە چاوەڕوانییە کە ئەمانە دوور لە یەکتر بن، بەڕای من بە مەبەستی ناسینی بنەمای
زمانی کوردی دەبێ زمانە شارستانی و کەوناراییەکانی "سۆمە و ئیلامی کەونارا"
تاوتوێ و شیتەڵکاری بکەین، چونکە ئەو ئیتنێک و شارستانییانە لە شوێنی ژیانی ئەمڕۆی
کورداندا ژیاون.
عەلی حەیات نیا: بەمدوایانە
رۆژنامەگەریی کوردی لە ناوچەکانی باشوور (کرماشان و ئیلام) گەشەی کردووە، بۆ وێنە
"ندای جامعە، شەمیم سەبا" تاقە بڵاڤۆکی پارێزگای کرماشان بوون کە گرنگی
بە کولتوور و زمانی کوردی دەدەن و لە رابردوودا گۆڤاری "ئاوێنە" و ھەروەھا
بەڕێزتان لە ماوەی ساڵانی "١٩٩٨ ـ ٢٠٠٢" بەشی کوردیی "زوان ئیمە"تان
لە "پەیکی ئیلام" بەڕێوە برد کە زۆر کاریگەر بووە، راتان لەبارەی ئەم رەوتە
چیە و بەگشتی چاپەمەنیی رۆژئاوای ئێران چۆن لێک دەدەنەوە؟
کامران محەمەد رەحیمی: رۆژنامەنووسیی
پڕۆفیشناڵ ئەستەم و پڕ ھەزینەیە و رۆژنامەنووسیی کوردیش تاقەت پڕووکێنە و لە ناوچەی
باشووریش چەند قات دژوارترە، ھەربۆیە چاوەڕوانی دەکرێت بواری ئەدەب لەگەڵ ژانرە جیاوازەکان
بۆ وێنە ئەدەبی منداڵان، پەرەسەندنی کولتووری رەخنەگرانە، بابەتگەلێکی دیکەی وەک مۆسیقا،
شانۆ و سینەما روو لە بەفراوانی و گەشەکردن بکات. بەڵام لەڕاستیدا ئەمڕۆ ئاڵاھەڵگری
رۆژنامەنووسیی کوردیی باشوور لە بواری چەندایەتی و چۆنیەتییەوە، بەرھەمی ھەوڵی بێوچانی
"عەلی حوسێن فەیلی"دەزگای شەفەق و گۆڤاری گول سوو" بە بەرپرسایەتی و سەرنووسەریی
ناوبراوە کە بەڕاستی کاری گرنگی کردووە. ھەڵبەتە دەبێ تێڕوانینی ناوچەیی و باوەڕ بەخۆبوون
و چالاکیی رێزدارانی ئیلامی وەک: (مستەفا بەیگی، لە "سوبحی ئیلام"، محەمەدعەلی
قاسمی لە "تەلیعە"، پەرویز شەریفی لە "نجوا"، مەعسوومە عەلی
حوسێنی لە "تەنین"، نەمر ماشەڵڵا رەشنەوادی لە "پەیکی ئیلام"،
ئەحمەد شوھانی و ئیبراھیم محەمەدی لە "ئیلام فەردا" و ھەروەھا ھەڤاڵ و
ھاوکاری ئازیز مەھدی کاکاخانی لە گۆڤاری مانگانەی نوێی "وریا" لەبەرچاو
بگرین.
بەڵام لە ئاستی رۆژئاوای وڵاتدا،
ئەگەر فاکتۆرەکانی بڵاوبوونەوەی بەردەوام و کاریگەری لەبەچاو بگرین، راست دەبێ بچینە
سوراخی گۆڤاری "سروە" لە ورمێ بە دامەزرێنەری و سەرنووسەریی مامۆستاگەلێکی
ناوداری وەک "ھێمن" و "ئەحمەد قازی"ییەوە کە بەردی بناغەی
زمانی پێوەریان شارەزایانە و وەستایانە بنیات نا و دوای ئەوەش "گۆڤاری ئاوێنە"
لە تاران بە جوانی دەروشایەوە و ئاراستەی نووسینیان بۆ ناوچەکانی باشوور جێگای رێز
و پێزانینە و بەتایبەت گەڵاڵە کوردییەکانی شەھاب قەنبەری رەنگ و سیمایەکی دیکەی بە
بڵاڤۆکە کوردییەکان بەخشی. لە ماوەی دەیەی رابردووشدا گۆڤاری "مەھاباد"
بە سەرنووسەریی "ئەحمەد بەحری" و گۆڤاری "زرێبار" لە مەریوان
بە پشت بەستن بە پسپۆڕی لە مێژووی چاپەمەنیی کوردیدا خاوەنی بایەخ و پێگەی تایبەت
بە خۆیانن. ھەروەھا دەبێ لەم بارەوە ئاماژە بە دوو بڵاوکراوەی "ندای جامعە"
لە کرماشان و "سەیمەڕە" لە لوڕستانیش بکەین. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە
رۆژنامەنووسیی کوردی بە ھاتنی "بەھرام وەلەدەبەیگی" لە حفتەنامەی
"ئاویە" لە سنە و رۆژنامەی "ئاشتی" لە تاران و دەیان بڵاوکراوە
و حەفتەنامەی جۆراوجۆر و پسپۆڕانەی دیکە، چاپەمەنیی کوردییان وێڕای وەڕێخستنی کەش
و دۆخی سازان و گفتوگۆی گەیاندە ئاستی گوتاری نەتەوەیی و رۆشنبیری.
عەلی حەیات نیا: باسی
چاپەمەنی ھاتە گۆڕێ، خەسار و گرفتە جیدییەکانی رۆژنامەگەریی کوردی لە چیدا دەبینی؟
کامران محەمەد رەحیمی: راستییەکەی
ئەمەیە کە بڵاوکراوە ناوچەییەکان دەبێ دەرفەتی لەباریان بۆ گواستنەوەی تواناییەکانی
ئەدەبی کوردی و پرس و گرفتەکانی ناوچە ھەبێت، چونکە پەرژانە سەر پرس و مەسەلە بەربڵاو
و گشتییەکان لە چوارچێوەی ئەرکی چاپەمەنییە میللییەکانە کە ئێستا بە باشی کار دەکەن.
دەبێ ئەم مەسەلە گرنگە لەبەرچو بگرین کە کۆپی و لەبەر ھەڵگرتنەوەی رۆژنامەکانی
تاران لە ناوچەکانی رۆژئاوای ئێران، نە ھونەرە و نە ژێستی رۆشنبیری و نە گێڕانی رۆڵی
راستەقینەی ئەرک و پەیامی راگەیەناندنە! ئەگەر بێت و ئێمە بە وردی بپەرژێینە سەر ئەم
مەسەلەیە، نووسراوەی رۆژنامەنووسیی ئێمە دەکەونە خانە و پلەی سێیەم و چوارەمەوە، لە
حاڵێکدا گرنگیدان بە نیاز و ویستە بەرچاو و بەرھەستە ناوچەییەکان، لە پلەی یەکەمدان.
لەلایەکی دیکەشەوە لە بنەڕەتدا فەلسەفەی دانی مۆڵەت بە بڵاڤۆکە ناوچەییەکان گواستنەوە
و رەنگدانەوەی توانایی و کەموکۆڕییەکانی ئەو ناوچەیە. بەگشتی بەڕای من خەسارە جیدییەکان
لە مەیدانی چاپەمەنیی کوردیدا بریتین لە: ١ ـ زۆری و فراوانیی بڵاوکراوەکان کە ئێستا
لە پارێزگای ئیلام ٣٦ بڵاوکراوە ھەیە. ٢ ـ کەمیی رۆژنامەنووس و نووسەری پسپۆڕ و
شارەزا. ٣ ـ کەمتەرخەمیی نوخبەکان. ٤ ـ کەمیی بڵاوکردنەوەی ویست و داخوازی خەڵک، بە
جۆرێک ھەندێ لە چاپەمەنییەکان لە ھەر ژمارەیەکدا تەنیا تەنیا قسەی سەرنووسەر بڵاو
دەکەنەوە. ٥ ـ تۆراندنی خوێنەر و تووشبوون بە پەتای ریکلام. ٦ ـ جیناح و تووشبون بە
باڵ باڵێنی. ٧ ـ بڵاوبوونەوەی ناڕێکوپێک و پچڕپچڕ. ٨ ـ لاوازیی ئاستی چۆنیەتیی
رازاندنەوە، ھەڵەبڕی و دیزاین. ٩ ـ نەبوونی روانگەیەکی دروست بۆ گرنگیدان بە ویست
و داخوازییەکانی خەڵک لە بواری جۆراوجۆری فەرھەنگی، ئابووری و...١٠ ـ مەسەلەی
ژاناوی و ناچارەسەری کۆپی و لەبەرگرتنەوە.
عەلی حەیات نیا: ئێوە
یەکەم کەس بوون کەلە وتار و نووسراوەکانتاندا باسی بە پێوەرکردن و زمانی ھاوبەشی
کوردی و بەتایبەت کوردیی باشوورتان لە ئیلام ھێنایە گۆڕێ، گرنگی و کارکردی زمانی پێوەر
چیە و لەم پرۆسەیەدا چارەنووسی شێوەزار و دیالکتەکانی دیکە چییان بەسەر دێت؟
کامران محەمەد رەحیمی: پرسی بە پێوەر
کردن (standard variety) یەک لە بسە
گرنگەکانە لە نوێکردنەوەی زماندا. سەرەتای ساڵی ١٣٧٥ی ھەتاووی (١٩٩٦ی زایینی) بە مەبەستی
گەیشتن بە زمانی ھاوبەش لە کوردیی باشوور بە پشت بەستن بە بەرفرەھیی شێوەارەکان لە
ئەنجومەنەکان، بۆچوونەکانم ھێنایە گۆڕێ، بەڵام قبووڵ نەکران و تەنانەت رەخنەشم لێگیرا.
چونکە ئەوکاتە رێزمان و بیرۆکەی زاڵ سوننەتی بوو و ھەموو خوێندەوارانی سوننەتی ئەم
تیۆریەیان قبووڵ نەبوو. لە کۆتایی ساڵی ١٣٧٧ی ھەتاوی (١٩٩٨ی زایینی) لە بەشی کوردیی
"زوان ئیمە" کە بەگشتی دەپەرژایە سەر بابەتگەلێکی وەک دیمانە بە زمانی
کوردی، پەروەردە و فێرکردنی رێنووس، پەخشان نووسی و.... بۆ ماوەی ٤ ساڵی بەردەوام
٩٩ ژمارەم بڵاو کردەوە. ھەر لەوێ بە شێوەی جیددی باسم لە ھێنانە گۆڕی بە پێوەرکردنی
زمان کرد، بەڵام دیسان لەلایەن بیروڕای گشتییەوە وەرنەگیرا، ھەتا ئەوەی کە لە یەکەم کۆنگرەی زانستیی زمانی کوردی لە ساڵی
١٣٨١ی ھەتاوی (٢٠٠٢ی زایینی) لە تاران ئەم باسانەم ھێ،ایەوە گۆڕێ کە زەروورەت و پێویستیی
ئەم مەسەلەیە کەوتە بەر سەرنجی ھەندێ لە نووسەر و قەڵەم بەدەستان. پاشان چەندین کتێب
بۆ پەسندی ئەم روانگەیە وەرگێڕدرانە سەر زمانی فارسی و بوار و دەرفەتی بە تیۆری
کردنی ئەم باسە رەخسا. ھەتا ئەوەی کە نەورۆزی ساڵی ١٣٩٠ی ھەتاوی (٢٠١٢ی زایینی) بەشێک
لە نووسەر و توێژەرانی کرماشان بە رێز و خاکەڕاییەوە لە ئیلام لەگەڵ من دیداریان
کرد و بەختەوەرانە روانگەکانم لەلایەن ئەوانەوە پەسند و قبووڵ کرا. بەڵام بەداخەوە
پێڕەوی کردن لە زمانی پێوەر ئێستا تەنیا لە بواری پەخشان و چیرۆکنووسیدا باوە و
شاعیرەکان کەمتر ئاوڕی لێدەدەنەوە.
زمانی پێوەر (ھاوبەش) و بە
ستانداردکردنی لەڕاستیدا یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکانی مۆدێڕنیزمە، ئەم جۆرە زمانە
شانبەشانی شێوەزارە جیاجیاکان، بوارەکانی جوغرافیایی مێژوویی و کۆمەڵایەتی، بە مەبەستی
کاروباری ئیداری، فەرمی و راگەیاندن بەکار دەھێنرێ و لە درێژەماوشەدا دەتوانێ ببێتە
زمانی ئەدەبی و لە ئەگەری داخوازی گشتیی خەڵکدا وەک زمانی نەتەوەیی قبووڵ بکرێت. لە
ئەگەری قبووڵ و دروست بوونی زمانی پێوەر، شێوەزارەکانی دیکە ھەروا بەردەوام رۆڵی پێوەندی
و ناوچەیی و ئاخاوتنی خۆیان دەپارێزن و کاریگەریی دوولایەنە لەسەر یەک دادەنێین و
ھەرکامەیان سۆنگە و رەوتی خۆیان تێپەڕ دەکەن. بەڵام زمانی پێوەر رێگا و سۆنگەیەکی
ئاگایانە و زانستی دەپێوێ و زمانی ئاخاوتن و ناوچەییش رێگای سروشتیی خۆی. بە واتایەکی
سادەتر بوونی "زمانی پێوەر" لە نانی شەویش زەروورترە. ھاوکات لەگەڵ زمانی
پێوەر، بابەتگەلێکی وەک: گەشەکردنی پیشەی چاپ، سینەما، شانۆ و مۆسیقا، خستنەگەڕی
خوێندن و پەروەردەی گشتگیر، پەرەسەندنی وەرگێڕان، زۆربوونی خوێنەر و گەشەکردنی بەرھەھەمھێنانی
ئەدەبی و ھەروەھا خولقاندنی شاکارگەلی ئەدەبی سەرھەڵدەدەن. بۆ وێنە پیشەی سینەما لە
حاڵێکدا گەشە دەکات کە سیناریۆ و تێکست و دیالۆگی ئەکتەرەکان بە زمانی پێوەر
بنووسرێت و لە ھەموو ناوچەکان پیشان بدرێت،
بە پێچەوانە دەبێ دیلۆگەکان شار بە شار و گوند بە گوند بگۆڕدرێن یان ژێرنووس
بکرێن و ئەم کارەش بە ھیچ لەونێک بۆ سینەماکاران بە ھەزینە و تێچووی سەرسووڕھێنەری
سیناریست و تۆمارگە و تۆمارکردن و دووبلاژ و... ناگونجێت. ھەڵبەتە لە داھاتوودا و
بەپێی دەرفەت بە مەبەستی روونکردنەوە بۆ بیروڕای گشتی کۆمەڵە وتار و تیۆرییەکانم لەم
بارەوە لە کتێبێکدا بە چاپ بگەیەنم.
عەلی حەیات نیا: ھەروەک
ئاماژەتان پێکرد بەگشتی شاعیران پشت لە زمانی پێوەر دەکەن، بەڕای ئێوە ھۆکارەکانی
چن؟
کامران محەمەد رەحیمی: ھەڵبەت ھەموویان
پشتیان تێنەکردووە، بەڵکوو ھەندێ کەس بە تەواوەتی قبووڵیان کردووە و ھەندێکی دیکەش
کەمتەرخەمن. بەڵام لەمەڕ ھۆکارەکانییەوە دەبێ بڵێم شاعیران بەگشتی ئاست و لایەنی دەرەکیی
ھونەری زمان لەبەرچاو دەگرن و لە ھەمبەر لایەنی گرنگ و سەرەکیی زمان، یانی ھۆکاری
پێوەندیدا کەکتەرخەمن! بەڵام ھەندێ لە شاعیرانی باشوور (کرماشان و ئیلام) زانیاریی
وردیان لەبارەی شێوەزارەکانی دیکەی زمانی کوردی و ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دوایانەی زمانی
کوردی نیە و لە گشت گرنگتر، ھۆکاری سەرەکی گەوھەری و تاکەکەسییە، چونکە ئەو گروپە
لە شاعیران ئامادە نین ئەو چەند شیعرەی کە بە شێوەزار و زارۆچکەی ئێڵی و عەشیرەیی یان
ناوچەیی خۆیان ھۆندوویانەتەوە وەلا بنرێت. لە حاڵێکدا "حافز" و نووسەر و
وێژەرانی دەورانەکانی دواتر، چەندین جار زمانی شیعریان بە ئاراستەی زمانی پێوەر گۆڕیوە
و ئاڵوگۆڕیان بەسەردا ھێناوە، ئەمڕۆکە بوونی سەدان نوسخەی دەسکرد و خوێندنەوەی جۆراوجۆر
لە دیوانی حافز لە ئاسنی زماندا خۆی بەڵگەیەکە بۆ ئەم ئیدیعایە. کەوایە شاعیرانی عەشیرەیی
و ئەو کەسانەی کەلە کەش و دۆخی "دوڕگە"ییدا دەخولێنەوە، لە درێژماوە و بەھۆی
ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، شیعرەکانیان یان دەکەونە پەراوێزەوە، یان لەلایەن خەڵکەوە
بەرەو زمانی پێوەر پەلکێش دەکرێن. نموونەی بەرچاو و بەڵگەمەندی ئەم ئیدیعایە شیعرەکانی
"باباتاھیر"ە کە ئەمڕۆکە کەمترین وێکچووی لەگەڵ فۆرم و دەربڕینی سەرەکیی
خۆی واتە "کوردیی گۆرانی" ھەیە و زیاتر بە فارسیی نوێوە نزیکترە.
عەلی حەیات نیا: بەڕای
کارناسان "زمانی پێوەر" چ خەسڵەتگەلێکی ھەیە و ئاخێوەرەکانی چۆن ھەڵدەبژێردرێن؟
کامران محەمەد رەحیمی: زمانی پێوەر
(ھاوبەش) رەنگ و بۆنی شێوەزاری ئێڵ و خیڵێکی تایبەتی پێوە دیار نیە و بەھۆی و لە ئەنجامی
ھەوڵی وشیارانەی زمانناس و زمانزانان سەرھەڵ دەدات. فاکتەر و تایبەتمەندییەکانی
زمانی پێوەر بەگشتی دوو دەستەیە:
ئەلف) پێوەرە زمانییەکان کە بریتین
لە: ١ ـ پتەو و رەسەنایەتی. ٢ ـ وردبینی پێگەیشتوویی لە کاری وەرگێڕان. ٣ ـ بوونی
شاکارە ئەدەبییەکان. ٤ ـ بەرھەمھێنان و فراوان بوونی دەق. ٥ ـ یەکگرتوویی و ھاوئاھەنگی
لە نێوان شێوەزار و دیالکتەکانی ژێرکۆمای زمانی پێوەر. ٦ ـ نوێکردنەوەی ھێڵە زمانییەکان
و سازکردن و بەرھەمھێنانی وشەسازیی نوێ. ٧ ـ زۆر بوونی خوێنەر و بەردەنگ وشیار و
مامۆستایانی نموونە.
ب) پێوەرە غەیرە زمانییەکان بریتین
لە: ١ ـ گۆڕانکارییە سیای و کۆمەڵایەتییەکان. ٢ ـ ناوەندی ئابووری. ٣ ـ قبووڵ و پەسند
کردن لەلایەن نوخبە، مامۆستایانی ئایینی، سیاسەتڤان و راگەیەنەکان. بەپێی ئەم پێناسانە،
ھەرکام لە لق و شێوەزارەکانی زمانی کوردی ئەم تایبەتمەندییانەیان ھەبێت یان ئاخێوەرانی
زمان لە ھەوڵی بەدەستھێنانی ئەو تابەتمەندییانەدا بن، دەکرێ ئەو شێوەزارە وەک زمانی
پێوەر بناسێنین.
عەلی حەیات نیا: بەڵام
پەرۆشیی ھەندێ کەس بە دیاریکراوی ئەمەیە کە کە لەناو شێوەزارەکانی زمانێک، ئەگەر یەکیان
ھەلومەرج و تایبەتمەندی و توانایی پێویستی ھەبێت و بکرێتە زمانی پێوەر، ئایا شێوەزارەکانی
دیکە لەناو ناچەن؟ ئەگەر بێت و زاراوەی ئاخێوەرێک وەک شێوەزاری پێوەر، دەست نیشان
نەکرێت، بۆ ئەو ئاخێوەرە چ تەوفێرێک دەکات کە شێوەزارێکی دیکەی کوردی بسەپێنرێ، یان
زمانەکانی دیکەی وەکوو تورکی یان عەرەبی و...؟
کامران محەمەد رەحیمی: جیاوازییەکە
ئاسمان و زەمینە، ئەم بەراورد کردنە لە دەرەوەی ئەم باسەیە، چونکە یەکەم ئەوەی کە
خاڵی ھاوبەشی شێوەزار و دیالێکتەکانی زمانی کوردی نزیک ٧٠%ە و تەنانەت ھەندێ جار لەوەش
زیاتر نزیکایەتی و وێکچووییان پێکەوە ھەیە و لە یەک رەگەزن. دووەم ئەوەی کە لە ئەگەری
ھەڵبژاردنی شێوەزارێک وەک زمانی پێوەر، زاراوەکانی دیکەی زمانی کوردی درێژە بە ژیان
و گەشەکردنی خۆیان دەدەن، چونکە ھیچکەش ناتوانێ زمانی خەڵک بگۆڕێت، بەڵام دەکرێ
زمانی نووسین وەکوو نەتەوەکانی دیکە ستاندارد بکەین. لە گشت گرنگتر لە درێژماوە
زمانی نووسین و زارەکی کاریگەریی جیاواز و دوولایەنە لەسەر یەک دادەنێن و پێکەوە
گرێ دەدرێن. بۆ نموونە پێشینەی ھەزار ساڵ "کوردیی گۆران" زمانی شیعری ئەم
ناوچەیە بووە. شێوەزارەکانی نزیک و دەورووبەری، جیالە گەشەکردن کەمترین خەساریان وێکەوتووە.
بەڵام ئەگەر بێت و زمانی دیکەی جیالە زمانی کوردی، زمانی ئەدەبی ببوایە، بە ئاشکرایی
بەرەنجامەکەیمان ئێستا دەبینی. بۆ وێنە لە کرماشان ھەموو شێوەزارەکانی زمانی کوردی
بێجگەلە" زازاکی و کورمانجی" قسەیان پێدەکرێ. بۆ نموونە ئەگەر بەپێی
زانست، ھەست کردن بە نیاز، عەقڵانیەت و ویستی زۆرینەی خەڵک، "شێوەزاری کەلھوڕی"
ببێتە زمانی ئەدەبی و پێوەر، ئاخۆ ئاخێوەرانی لەک، ھەورامی یان جافی سەرەڕای بوونی
خاڵی ھاوبەشی زۆری زمانی لەگەڵ شێوەزاری کەلھوڕی، تووشی خەسار و فەوتان دەبن؟ بێگومان
نا، قبووڵ کردنی زمانی پێوەر یەکێک لە زەروورەت، پێویستییە ئەمڕۆیی و شارستانی و مۆدێڕنەکانە.
روانگە و بۆچوونە ئێڵی و تایفەییەکان بە نیسبەت شێوەزار و زارۆچکەی خۆمان، سەلەفییانەیە
و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی پێشوو، ھەرچەند ھەردوو روانگەکە جێگای رێزن، بەڵام
قازانج و بەرچەوەندیی پەسندکردنی زمانی پێوەر لەو خەسار و کەموکورتییانە زیاترە. بە
واتایەکی روونتر لە بنەڕەتدا قبووڵ و پێکھێنانی
زمانی پێوەر بەدەرە لە خەسار و زیان. سەرنجڕاکێشتر بوونی زمانی پێوەر، شێوەزارەکانی
دیکەی زمانیش دەپارێزێت، نموونەی ئەزموونیی ئەم پرۆسەیە لە زمانە زیندوو و مەزنەکانی
رۆژئاوایە. لە کۆتاییشدا دەبی ئاماژە بەوەش بکەم کە دەست نیشان کردنی زمانی پێوەر
بە شێوەی سەپاندن نیە، بەڵکوو بەپێی نیاز و لە بەستێنی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا
قبووڵ دەکرێت و پەرە دەستێنێ.
عەلی حەیات نیا: بەمدوایانە
ھەندێ لە نووسەر و لایەنگران بە ھەڵبژادرن و بەکارھێنانی وشە و دەستەواژە لە شێوەزارەکانی
دیکەی زمانی کوردی بە تەمای پێکھێنانی زمانی پێوەرن، ئاخۆ مەبەست لە زمانی پێوەر ھەر
ئەو کارەیە؟
کامران محەمەد رەحیمی: ئەم کارە سەرتاییترین
ھەنگاوەکانی پرسی پێوەرسازییە و ھەڵبەتە سەلیقەیی و نازانستین ، چونکە تەنانەت ھەڵبژاردن
و دەستەبژێرکردنی وشەکان ھەلومەرج و رێوشوێنی تابەت بە خۆی دەخوازێ و دەبێ کەسانێک
ئەم کارە بە ئەنجام بگەیەنن کە شارەزایی تەواویان لەسەر شێوەزارەکانی دیکەی کوردیدا
ھەبێت. بە واتایەکی دیکە خاوەن را و بڕیاردەری زمان بن. بەھەرحاڵ ھەوڵی ئەو کەسانە
زۆر بەنرخە و دەبێ ھانیان بدرێت. بەڵام زمانی پێوەر بەگشتی لە ٤ ئاستدا جێبەجێ دەکرێت.
١ ـ ئاستی واکەکان و رێنووس ٢ ـ ئاستی تایبەتمەندیی رێزمانی ٣ ـ ھەڵبژاردن و تەڵچن
کردنی وشەکان ٤ ـ واتاسازیی نوێ بەپێی رێوشوێن و رێکاری گونجاو و پەسندکراو.
ھەڵبەتە ئەم نووسەرانە رەخنیەکی دیکەشیان
لەسەرە کە ئەویش لە ھەڵبژاردنی وشەکاندا، جوغرافیای سیاسی و ناوچەیی لەبەرچاو دەگرن،
لە حاڵێکدا بۆ بۆ ھەڵبژاردنی وشەکانی زمانی پێوەر و ستاندارد یان نویسیاری دەبێ
جوغرافیای زمان زمان لەبەرچاو بگیردرێ و پێڕەوی لە پەیکەرەی گشتیی زمان بکرێ، بۆ
نموونە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران تەنیا ھەندێ لە شارەکانی ئیلام و بیجاڕ بە وشەی
"می خواھم" دەڵێن (خوازم) کە رێژەی بەکارھێنەرانی زۆر کەمن لە حاڵێکدا لە
جوغرافیای زمانی و پەیکەرەی گشتیی زمانی کوردی و بەتایبەت لە کورمانجیدا ٦٠%ی
کوردان ئەم کردارە بەکار دەھێنن.
عەلی حەیات نیا: بەمدوایانە
ھەندێ لە نووسەران بە شێوەی تاکەکەسی دەستیان داوەتە واتاسازی، بەو پێیەی کە ئێوە
بەرە مێکی سەربەخۆ (بنەماکانی وشەسازی و وشەڕۆنان لە زمانی کوردیدا)تان لەم بارەوە
بڵاو کردۆتەوە و ساڵانێکە ئەندامی چالاکی "کۆڕی زانستیی زمانی کوردی"ن،
ئەم ھەوڵانە چۆن ھەڵدەسەنگێنن؟
کامران محەمەد رەحیمی: زمان وەک دیاردەیەکی
زیندوو، ئەگەر بێت و زاوزێ نەکات، قسر (نەزۆک) دەبێت و سەرەنجام دەتوێتەوە. چونکە
زۆربەی وشەکان لە ھەر زمانێکدا مێژوویەکی دیاریکراوی بەکارھێنانیان ھەیە و بەھۆی گۆڕانکارییە
کۆمەڵایەتی، سیاسی، دینی و مەعیشەتی لەدایک دەبن، بەکار دەھێنرێن و سەرەنجام خامۆش
و دواتر تۆمار لە وشەدان و ھەنبانەکان دەپارێزرێن. واتاسازی لەڕاستیدا پرۆسەی زاوزێی
زمانیە. لە زمانی فەرەنسیدا رۆژانە چەند وشە بۆ چەمکە نوێیەکان ساز دەکرێت. بەڵام
ئەم زانستە وەکوو زانستەکانی دی رێوشوێن و فۆرمووڵی تایبەت بەخۆی ھەیە وەکوو: زاڵبوون
بەسەر رێزمان، شێوەزارناسی، زمانزانی، شارەزایی لە رێوشوێنەکانی واتاسازی، زانیاری
لەبارەی پرۆسەی واتاسازیی خۆڕسک و خەڵکییانە، ناسینی پێکھاتە، رێکوەند و چاوگەکان.
من ھەوڵی تاکەکەسیی ھەندێ لە
واتاسازان لە وێبلاگ و بڵاوکراوەکان دەبینم کە بەداخەوە دوو ھەڵەی سەرەکییان ھەیە:
یەکەم واتاسازی بۆ ئەو وشانە دەکەن کە پێشتر لە زاراوەکانی دیکەدا واتاسازیی زۆر
گونجاو، پڕ واتا، بەجێ و مۆسیقایی بۆ کراوە. دووەمیش ئەوەیە کە لەسەرەتی (اولویت)
لەبەرچاو ناگرن، بۆ وێنە ئێمە کاتێک پێویستیمان بەوەیە لە بیاڤی زانستە مرۆییەکاندا
واتاسازی بکەین، نووسەران لە ھەوڵی ئەوە دان لە بوارەکانی میعماری و کیمیادا کار
بکەن.
عەلی حەیات نیا: دەکرێ
دەیەی ھەشتای ھەتاوی (٢٠٠٠ی زایینی) لەبارەی چەندایەتی و بەپێی چاپی کۆمەڵە شیعرەکان
وەک لووتکەی گەشەکردنی ئەدەب و زمانی کوردیی باشوور لەبەرچاو بگرین. لەباری چۆنیەتییەوە
چۆنی لێک دەدەنەوە و ناوەرۆکی ئەم ئەدەبە چۆن تاوتوێ و شرۆڤە دەکەن؟
کامران محەمەد رەحیمی: بەڵێ بەڕاستی
دەیەی ھەشتا قۆناغی زێڕینی زمان و ئەدەبی کوردیی باشوورە، ھەرچەند بەرھەمەکان لە
بواری شیعردا بوون. بەڵام دەبوا گرنگی بە بوار و ژانرەکانی دیکەی وەک: شانۆنامە، سیناریۆی
فیلم، چیرۆک، کورتیلە چیرۆک، رۆمان، پەخشان، وەرگێڕان، رۆژنامەنووسی و...بدەن.ھەرچەند
دەیەی ھەشتا لەبارەی چەندایەتییەوە لە مێژوودا بەرچاو و بەرفراوانە. بەڵام دەبێ لەباری
چۆنیەتیشەوە بکەونە بەر رەخنە و شرۆڤە بکرێن. لەڕاستیدا یەکەم ھەنگاو لە گەشەی
زمانیدا، چەندایتییە، بەڵام لە گەشەکردنی درێژخایەن و خاوەن ژێرخاندا دەبێ چۆنیەتیش
لەبەرچاو بگیردرێت و تاوتوێ و لێک بدرێتەوە. بەڕای من دەبێ دەیەی نەوەدی ھەتاوی
(٢٠١٢ی زایینی بەملاوە) دەبێ بە ناوی دەیەی رەخنە و شیکاری ناودێر بکرێت، لە دەیەی
ھەشتاددا ھەوڵەکان ئەوە بوون کە نووسەران پشتیوانی و ھان بدرێن ھەتا بنووسن و بەرھەمەکان
چاپ بکەن. من بۆ خۆم لە چاپ و ھاندانی دەیان بەرھەم لە ئیلام رۆڵم ھەبووە، بە جۆرێک
بۆ ئەم کارە چاپی بەرھەمەکانی خۆم راگرتووە و وەدوام خستووە.
شیعری ئەم دەیە لە ئیلام بەگشتی دەبێ
لە سێ روانگە و گۆشەنیگاوە تاوتوێ و شرۆڤە بکرێن: ١ ـ لە بواری زمانەوە، زمانی شیعریی
ئەم دەیە ناھاوسەنگە و بە ھیچ شێوەیەک کار بۆ پێوەرسازی نەکراوە. لەلایەکی دیکەشەوە
کەڵک وەرگرتن لە وشەگەلی غەریب و نامۆ و فەرامۆش کراو بۆتە ھۆی تۆرانی بەردەنگ. ٢
ـ لەباری ناوەرۆک: بەگشتی وەسف و پەسن کردنی کەش و دۆخی ژیانی عەشیرەیی و خێڵایەتی،
عەشقی لادێیی و نۆستالۆژیا بۆ داب و نەریتی پیشەنان و پەرژانە سەر فۆلکلۆر ھێندە زۆرە
کە دەکرێ شیعری دەیەی حەفتای ھەتاوی (١٩٩٢ی زایینی بەملاوە) بە "ئەدەبیاتی سەپانی"
ناودێر بکەین. وەسفی کێو، دەشت و ناوچە گەشتیارییەکان دیسان بەشێکی بەربڵاوە لە
ناوەرۆکی شێعری ئەم دەورەیە. دەڵێی شاعیر گەوھەر و پەیامی راستەقینەی خۆی فەرامۆش
کردووە و وەک رێپۆرتێرێکی تەبلیغاتی، رێکخراوی گەشتیاری و، ھەڵبەتە بەم جیاوازییەوە
لەوێ ھەوری (سەروەن) لار و خۆش خەت و خاڵ و پیاڵە بەدەست و لەژێر رەشماڵان سەرقاڵی
نان و سازکردنی شیرەمەنییە. شیعری ئەم دەورەیە بەگشتی لە فەزای شار، پەرۆشی و کەڵکەڵە
کۆمەڵایەتییەکان بەدەرە و شاعیران ئەم قۆناغە کە بە بیرۆکەی گەڕان بەدوای شوناس و
زەینی ئەدەبی بەرگری و پارێزگاری لە فەرھەنگ سەریانھەڵدا ھیچکاتێک گرنگییان بە ناوەرۆکی
ئەدەبی بەرەنگای وەک: بانگەواز بۆ ئازادی و جوامێری، خستنەڕووی ئاسۆکانی دواڕۆژ و
داھاتوو و بانگھێشت بۆ ھەوڵدان و...نەدا. ٣ ـ لەباری فۆرم و قاڵبەوە: فۆرمی شیعری
ئەم قۆناغە بەھۆی ئاسانی بەگشتی مەسنەوی و ھەتاڕادەیەک غەزەل و دووخشتەکی. بەڵام
باسێک لە قاڵبی نوێ و سپی لە گۆڕێدا نیە، یان بەدەگمەن بەرچاو دەکەوێ. ھەڵبەتە نابێ
ویژدان لەبەرچاو نەگرین لەم دەورەیەدا شاعیرگەلێکی پێشەنگ بە تەکنیک و روانگەی نوێوە
خۆیان تاقی کردەوە و بەرھەمگەلێکی شیاوی ئەم سەردەمەیان خولقاند، بەڵام لەبەر نەڕەنجانی
دڵی کەسانی دی لەناو ھێنانیان خۆ دەبوێرم.
"ئەدەبی سەپانی" یان
شوانی زاراوەیەکی تازەیە، بەڵام ئایا دەکرێ ئەدەبیاتی ئەم دەیە لەم چوارچێوەیەدا
بگونجێنین، بە واتایەکی تر ئاخۆ ئەدەبی سەپانی تەنیا تایبەت بە ئێمەیە؟ ئەدەبیاتی
سەپانی (pastoral poetry) بەو شیعرانە دەوترێ کە لەبارەی سروشت، کێو و دەشت و ژیانی گوندنشینان
و عەشق و ھەست و سۆزی ئەوانەوە دەدوێ. ئەم جۆرە شیعرە یەکەم جار لەلایەن "تیۆکریتۆس"
شاعیری یۆنانیی سەدەی سێیەمی بەرلە زایین برەوی پەیدا کردووە و پاشان "ویرژیل"
شاعیری خەڵکی رۆما لە دووتوێی بەرھەمی خۆی بەناوی "شوان نامە" گەیاندییە
لووتکە. لە ئەدەبی رۆژئاواشدا رەگەیەک لەم جۆرە شیعرە لە سەردەکانی ناوەڕاست بەدی
دەکرێ و بە سەرھەڵدانی سەردەمی پیشەسازی و مۆدێڕن بە یەکجاری ئەم جۆرە شیعرە لەوێ
ھەڵپێچرا. بەشێک لە ئەدەبی کوردیی شێوەزاری سۆرانی و کورمانجی لە سەرەتای سەردەی
دواییدا زۆر سەرنجڕاکێش و لە کوردیی باشووریش لەم دوو دەیەی دواییدا لەم چوارچێوە
و فەزایەدا بووە و زۆرێک لە خوێندەواران ھێشتا پاڵپشتی لەم جۆرە ئەدەبە دەکەن و پێداگری
لەسەر بەردەوامبوونی دەکەن، بەڕای من دەبێ پرسیارەکە بەم چەشنە بێتە گۆڕێ بۆچی ئەم
جۆرە شیعر و روانگەیە کە ھی سەردەمی بەرلە زایین و سەردەکانی ناوەڕاستە، مۆسیقا، سینەما،
شانۆ و چیرۆکی کوردیی خستۆتە ژێر کاریگەرییەوە و دیسان لە سەدەی ٢١ ھەر سەرقاڵی
دووپات کردنەوە و دیسان لەسەر بەرھەمھێنانی بەردەوامین؟ سەیر لەوە دایە کەلە ئەدەبی
کلاسیکی کوردی، یانی کوردیی گۆرانی بە ھیچ لەونێ رەگ و شوێن پەنجەیەک لە ئەدەبی
لادێی و شوانی بەدی ناکرێت، وەڵامددانەوە بەم مەسەلە و پەرژانە سەری بەھۆی خۆبواردن
لە درێژبوونەوەی بابەتەکە لە تاقەتی ئەم دیمانەیەدا نیە.
عەلی حەیات نیا: ھەڵبەتە
بەڕێزت لێرەدا و لە نووسراوەکانی دیکەتاندا زۆر ھێرشتان کردۆتە سەر فۆلکلۆر، شیعر
و بیرۆکەی سوننەتی، ئاخۆ چ زەروورەتێکی ھەیە لە دنیای بەرفراوانیی فەرھەنگدا
کولتووری خۆمان وەلا بنێین و خۆمان بە کولتوورە ھاوردەکانەوە خەریک بکەین و لە رەسەنایەتیی
چەند ھەزار ساڵەی خۆمان دوور بکەوینەوە، مەگەر ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین بە پشت بەستن
بە کولتووری خۆی نەبووە ناوچەیەکی جیھانی؟
کامران محەمەد رەحیمی: دەبێ ئەوە
بزانین کە فۆلکلۆری کوردی ھێندە جوان و دەوڵەمەندە کەلە ھەموو بوارەکاندا وای لە
ھونەرمەندان کردووە کە دیسان لە داڕشتنەوە و نۆژەنکردنەوەی خۆ ببوێرن و بپەرژێنە سەر
دووپاتە و لاسایی کردنەوە. من لەگەڵ فۆلکلۆر و ئەدەبی سوننەتیدا دژایەتیم نیە، بەڵکوو
دژی فۆلکلۆر تارێنیم، ئەحمەد شاملوو ساڵانێکی زۆر لە تەمەنی خۆی بۆ کۆکردنەوەی ئەدەبی
زارەکی تەرخان کرد، بەڵام ھیچکات لەو فەزایەدا شیعری نەنووسی، بەڵکوو ئەمڕۆیی و نوێترین
و پڕ ناوەرۆکترین شیعری دانا. ئەمنیش ساڵانێکە و ھەتا ئەمڕۆش کاتی خۆم بۆ ئەم مەسەلەیە
وەک تۆمار و کۆکردنەوەی "ھۆرە و چەمەری، شیعر و بەندی خۆماڵی، فەرھەنگ نووسی
و..." کردووە و لە کۆکردنەوە و ساغکردنەوەی شیعرە کۆنەکان و ھەڵبڕیی دیوانە
کلاسیکەکانی ناوچە، رۆڵم ھەبووە، بەڵام بە روونی باسەکەم ئەمەیە ھەموو ئەم ھەوڵانە
سەرەڕای بایەخدار بوونیان، بۆ نەوەی ئەمڕۆ وەڵامدەر و جێگای سەرنج نین. دەبێ لەم بەرھەمانە
ئەزموون و وانە وەربگرین و رۆحی تازە و نوێیان بە بەردا بکەینەوە ھەتا گەشە بکەن،
بۆ وێنە مەقامەکانی "ھۆرە، حەیران" و ... سەرەڕای پێشینەی چەند ھەزار ساڵە
و بایەخ و بەھای گەوھەری، ئەمڕۆکە بۆ لاوان سەرنجڕاکێش نیە و پێداگریی لەڕادەبەدەری
ئێمە بۆ بەرھەمھێنان و دووپات کردنەوەیان دەبێتە ھۆی تۆرانی بەردەنگ وتاراندنی خوێنەران.
ھەر بۆیە بە ئاشکرا شایەتی روو وەرگەڕانی نەوەی نوێ لە فەرھەنگی خۆمانین و سەرقاڵی
تێکەڵ بوون بە فەرھەنگی گەلانی دیکەین. ئەگەر ئێمە خوازیاری کولتووری خۆماڵین دەبێ
بۆ بەرھەمھێنانی بەرھەمی نوێ لە توخمە ناوچەیی و خۆماڵییەکان کەڵک وەربگرین، بۆ وێنە
دەبێ نووسینەوەی "ھۆرە و حەیران" لە ئۆرکیسترای سەمفۆنیک بەکار بھێنین ھەمان
ئەو کارەی کە شارام نازری و شوان پەروەر گرنگییان پێدا. نەک ئەوەی کە ھەموو بەرھەمەکان
و گشت ھەوڵ و تێکۆشانمان لە بواری ناوەرۆک و قاڵبی شیعر و مۆسیقاوە بگرە ھەتا فیلم
و چیرۆکی کوردی دیسان سوننەتی دووپاتە و فۆلکلۆریک و گوندییانە بێت و جەماوەر و خوێنەری
ئێمە لە دونیایەکی دیکەدا بژین. بەڵام بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ بەراوردی ئەم جۆرە لە
ئەدەب لەگەڵ ئەدەبی ئەمریکای لاتیندا نیم، چونکە ئەدەبی ئەمریکای لاتین و لەسەرووی
ھەموانەوە ریالیزمی جادوویی کەلە ھەناوییەوە ھەڵقوڵیوە، ئەدەبی پەتیی فۆلکلۆر و
لادێیانە نیە، بەڵکوو لە توخمە کولتوورییەکانی خۆی وەک: خەیاڵ، ئوستوورە، سیحر بە
مەبەستی بەرھەمھێنانی بەرھەمی نوێ ھەم لە بواری فۆرم و ھەم لە بواری ناوەرۆکەوە کەڵکیان
وەرگرتووە و بەم چەشنە جیھانی بوونەتەوە. بەگشتی ئەدەب و کولتووری نەریتی و گوندییانە
تەنیا تایبەت بە ئێمە نیە کە بمانەوێ بیپارێزین یان ئێمە بەوەوە بناسێنن، بەڵکوو ئەم
رەوت و پرۆسەیە پێوەندیی بە ژیان و گۆڕانی کار و پیشەوە ھەبووە و ھەموو گەلان ئەزموونیان
کردووە.
ـ کامران رەحیمی، لەدایک بووی
١٣٥٢ی شاری ئیلامە لە رۆژھەڵاتی کوردستان.
ـ خاوەن بڕوانامەی لیسانسی زمان و
ئەدەبی فارسیی زانستگای مەشھەد و مامۆستای قوتابخانە دواناوەندییەکانی شاری ئیلامە.
ـ ئەندامی کۆڕی زانسیتی زمانی
کوردی لە تاران و ھەروەھا ئەندامی ئەنجومەنی توێژەرانی ئیلام و ھەروەھا ئەنجومەنی
زانستیی زمان و ئەدەبی فارسی.
ـ بەرھەمەکانی بریتیتن لە:
١ ـ رێزمانی پوختەی زمانی کوردی
(بەراوردی، مێژوویی، راڤەیی) لەژێر چاپ دایە.
٢ ـ مێژووی ئەدەبیاتی کوردیی ئیلام
بە ھاوکاریی زاھیر سارایی.
٣ ـ رۆڵی عەشیرەکان لە پاراستنی سنوورەکان (لە دەورانی
عوسمانییەوە ھەتا ساڵی ١٣٦٧).
٤ ـ خەسارناسیی وشەسازی لە زمانی کوردیدا.
٥ ـ ئاواشناسی و واک ناسیی کوردیی
جنووب، رێزمانی پوختەی زمانی کوردی بەپێی تیۆریی پێکھاتەخوازانە، بەرنامەڕێژی و دەستووری
پێشنیاری و فەرھەنگی پوختەی رێکوەندەکانی زمانی کوردی بە ھاوکاریی رەزا شەجیعی کە
زیاتر لە ٣٠ ھەزار وشەی لەخۆ گرتووە.
ـ ھەروەھا کۆمەڵێک بەرھەمی توێژینەوە،
ساغکردنەوەی دەفتەر و دیوانی کلاسیک و ئەدەبی فۆلکلۆریکی کوردیی جنووبی ھەڵەبڕی
کردووە و لە بواری کاری رۆژنامەگەری و بەتایبەت رۆژنامەگەریی کوردی کەسێکە چالاکە
و ئێستا مامۆستای قۆناغی دواناوەندییە لە شاری ئیلام و ھەروەھا سەرنووسەری بڵاوکراوەی
"کۆشک"ە.
ـ خاوەنی دەیان وتاری لێکۆڵینەوەیی دیکە لەبارەی
زمان و فەرھەنگی کوردەوە بە زمانەکانی کوردی و فارسی.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر