۱۳۹۶/۱۰/۲

دڵقی زبڵ


پەری کەریمی نیا

 پۆتین بۆ هەواڵێکمان لێ ناپرسی؟ کە ئاوڕی دایەوە، لێنین بوو. لێنین خەریکی گوشینی قەیتانەکانی بوو کە بەو ئاوەی وا دایکی منداڵەکە لە شووشە و مەمکەکەی هەڵدابوو، ششتبووی. پۆتین خەریکی کورتکردنەوەی قژی قاچاخچییەکە بوو. قاچاخچییەکە خۆی بە "سین" بە ئەمان ناساندبوو. "سین" درێژەیەکی باریکەڵە بوو کە هاوڕێ قاچاخچییەکانی بە ژمارەی 9 بانگیان دەکرد.
-  سەری ئەوەندە زلە، بێچاوێنی بێ هەڵبەت، هەر لە کەللـە سەری 9 ئەچێ. ( شۆڤێری ڤانە بچووکە نەفەر هەڵگرەکە ئەمەی وتبوو(

-‌ هەڵبەت زلی بێ موو. بە سێ تەڵاقەم، بچێ بۆ لای هەر سەرتاشێک کابرای سەرتاش سەری لێ تێک ئەچێ، نازانێت کوێی بۆ کورت کاتۆ. ( مۆتۆرسوارەکەی کە ئیسکۆرتی ڤانە بچووکەکەی دەکرد، بە قاقاوە ئەمەی وتبوو(
بۆیە "سین" هەمیشە ماشینێکی قژتاشینی پێ بوو، بە هەر کەس بگەیشتایە دەیوت، "قژم بۆ ڕێک بکەن"، چونکە ئەو قژە مۆدێلی پێ نەدەدرا. ئێستا ماشینی قژ تاشینەکە بە پۆتینە و خەریکە قژی بۆ ڕێک دەکات.
لێنین لە پشت پۆتینەوە وەستابوو. پۆتین دەستی لە قژڕێککردنی "سین" هەڵنەگرت. بێ هاتنی لێنین، "سین" لە ژێر چاوێکەوە سەیرێکی پۆتینی کرد. پۆتینیش لە ژێر چاوەوە سەیری هەردووکیانی کرد. لێنین سەیری سەر عەرزەکەی دەکرد کە بایەک بە قژە کورت و لوولکراوەکەی "سین" کایەی دەکرد. با هەر کایەی بە قژە لوولەکەی "سین" دەکرد کە لێنین قەیتانەکانی دا بە چڵە دارێکی ناسکدا، دەیویست پێش ئەوەی بەڕێ بکەون ئیشک ببێتەوە. سێبەری قەیتانەکان کەوتبووە ئەم لای قژە لوولەکەی "سین"ەوە.
دوێنێ شەو کاتژمێر سێ گەیشتنە سەر سنووری یۆنان. "سین" نەیهێشت فززە لە دەم هیچ کەس لەو 19 کەسە بێتە دەر. دەستبەجێ دڵقێکی ڕەشی گەورەی زبڵی بە سەر هەر 19 کەسەکەیاندا دابەش کرد.
-  بچنە ناوی و بە بێدەنگی بخەون. (تفی دەوری لیوی قوت دا) پۆلیسی تۆرکیا لەوبەر ئەو قوڕوچڵپاوەوە کە هەر ئێستا خۆتان لێتان دا، وەستاوە. پۆلیسی یۆنانیش لەمبەر جادەکەیە، کە خۆتان بە چاوی خۆتان بەیانی ئەوانیش دەبینن. هەرچەند دەستێکی بە قژیدا هێنا و نێوچاوی قرژ دەکرد کە قسەی دەکرد، بەڵام شەوێکی ئەوندە ئەنگوستەچاو بوو کەس ئەوەی نەدی. ئەو 19 کەسە خشەخشێکییان خستبووە ئەو نێوەوە، کەس ئاگای لە کەس نەبوو. هەر 19 کەسەکە دەیانویست پێکەوە سەری دڵقە ڕەشە گەورەکەی زبڵەکە بکەنەوە و بچمە نێویەوە و بخەون.
-  بەیانی مەلابانگدان هەمووان بە بێدەنگی لە خەو هەڵدەستن. کاری دەستبەئاو و شت قەدەغەیە. پۆلیسێک گیرتان بینێت، قوڕ دەچێت بە سەرمدا. (بایەکی کردە سمێلە فشەکەیەوە) دۆلارێکی ڕەش چییە دەستم ناکەوێت. (چەقۆیەکی دەسک ڕەشی لە گیرفانی دەرهێنا، دەمەکەی لەنێو ئەو شەوە ئەنگوستەچاوەدا دەبریسکایەوە) نقە لە هەر کەسەوە ببیسم بەم چەقۆیە لە نقەی دەخەم.
خشە تەواو بوو. هەموو لەنێو دڵقە ڕەشە گەورە زبڵەکاندا بوون. هەم دۆشەک بوو، هەم لێفە. تەنیا کەسێک کە لەنێو دڵقی زبڵەکەدا نەخەوت، ژنە دووگیانەکە بوو کە زگی ئەوەندە زل بوو لەنێو دڵقەکەدا جێگای نەدەبوویەوە. بۆیە هەڵیدڕی و بەس لە سەری خەوت. یەک دوویەکیان دستیان خستە ژێر سەریانەوە. زۆربەیان بەردێک کە دەچەقییە پشتیان، دەریان دەهێنا و دەیانخستە ژێر سەریانەوە. دایکێک دستی درێژ کردبوو بۆ ئەوەی منداڵە نۆ مانگەکەی سەر بخاتە سەر دەستی (ئەوەی کە ئاوەکەی دابوویە لێنین). لەناکاو یەک قیژە لە منداڵە بەرز بوویەوە.
-  ئەوە منداڵی چ دایک قاحبەیەکە؟ (چەقۆکەی لە گیرفانی دەرهێنا(
باوکی منداڵەکە هات زاری بکاتەوە، دایکی منداڵەکە دەستی خستە سەر دەمی و مەمکی تەپاندە دەم منداڵەکەیەوە.
 "سین" سەرێکی هەڵهێنا. خۆر تازە خەریک بوو سەری دەردەهێنا کە ڕووی کردە پۆتین..
-  تۆ مێردت هەیە؟ (لە ژێر لێوەوە وتی(
 - بەڵێ ئەوەی کە قەیتانەکانی هەڵدەخا، مێردمە.
 ناوت چییە؟
 ئەرێ چی دەبێت ئێمەش کلاوێک سەر "سین" بکەین؟ ئەگەر پۆتین بڵێت من لێنینم و لێنین بڵی من پۆتینم، چی دەبێت؟ لێنین کە بە قسەی خۆی مامۆستای ڕامیاری بووە و مارکسیزمی وتووەتەوە، ئەو کە بێجگە لەو ڕەنگە جلە سەربازییە سەوزە و کراسی ئانیشک پینەلێدراو هیچی تر لە بەر ناکات. کەواتە با پۆتین بێت. لە پۆلدا هەمیشە خۆی وەک ڕێبەری شۆرشی کرێکاری ڕووسیا ناساندووە. هەڵبەت بە قسەی خۆی؟ هەر کات کە باسی ڕووسیا دەکات، چاویلکە خڕە ناسکەکەی دەردێنێت و هێواش هێواش خاوێنی دەکاتەوە.
-  من نەبوایەم ئەو شۆڕشە سەری نەدەگرت!
رۆژێک پۆتین بە سەرسووڕمانەوە لێی پرسی:
-  باشە ئەگەر تۆ ڕێبەڕی شۆڕشی ڕووسیا بوویت، لێرە چی دەکەی؟
 لێنین چاویلکەکەی لە چاو کردبووەوە. سەری بۆ ئاسمان بەرز نەکردەوە، سەری دانەواند بۆ زەوی.
-  دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ڕووسیا من بە تاوانی خایینبوون نێردرام بۆ ئێرە. تەمبێێێێ...
پۆتین لەوە زیاتر لە سەری نەڕۆیی، چونکە دەیزانی زانینی ئەو شتانە هیچ کاریگەرییەک لە سەر ڕای باوکی دانانێت.
-  خوا ئەزانێت لە ڕووسیا دز بووە؟ جەردە بووە؟ قۆڵبڕ بووە؟ چی بووە؟ ئێستا هاتووە لێرە باڵمان بۆ فش دەکاتەوە و داوای کچمان لێ دەکات.
قامکی شادەی بەرز کردەوە و ڕووی کردە پۆتین:
-  بەو خوڵایە نە تۆ لچی لێدەدەی نە ئەو هەتیوە دەمڕووتە!!!
پۆتینیش خۆی هیچ لە لێنین بە کەمتر دانەدەنا، بەڵکو واشی بیر دەکردەوە کە شتێ زیاترە.
-  من "پۆتین"م. ئابووریم تەواو کردووە. کارخانەی بنێشتی کوردیم هەیە. بنێشتی کارخانەکەی من لە تەواوی دنیادا برەوی هەیە، چونکە بنێشتەکەمان سروشتیە.
لێنین چونکە یەکەم دیدار بوو، نەیوت کە تۆ بۆرژوای. بەس وتی: هیوام وایە بنەماڵەکەت زەماوەندەکەمان تێک نەدەن.
زەماوەند نەکرا، بەڵکو لە سەر پیشنیاری هەردووکیان هەڵهاتن. لێنین لە دەستی حکوومەتی ڕووسیا و پۆتینیش بە دژی باوکی وەستایەوە و لچی لە لێنین دابوو. هەڵهاتن بەرەو ئەم شوێنەی کە ئێستا سەری "سین"ی تێدا کورت دەکاتەوە. هەڵهاتن بەرەو ئەو شوێنەی کە پۆتین بوو بە لێنین و لنین بوو بە پۆتین لای "سین". (ئێمەش لەمە بەدوا بەو ناوە دەیانناسین(
لێنین لە قژ کورتکردنەوەی "سین" ببووەوە و پۆتینیش لە هەڵخستنی قەیتانەکانی. "سین" هەردووکیانی بە برۆهەڵتەکاندنێک بانگ کرد.
-‌ بیست دەقەی ‌تر ڤانێکی بچووک دەگاتە ئێرە. ڕەشە. دوو دانە مۆتۆرسواریش لەم شانە و شانەوە ئیسکۆرتی دەکەن. شۆڤێڕی ڤانە بچووکەکە دانابەزێت. هەر لە جامەکەیەوە ئێوە دەبینێت.
سەیرێکی پۆتینی کرد. بە غەززەبەوە.
-  بچۆ ئەو قەیتانانەت بێنە و پێڵاوەکانت لە پێ بکەوە . خۆ نەهاتی بۆ زەماوەند!
پۆتین هات قسەیەک بکات، سەیری سێبەری برۆکانی "سین"ی کرد کە چاوی داپۆشی بوو. هیچی نەوت و بێ قڕە هەستا بۆ ئەوەی قەیتانەکان بخاتەوە نێو پێڵاوەکانی و ئیتر لە پێیان بکاتەوە. نەیدەویست بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی کە بە زۆرە ملێ ناردبوویان.
هەر کە ئەو ڕۆیی، "سین" دەستی برد و دەستی لێنینی گوشی:
-  تۆ دەچیت لای شۆڤیڕەکەوە دادەنیشیت. قسەش نەبێت!
لێنین هات پرسیارێک بپرسێت، "سین" دەستی بە قینەوە بەردا.
-‌  کارت بەسەر پۆتینەوە نەبێت، ئەو لە پشت ڤانە بچووکەکەوە دادەنیشێت.
لێنین دوا بنێشتی کوردی کارخانەکەی خۆی، کە لە بنکی گیرفانیدا بوو، دەرهێنا و خستیيە دەمییەوە.
-‌  لەنێو ڤانە بچووکەکەدا 19 کاتژمێر دەمێنننەوە. ڕەنگە زیاتریش. چونکە پۆلیسی یۆنان لە هەموو شوێنێک خۆی حەشار داوە.  
چەقۆ دەسک ڕەشەکەی لە گیرفانی دەرهێنا و دەستی کرد بە کردنەوەی دەمەکەی. کە دەیکردەوە، سێبەرەکەی کەوتە سەر عەرزی و هەستێکی قورسی لە لێنیندا پێک هێنا.
-  تۆ کە لە پێش ڤانە بچوکەکەوە دادەنیشیت وا خۆت دەنوێنێ کە ژنی شۆڤیڕەکەی. هەر کە پۆلیست بینی دەست دەکەی بە ماچکردنی شۆڤیرەکە، ماچی دەکەی... دەمی ماچ دەکەی... چاوی ماچ دەکەی... من کارم نییە... بە هەر شوێنێکی گەیشتی ماچی دەکەی. هەتا پۆلیس تێدەپەڕێت.
لێنین دەمی بوو بە تاقی چرا. "سین" دەمی چەقۆکەی بە قۆڵە درێژەکەی لێنین خاوێن کردەوە. پاشان چەقۆکەی تا بەر چاوی بەرز کردەوە.
-  ئەم چەقۆیە دەدەم بە شۆڤیرەکە. بۆ کاتی پێویست!!!
پۆتین کە لە پێڵاو لە پێکردن بوویەوە، "سین" هێشتا چەقۆکەی بە بەرچاوییەوە گرتبوو. هەر 19 کەسەکە، لە بن دارێکدا بە بێدەنگی کۆمەڕکێیان کردبوو و خۆیان هەڵدەگوشی. ژنەکە چەقۆکەی بە دەست "سین"ــەوە دیت و زوو مەمکی ڕاستی دەرهێنا و تەپاندییە دەمی منداڵەکەیەوە؟ منداڵە خۆی پیس کردبوو. بەڵام دایکە نەیدەوێرا بە "سین" بڵێت، دەیەوێت بچێتە سووچێکەوە و بیگۆڕێت. بۆ 9 کاتژمێر دەچوو کەس کاری دەستبەئاوی نەکردبوو.
 "سین" سەیرێکی لێنینی کردەوە. دەمی چەقۆکەی بردە پەنا ملی لێنینەوە و بردی بۆ لای گوێچکەی. دەمی خۆیشی لە گەڵ چۆقۆکەدا برد بۆ پەنا ملی لێنین.
-  تەنانەت دەتوانی پەنا ملی شۆڤیرەکەیش ماچ بکەی!!!
چەقۆکەی لە پەنا ملی دوور خستەوە بە جێگای دەمی لە ملی نزیک خستەوە بۆ ئەوەی ماچی بکات. پۆتین گەیشتە سەری. هەر کە ئەو گەیشتە سەری، دەنگی گازدانی توندی مۆتوریش بیسترا. لێنین نەیهێشت دەمی "سین" لە پەنا ملی بکەوێت بە پەلە سەری لابرد. پۆتین هات دابنیشێت کە "سین" دەستی کرد بە گیرفانیدا و شووشەیەک دەرمانی دەرهێنا.
-  ئەمە بدە بەو ژنە با بیدات بە منداڵەکەی. دەیخەوێنێت و لە نقەی دەخات لەنێو ڤانە بچوکەکەدا. ئیتر قوڕمان بۆ ناگیرێتەوە.
 "سین" بە پەلە هەستا. هەموو خەڵکەکەی بژاردەوە.
19 کەسن. تەواوە. چاوەڕوان بکەن ئێستا هەموو دەچنە پشت ڤانە بچووکەکەوە. خۆر تیژیەکەی خەریک بوو دەستی پێدەکرد. 19 کەسەکە بەربوونە ئارەقسڕینەوە. ژنە دوو گیانەکە دەستێکی بە پشتیيەوە گرتبوو، دەستەکەی تری بە زگییەوە نووساندبوو. مێردەکەی زلەیەکی چاوشین بوو کە ویستی هەستێتە سەر پێ، دەستی خستە سەرشانی ژنەکەی. پۆتین دەرمانی خەوەکەی دایە دەست دایکی منداڵەکە. دایکی منداڵەکە لە کاتێکدا مەمکی لەنێو دەمی منداڵەکەیدا بوو، دەرمانەکەی لە سووچێکی دەمی منداڵەکەوە کردە زاريیەوە. منداڵەکە بە پەلە دەمی لە مەمکە بەردا، ویستی دەرمانەکە تف بکاتەوە. دایکی بەزۆر مەمکەی تەپاندەوە دەمی. "سین لە گەڵ شۆڤیرەکەدا قسەکەی دەکرد. سوورەیەکی زلە دیار بوو. قژێکی درێژی پێوە بوو کە لە پشتەوە بە پەتێکی ڕەش بەستبووی. "سین" لە دوورەوە ئاماژەیەکی بە لێنین کرد و هەر خەریکی چپەکردن بوو. شۆڤیرەکە سەیرێکی لێنینی کرد . شیلە بزەیەک. زمانی بە دەوری دەمیدا هێنا. لێنین خۆی لە گێژی دا. خەڵکەکە هەموو چاوەڕوان وەستابوون.
ڤانە بچوکەکە دەرکەکەی کرایەوە بۆ ئەوەی ئەو 19 کەسە سەر بخات. هیچ پەنجەرەیەک بەدی نەدەکرا. چوار دەوری نێوەوەی بە تەختە و دڵقی ڕەشی زبڵ خنرابوو. 19 کەسەکە هەر چاوەڕوانی سەرخستن بوون کە پۆتین هاتە پشت سەری لێنینەوە.
-  لێنین بۆ هەواڵێکمان لێ ناپرسی؟


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر