۱۳۹۶/۹/۲۷

ئەدەبی زارەکی و تایبەتمەندییەکانی/ لە دیمانەیەک لەگەڵ رەسووڵ سوڵتانی




ئامادەکردنی شەریف فەلاح
 شەریف فەلاح: ئەگەر بمانەوێ بە شێوەیەکی گشتی پێناسەیەکی ئەدەبی زارەکی بکەین، دەبێ لەسەر بنەمای چوار کۆڵەکەی گرنگی ١ ـ بەیت ٢ ـ لاوک ٣ ـ حەیران ٤ ـ پەندی پێشینیان لەنگەر بگرین، رای بەڕێزت لەم بارەوە چییە؟

رەسووڵ سوڵتانی: دیارە ئەوەی تۆ باسی دەکەی، واتە ئەدەبی زارەکی، لەراستیدا تاوتوێ کردنی ئەدەبی زارەکی بەبێ ھەرکام لەو ژانر و لایەنانە، پڕ لە کەموکووڕی و نوقسان دەبێ. راستە ئەوانە کۆڵەکە و باشتر بڵێین بناغەی ئەدەبی ئێمەن. لە ھەرکام لەو ژانرانەدا بە شێوەیەک روخسارەکانی ژیانی رابردووی کوردەوارییەکەی خۆمان بەدی دەکەین. پەندی پێشینیان پڕە لە روانینی فەلسەفیی کورد بۆ ژیان، حیکەتی ژیان. ئێمە لە ئاوێنەی پەندەکاندا بۆمان دەردەکەوێ کە کورد چۆن لە مەسەلە گرنگەکانی پێوەندیدار بە ژیانەوە، ورد بۆتەوە.

 بەیتەکان لایەنی جۆراوجۆریان ھەیە. حەیران لەگەڵ دەربڕینی سۆزی غوربەت و ئەڤینداری شتێکی شاراوەمان بۆ دەخاتە روو. ئەویش ئەوەیە کە لە کوردەواریی کۆندا، لەنێو ئێڵ و عەشیرەتاندا کە حەیران گرنگیی تایبەتی ھەبووە لەوێ، تەنیا پیاوی حەیرانبێژ نەبووە، بەڵکوو ژنە حەیرانبێژیش ھەبوون. ھەموو ئەو کۆپلە حەیرانانەی کە بەو شێوەیە دەست پێدەکەن: ئەمن دەڵێم / دەرێم، ھەتیوە حەیران.... ئەوانە ژن گوتوونی. ژنی دەنگخۆش لە کوردەوارییەکەی خۆماندا زۆر بوون، بەڵام بەرھەم و شوێنەواریان لێ نەماوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا شێوازەکانی بیروڕا گۆڕینەوەی نێوان کوڕ وکچە ئەڤیندارەکانی سەردەمانی زوو، لە ئاوێنەی حەیرانەکاندا دەردەکەوێ. حەز و ویستەکانیان و شێوازەکانی روانینیان بۆ ژیانی ھاوبەش و ئامادە بوونیان بۆ قوربانیدان لە پێناوی خۆشەویستیدا. بەھەر حاڵ ئەو ژانرە ئەدەبیە فۆلکلۆریانە لە زۆر روەوە دەتوانن ببنە بنەما. دەرونزان و کۆمەڵناسانیش ھێندەی ئەدیبەکان دەتوانن بۆ ناسینی ئێستا و رابردووی کورد پشت بەوانە ببەستن. نموونە: کۆمەڵناسەکان دەتوانن بە تاوتوێ کردنی ھەموو ئەو بەسەرھاتانەی کەلە رشتەی مرواریدا ھاتوون، لە شێوە و باری ژیانی کۆمەڵایەتیی کورد لە رابردوودا ئاگادار بن. دەتوانن لەوێوە باشتر بزانن کورد چۆن ژیاوە. بەڕای من تاوتوێ کردنی چیرۆک و قسە نەستەقەکانی نێو رشتەی مرواریی ( مامۆستا عەلادین سەجادی ) زۆر لە خوێندنەوەی مێژووی ئەوکات باشتر دەتوانێ ژیانی کۆنی کوردەواریمان بۆ روون بکاتەوە.
 دەروونزانێکیش ئەگەر بیەوێ لێکۆڵینەوەیەک لەسەر خاڵ و حاڵەتە گشتییەکانی کورد بکات و لە سەرچاوە و ئاخێزگەی ئەو حاڵەتانە بگەڕێ کە رەگ و بناوانیان لە رابردوو دایە، باشترین و دەوڵەمندترین سەرچاوە بۆ لێکۆڵینەوەکانی، دەکرێ فۆلکلۆر بێت. بڕوا ناکەم گۆرانیی ھیچ نەتەوەیەک ھێندەی گۆرانیی کوردی باسی مەم و ماچ و قووڵکەی گەردن و نێوانی سینگ و مەمک و خاڵی لێو و... بکات. ئەوە پێویستی بە لێکدانەوە و خوێندنەوەی کۆمەڵناسانە و دەروونزانی ھەیە. ئەگەر یەکێک چاک شارەزای فەرھەنگی ئێمە نەبێ و نەزانێ لە کوردەواریی کۆندا ئێستاش لە ھەندێ ناوچەی کوردستان گەورە بە چووکە و ژن بە ژنە و بە زۆر شوو دانی کچ ھەبووە و ھەیە، لە واتای گۆرانیی " لانک، لانک لانکۆڵێ، لانک لە دار ھەنارێ...." لێ ناگا و نازانێ بۆ دەبێ ژنێک منداڵەکەی بنوێنی و پەلەی لە نوستنی منداڵەکەی بێ، بۆ ئەوەی بچێتە ژوان. بە دڵنیاییەوە ئەو ژنە بە نابەدڵی دراوەتە باوکی ئەو منداڵە و لە خۆشەویستە راستەقینەکانی خۆی بی مراد بووە و پێک نەگەیشتوون و ئێستاش دایکی منداڵەکە ھەر دڵی لێ بەر نەداوە. یان گۆرانیی: (بە تفەنگی بڕنەو ببڕن حەیاتم ... دایکی حەوت کوڕ بی ھەر بە تەماتم.)
 بە گشتی فۆلکلۆری ئێمە دەریایەکە و مرواری و گەوھەری لە ھەموو جۆرێک و بۆ ھەموو کسێک تێدایە. بەڵام دەبێ راوچیی بیت، ئەوجا دەسکەوتت دەبێ، ئەگینا ھەر لە لێواری دەریاکەوە رادەوەستی و لەخۆوە پێت وایە تەنکە و چیی تێدا نیە.

 شەریف فەلاح: ئەگەر بمانەوێ لە بەیتەکانەوە دەست پێ بکەین، خاوەن چ تایبەتمەندی و توخمگەلێکن و بە چەند جۆر دابەش دەبن و چۆنیان پۆلێن بەندی دەکەی؟
رەسووڵ سوڵتانی: بەیتەکان ئاوا دابەش کراون :( دڵداری ـ حەماسی )، ( عیرفانی و ئایینی ) و بەیتی مێژوویی.
 بەیتەکان گێڕانەوەی رووداون. ھەرکام بەپێی ناوەرۆکیان دابەش کراون. بۆ وێنە: بەیتی شۆڕ مەحموود و مەرزینگان بەیتێکی دڵداری و حەماسییە. ھەم باسی دڵداریی نێوان شۆڕ مەحموود و مەرزینگانە و ھەمیش، باسی پاڵەوانێتی و قارەمانێتیی شۆڕ مەحموودە. بەیتی لاس و خەزاڵ ھێندەی باسی دڵداریی نێوان لاس و خزاڵە و شۆڕی مەلا نەبی دەکا، زۆر لەوە تر باسی سوارچاکی و پاڵەوانیی لاس دەکا، ناسر و ماڵمالیش ھەر وا.
 بەیتە مێژووییەکانی وەک: قەڵای دمدم و باپیرئاغای مەنگوڕ، گێڕانەوەکانی مێژوون. ئەوکاتمیرە کوردەکان بەیت بێژیان لەگەڵ خۆیان بردۆتە مەیدانی شەڕێ بۆ تۆمار کردنی رووداوەکان و گێڕانەوەیان لە قاڵبی بەیتدا. بۆیە باشترین حاڵەت ئەوە بووە بەیتبێژ خۆی دیمەنی شەڕگەی لە نزیکەوە دیتبایە. پتر لەوە ئەگەر بمانەوێ بە شێوەی زانستی باسی لایەنە جیاوازەکانی بەیت بکەین لێرەدا مەوداکەی زۆر بەرتەسکە. ئەگینا خۆی بەیت ھەڵدەگرێ لە چەندین لایەنی زمانی و شێوازەکانی گێڕانەوە و داڕشتنەوە ئاوڕیان لێ بدرێتەوە بە تایبەتی تەکنیکی گێڕانەوەی بەیتەکان شیاوی ئەوەن لێکۆڵەرانی بواری چیرۆک و رۆمان بە شێوەی زانستی بە مێتۆدەکانی گێڕانەوە بیانخوێننەوە. بەیتی سەیدەوان یەکێکە لەو بەیتانەی وەک بزانم زیاتر لە دە شێوە گێڕانەوەی ھەیە. ھەر جارەی لە گۆشە نیگایەکەوە گێڕدراوەتەوە. ئەوەش ئێستا لە چیرۆکنووسیی مۆدێڕندا بەرچاو دەکەوێ. خۆی ئەگەر سەد کەس لە یەک کاتدا بینەری یەک رووداو بین و بمانەوێ تاریفی بکەین و بیگێڕینەوە لەگەڵ ئەوەدا کە رووداوەکە یەک شت بووە و کاتی دیتنەکەش ھەر یەک کات بووە، دیسانیش ھەر کەسە و بە شێوەیەک دەگیگێڕێتەوە. ئەوجار رەگەزەکانی دیکەی چیرۆک لەنێو بەیتەکاندا شیاوی لێ وردبوونەوەن و شاعیر گوتەنی لێرەدا ( بەستەڵەکە گیانە ھەرێمی وتار ). 

شەریف فەلاح: جوگرافیا و شوێن چ کاریگەرییەکیان لە سەرھەڵدانی بەیتەکاندا ھەیە؟
رەسووڵ سوڵتانی: دیارە زۆرترینی بەیتەکان لە ناوچەی موکریاندا روویان داوە. بەیت ھەیە شوێنی دیار نیە. بەیت ھەیە لە شوێنێکی دیکە رووی داوە، بەڵام لە مەڵبەند و شوێننێکی دیکە گێڕدراوەتەوە. بۆ وێنە سەیدەوان رووداوێکی تراژیدیی لای ئیزەدییەکانە لە چیای مەغڵووبی داسنی کە لەسەر رێگای ھەولێر دەۆکە. ئەو ێیایەی کە نێچیروان لێی ھەڵدەدێردرێ و عەبدولعەزیز  لەوێ سەیدەوان دەکوژێ. بەڵام گێڕانەوەی بەیتەکە لە موکریانە و بە زاراوەی موکریانیە. ئەوەش ھۆکاری خۆی ھەیە، بەیتی قەڵای دمدم لە لای ورمێ بووە و لە موکریان و بە زاراوەی موکریانی گوتراوەتەوە. دیار دیوەخانەکانی موکریان گرنگییەکی زۆریان بە بەیت بێژان داوە.

 شەریف فەلاح: سیستمی کۆمەڵایەتی و قۆناغی فیۆدالی و دەرەبەگایەتی چ رەنگدانەوەیەکی لە ھەناوی ئەدەبی زارەکی بە گشتی و ناوەرۆکی بەیتەکاندا ھەبووە؟
رەسووڵ سوڵتانی: دیوەخانی ئاغا و دەرەبەگەکانی کوردستان ئەگەر ھیچ خزمەتێکی لە دەست نەھاتبێ و چاوپۆشی لەو چەوساندنەوە و ئازار و ئەزیەتانەیان بکەین کە بەرامبەر خەڵکەکە ھەیانبووە، ئەوەندە قازانجەی ھەبووە کە گرنگیان بە بەیت بێژ و حەیرانبێژان داوە. دیارە ئەو کارەشیان لە پێناوی خزمەتکردن بە ئەدەب و ھونەری کوردیدا نەبووە، بەڵکوو بۆ رازاندنەوەی کۆڕ و مەجلیسەکانیان و لە لایەکی دیکەشەوە بۆ خۆ ھەڵکێشان و خۆ نواندنەکانیان بووە. چونکە بەشێک لە کەسایەتیەکەیان بەسترابۆوە بەوەی ئاخۆ: حەیرانبێژ و بەی بێژەکانیان چەندە بە توانا و لیھاتوون.
 لەباری سیستمی کۆمەڵایەتییەوە: بەیت و حەیران ھی سەردەمی خێل و عەشیرە و ھۆزەکان بووە، بە تایبەتی لە لادێ و گەندەکاندا. کەوابوو ئەو ژانرانە، داھێنانیان و ھۆندنەوەیان و تەنانەت پەرە پێدانیشیان لە سەردەمی قۆناغی پێش مۆدێڕنیتەدا بووە. کە دەشڵێم پێش مۆدێڕنیتە ھیچ بەو واتایە نیە کە کورد بە قۆناغی پێش مۆدێڕنەدا بەرە و مۆدێڕنیتە و دوای مۆدێڕنەدا تێپەڕیبێ. باشترە بڵێم قۆناغی پێش ھاتنی ئامێر و ئامرازەکانی مۆدێڕنیتە. بە تایبەتی سەرھەڵدانی شارنشینی و کاڵبوونەوەی ژیانی گوندی.

 شەریف فەلاح: بۆچی ئاکامی ھەموو بەیتەکان بە ناخۆشی، شکست و ناکامی کۆتاییان پێ دێت؟
 رەسووڵ سوڵتانی: دیارە ئەگەر ئاکامەکەیان ئاکامێکی تراژیک نەبوایە نەدەبوونە بەیت و چیرۆک و نەدەکەوتنە سەر زار و زمانان. ئەگەر شۆڕ مەحموود و مەرزینگان لە گێژاوی رووبارەکەدا نەخنکابان و لاسە شۆڕ بە تیری چڵکنان نەچووبایە و سەیدەوان بە دەستی باوکی نەکوژرابایە و خان سولەیمان خانی ( بەیتی لەشکری ) بە ساغ و سڵامەتی لە سەفەرەکەی بەغدایە گەڕاباوە و سیامەند و خەج و سیامەند پێک گەیشتبایەن کوا دەبوونە ئەو بەسەرھاتە سەرنجڕاکێشانە و دەکەوتنە سەر زار و زمانان. نا وەڵڵا ئەوانیش وەک من و تۆ ژیانی ھاوسەرییان پێک دێنا و سەریان پێکەوە دەنا و لە ژیانێکی ئاساییدا دەتوانەوە.
شەریف فەلاح: لەباری فۆرم و داڕشتنەوە سەرەڕای ئەوەی کە ھۆنەر و دانەرەکانیان خاوەن خوێندەوارییەکی ئەوتۆ نەبوون، بەڵام توخمی شیعری نوێیان تێدا بەدی دەکرێ، رای بەڕێزت لەم بارەوە چییە؟
رەسووڵ سوڵتانی: بەشێکی ھەرە زۆری ئەوەی ئێستا بە ناوی شیعری نوێی کوردی بڵاو کراونەتەوە، ـ پێشتریش باسم کرد ـ نەیتوانیوە لە رەوانبوون و ئاوازی ناوەکی و فۆرم و وێنەی شازدا سنووری ھێندێ کۆپلەی بەیت و حەیرانەکان ببڕێ. ئەگەر بێین و نێوەرۆکەکەیان لەبەرچاو نەگرین و تەنیا بە پێوەری سەنعەتەکانی شیعر ھەڵیانسەنگێنین، ئەوان بگرە سەنعەتکاری جوانتریشیان تێدا کراوە. بۆیەش ناوەرۆک ھەڵداوێرم، چونکە ھەرکامیان باسی جیھانبینی و کەڵکەڵە و ویست و داخوازی سەردەمی خۆیانن. بۆ وێنە لە حەیران و بەیتدا نایە باسی گڵۆپ و فڕۆکە و شەمەندەفەر بکا، کاتێ بە پێوەری سەنعەتە شیعرییەکان لێکیان دەدەیتەوە سەرت سووڕ دەمێنێ لەو لێزانی و وەستاییەی ھۆنەرانی نەخوێندەواری بەیت و حەیران. سەیرێکی  بەیتی " سوارۆ "  بکە، کۆپلەی یەکەمی بەیتی سوارۆ با بزانین چیە؟ 
 کیژ دەڵێ:
 دوێنێ سووکەڵە سوارەکەی من دەچۆوە سەفەری کاولە لەحسایێ
 دەیگوت کیێ بێنە دوو ماچم دەیە
 بە سەری بە قوڕ و بە ملی بە کوێنم ھەی لاڵ بم نەمدە دایێ
 لە دوایە دەچوومەوە پێش سوکەڵە سوارەکەی خۆم
 ئەمن زولفی خۆمم لەبەر دەگێڕا و
 مەمکی خۆمم لەبۆ دەبردەوە تکایێ
 دەمگوت سوارۆ
  شەرتە ئەگەر بگەڕێیتەوە، لەوێ شەڕ و ھەرامەتی دە ھەڵڵایێ
 ئەمن سینگی خۆمت بۆ دەکەم بە کاغەزێکی مەرجان و
 مەمکی خۆمت بۆ دەکەم بە قەڵەمێکی فەرەنگی
  شەو ھەتا رۆژێ لە سەری بکەیتەوە موتاڵایێ.
 .............................
 لێی ورد بەوە، ئەو ھەموو وردە کاری و جوانکارییەی لەو کۆپلەیە دایە، ھەتا ئێستا دەگمەنن ئەو شیعر نوێیانەی ھێندەی ئەو کۆپلەیە سەرسامی کردبێتم لە وردەکاریی ئەدەبیدا. ئەو کۆپلەیە ھەڵدەگرێ بە پێوەرەکانی فۆرماڵیستەکان، بە پێوەرەکانی ھێرمۆنتیک، بە پێوەری سەنعەتە شەرقییەکانی شیعر لێکی دەیتەوە. زۆری تێدایە....  

شەریف فەلاح: بۆچی مەکۆ و مەڵبەندی زۆرێک لە بەیتەکان و گێڕانەوەیان ( موکریان )ە، ئەو ھۆکارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرھەنگیانە چین کە ئەو دەڤەرە بۆتە ھەوێنی سەرھەڵدانی ئەدەبی زارەکی؟
رەسووڵ سوڵتانی: دەکرێ بڵێین مەکۆی ھۆنینەوە و گوتنەوەی بەیتەکان مورکیانە. نەک روودانی بەیتەکان. ئەو بەیتانە زۆرەبەیان لە دەروەی ھەرێمی موکریان روویان داوە. ئەوەتا سەیدەوان لە ناوچەی ئێزەدییەکان بووە، بەیتی لەشکری بەسەرھاتی خان سولەیمان خانی سۆران مێردەکەی خانزادی سۆرانە و لە دەرەوەی ھەرێمی موکریان بووە، کاکە میر و کاکە شێخ ھی ناوچەی پشدەر و بێتوێنە، لاس و خەزاڵ لە ناوچەی باڵەکاتی بووە، قەر و گوڵزەر لە ناوچەی پشدەر و بێتوێن بووە. بەڵام ھەموویان لە موکریان و بە لەھجەی موکریانی گوتراونەتەوە. چونکە لەوێ دیوەخانی ئاغاکان بەیتبێژ و خۆشخانیان راگرتووە. نەک لەبەر ئەوەی ئەو ئاغایە ئەدەب پەروەر و ئەدیب بووبن، ھەرچەند ھێندێکیشیان مایەیان تێدا بووە، بەڵام زیاتر لەبەر کەیف و خۆشی و رابواردنی شەوانی دیوەخان بووە. راگرتنی بەیتبێژ و خۆشخوان و حەیرانبێژی کارامە جۆرێک لە دەسەڵات و ھێز نواندن بووە. ئەوەش کۆپییەک بووە لە دۆخی دەرباری پاشاکانی ئێران و لە راستیدا بۆتە نەریتێک و ئەمەش بۆتە کولتوور و ھەوێنێک بۆ ئەوەی دەڤەری موکریان ببێتە کانگای ھۆنینەوە و گێڕانەوە و پاراستنی زۆرێک لە بەیت و حەیرانەکان و بە گشتی ئەدەبی زارەکی و نەنووسرا و پشتا و پشت و سینگ بە سینگ و نەوە بە نەوە گەیشتوونەتە بەرەی ئەمڕۆ و ئێستاش جیا لە کۆکردنەوە و پاراستنیان خەریکن لەسەریان کاری لێکۆڵینەوەی زانستیی ھەمەلایەن دەکرێ.  
شەریف فەلاح: رۆڵ و پێگەی ژنی کورد لە فۆلکلۆر و بەتایبەت بەیتە کوردییەکان چۆن دەبینی؟
رەسووڵ سوڵتانی: پێگە ژنی کورد لە فۆلکلۆریش و لە بەیتیشدا جیاوازە. جارێک لە دارە و جارێک لە خوارە. لە گۆرانیی کوردیدا جارێک خۆی بە قوربانی کراوە و جارێک بە بێوەفا ناوی براوە. لە بەیتەکاندا قسەی لەسەر بکرێ باشترە. لە بەیتەکانیشدا ژن چەند روخسارێکی جیاوازی ھەیە. بۆ نموونە لە سەیدەواندا ژن کپ و بێدەنگە. سێ کوڕ لە یەک رۆژدا، سێ زاروا لە یەک رۆژدا دەمرن، لە سەرانسەری بەیتەکەدا نووزەی دایکێک لاواندنەوەی خوشکێک، ھەنیسکی بووکیش تەنانەت نابیسرێ. بەیتی سوارۆ لە ھەموان بەھێزترە لەو بوارەوە. تەنانەت لە بەیتی لاس و خەلزاڵیش. بەیتی لاس و خەزاڵ و شۆڕ مەحموود و مەرزینگان وناسر و ماڵماڵ و کاکەمیر و کاکە شێخ و... ھەرکامەیان بە شێوەیەک رۆڵی ژنیان تێدا دەردەکەوێ. بۆ وێنە خەزاڵ سەرۆک ئێل و عەشیرەتە و قەروھاش و نۆکەرانی لەبەر دەرگان و لە ھەمان کاتیشدا گەلە ئاشقێکی دڵسووتاوی شێت و شەیدای بە دەورەوەن ھەتا لاس دێ و بڵاوەیان پێ دەکاو...
 لە شۆڕ مەحموود و مەرزینگاندا، مەرزینگان لەسەر پشتی لانکی! دراوەتە شۆڕ مەحموود، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یەکتریان خۆشدەوێ و باوکی مەرزینگان لەمپەرە. مەرزینگان لەوێدا نموونەی ئەوپەڕی بێدەسەڵاتیی ئافرەتە. ھەر ئەوکاتەی وەفارادارنە بە دوای بە دوای شۆڕ مەحمووددا خۆی دەخاتە رووبارەکەوە.
 لە کاکەمیر و کاکە شێخ دا ئەستێ و بوغدان دوو خوشکن شینی دوو براکەیان دەگێڕن کە بە دەھۆ بردوویانن و کوشتوویانن.
 بەڵام لە بەیتی سوارۆدا گراوی (معشوق) ھەر ئەو کچەی بەیتەکە لە زمانی ئەوەوە گێڕدراوەتەوە ھەر لە سەرەتاوە مەرجی پێک گەیشتن و ئاوەڵا کردنی سینگ و مەمکی خۆی بۆ سووکەڵە سوارەکەی گرێ دەداتەوە و بە گەڕانەوەی سوارۆ لە شەڕی کاولە لەحسایە. ئەویش لە کۆپلەکانی دواییدا ئەو مەرجە توندتر دەکا و دەڵێ تەنیا گەڕانەوەت مەرج نیە دەبێ سەرکەوتوانە بگەڕێیتەوە. تەنانەت دوعای لێدەکا. دوعای بۆ ناکا و دوعای لێ دەکا و دەڵێ:
 ... رەبی سوارۆ ئەمن خەبەری مەرگی تۆم بۆ بێ کە دراویتە بەر مەودای شیر و قەناران، نەوەک سەری کەحێلی خۆت وەربگێڕی و ئەمن شەرمەزار بکەی لەنێو شەدەشل و خاڵ لە مل و ناسک و نازداران. لەوێدا کچە ھاندەری سوارەکەیەتی. دەڵێ ئەگەر بە تێکشاوی بێیتەوە ناتدەمێ ماچی دە زەرد و ھەناران....
 بۆیە بە لای منەوە کچی نێو بەیتەکەی سوارۆ رۆڵی ھاندەرێکی بە جەرگ دەبینێ و سار وا لێدەکا کە تەنانەت ئەگەر لە پێناوی ئەو خۆشەویستیەشدا بێ و قارەمانێتی بنوێنێ و شەڕەکە بەرێتەوە و دوژمن ببەزێنێ. بۆیە ئەگەر بمانەوێ لە فۆلکلۆری کوردیدا بۆ دەرو و رۆڵی ژن بگەڕێین، دەبێ ھەر بەشەی بە جودا تاوتوێ بکەین، وەک: پەندی پێشینیان، بەیت، حەیران، شیعری کلاسیک و نوێ....
 
رەسووڵ سوڵتانی
کورتەیەک لەسەر ژیانی رەسووڵ سوڵتانی

ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی حاجیلەکی سەر بە شاری بۆکان لە دایک بووە. لە زانکۆی بۆکان بەکالۆریوسی لە زمان و ئەدەبی فارسی وەرگرتووە. ساڵی ٢٠٠٤ پەڕیوەی باشووری کوردستان بووە و لە چاپەمەنی و بەشەکانی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستاندا کاری کردووە و ماوەی چوار ساڵیشە پێشکەشکاری بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنییە لە (کوردکاناڵ)ی حیزبی دیموکراتی کوردستان و لە گۆڤارەکانی باشووری کوردستانیشدا وەک (کاروان، رامان، ئایندە، ئایدیا، بیاڤ، چلاواز، وێران، ٢٣، گزینگ، ھەڵبوون، راڤە)دا بابەتی بڵاو کردووەتەوە و لە ساڵی ٢٠٠٩وە وەک ستافی کارا لە لاپەڕەی فەھەنگی رۆژنامەی ھەولێردا کاری کردووە و بابەتی بڵاو کردووەتەوە و تا ئەو دەموساتەش ھەروا وەک شارەزا لە بواری زمانەوانیدا لە رۆژنامەی ھەولێر بەردەوامە و ئەرکی زمانەوانیی لەسەر شانە و لە ساڵی ٢٠١١ھیشوە وەک شارەزای زمانەوانی ھاوکاری دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانییە و تا ٣٠ کتێبی کردووەتە کوردی:

١. رۆمانی ژان (نووسینی مارگریت دۆراس).... (دەزگای موکریانی)
٢. پێشەوای رابوون (کتێبێکە لەسەر کۆماری کوردستان) .... (دەزگای موکریانی)
٣. ژن لە فەلسەفەی سیاسیی رۆژئاوادا .... (دەزگای موکریانی)
٤. کۆیلەکردنی ژنان (نووسینی جۆن ستیوارت میل) .... (دەزگای موکریانی)
٥. ئێمیلی ژان ژاک رۆسۆ .... (دەزگای وەرگێڕان)
٦. تاعوونی ئەلبێر کامۆ .... (دەزگای موکریانی)
٧. دیوی کوێستان) رۆمان، ، یەشار کەمال سێ بەرگ .... (دەزگای موکریانی)
٨. سەفەر و ئاسکۆڵەکەی بەختم گوزەل (رۆمانێکی مەحموود دەوڵەت ئابادی) .... (دەزگای موکریانی)
٩. سێبەری ھەڵۆ (رۆمانێکە ئاوڕی لە نھێنییەکانی ژیانی ناپلیۆن بوناپارت داوەتەوە)... (چاپخانەی رۆژھەڵات)
١٠. لە لینینەوە بۆ پووتین ( مێژووی سیاسیی رووسیا لە ١٩١٧ـەوە تا ٢٠٠١) .... (دەزگای موکریانی)
١١. ئیمپراتۆریی بیزەنتی (مێژوو) .... (دەزگای موکریانی)
١٢. کۆتایی سەدەکانی ناوەراست (مێژوو) .... (دەزگای موکریانی)
١٣. ئاغاکانی ئاقچاساز (رۆمان، یەشارکەمال) دوو بەرگ .... (دەزگای موکریانی)
١٤. کیژانی کابول (رۆمان) .... (ناوەندی ئاوێر)
١٥. یاخی (رۆمان/ یەشار کەمال)...(ناوەندی ئاوێر)
١٦. کەوتن (رۆمان. ئەلبێر کامو) (دەزگای چینی)
١٧. ئاسییە (رۆمان).... (دەزگای چینی)
١٨.  یەکەم عەشق (رۆمان) ,,,,,(دەزگای چینی)
 ١٩. لافاوە بەھارییەکان... (دەزگای چینی)
٢٠. گاوان
٢١. بالوول لە کتێب و ھەقایەتاندا.... (دەزگای موکریانی)
٢٢. نان و ماچ (کۆچیرۆک، بەرھەمی ھاوبەش لەگەڵ جەواد حەیدەری)
٢٣. فیمینیزم  (بەرھەمی ھاوبەش لەگەڵ کارزان کاوسێن)
٢٤. راوی مەڕەکێوی (رۆمان. مۆراکامی)... ناوەندی ئاوێر
٢٥. مێژووی گەمژەیی (کارنامەی مێژوو) .... (دەزگای جەمال عیرفان)
٢٦. سەفەر لە ژووری نووسیندا (رۆمان) .... (دەزگای  چینی)
٢٧. پێخواسەکان (رۆمان)............. رۆژھەڵات
٢٨ ـ مۆرانە.... (رۆمان..... جەمال عیرفان)
 ٢٩ ـ زیارەتی ماچ
٣٠ ـ کۆبەرھەمی ئانتوان چیخۆف (١٠) بەرگ. ٢ بەرگی ئامادەی چاپە..
٣١ـ ناپلیۆن.... نووسینی تارلێ... ئامادەی چاپە
 وەرگێڕانی شاکارەکەی تۆلستۆی واتە شەڕ و ئاشتییشی بەدەستەوەیە.


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر