سازدانی شه‌ریف فه‌لاح
1
ـ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاری وه‌رگێڕان و به تایبه‌ت وه‌رگێڕانی جۆراوجۆرت كردووه چ پێناسه‌یه‌كت
بۆ وه‌رگێڕانی ده‌قی ئه‌ده‌بی هه‌یه و جیاوازیی له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كانی تر چییه؟
وه‌رگێڕان خۆی له ڕاستیدا
دیاره چه‌ندین جۆری هه‌یه، به هه‌موو بواره‌كانه‌وه و له هه‌موو لقه جۆراوجۆره‌كانی
ئه‌ده‌ب و مێژوو و كۆمه‌ڵناسیی و ته‌نانه‌ت ده‌قه تیجاریی و بازرگانییه‌كان. به‌ڵام
هه‌ر هه‌مووشیان خاڵێكی هاوبه‌شیان هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه چوونكه وه‌رگێڕان له‌گه‌ڵ
زماندا سه‌روكاری هه‌یه و یان با بڵێین له‌گه‌ڵ وشه‌دا سه‌روكاری هه‌یه، كه‌واته
ده‌توانین بڵێین هه‌موویان وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بین و به‌شێكن له ئه‌ده‌بیات؛ به‌ڵام
یه‌ك شت هه‌یه كه ده‌قی ئه‌ده‌بیی له‌وانی دیكه جیا ده‌كاته‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه
كه «فه‌زا» یان «كه‌شوهه‌وا»
له ده‌قی ئه‌ده‌بیدا جیاوازه. بۆ نموونه وه‌رگێڕانی شێعر، چیرۆك یان ڕۆمانێك جگه
له وه‌رگێڕانی وشه و ده‌سته‌واژه و واتا و ناوه‌ڕۆكی ده‌قه‌كان، پێویستی به گواستنه‌وه‌ی
فه‌زای چیرۆكه‌كه هه‌یه. هه‌ست و ئیحساسێك له هه‌ندێك ده‌قی ئه‌ده‌بیدا هه‌یه،
به وشه وه‌رناگێڕدرێته‌وه.
وه‌رگێڕانی وشه به وشه و ته‌نانه‌ت وه‌رگێڕانی ماناییش
له هه‌ندێك ده‌قی ئه‌ده‌بیدا ئه‌و فه‌زایه‌ی ده‌قی سه‌ره‌كیت بۆ ناگوێزێته‌وه، هه‌ر
بۆیه وردبینییه‌كی گه‌لێك زۆری پێویسته و ئه‌گه‌ر كه‌سی وه‌رگێڕ خۆی به‌و ئه‌زموونانه‌دا
تێپه‌ڕیبێت، باشتر ده‌توانێت
به‌سه‌ر وه‌رگێڕانه‌كه‌دا زاڵ بێت؛ بۆ نموونه خۆی ئه‌زموونی هۆنینه‌وه‌ی شێعر یان
چیرۆكنووسین یان ڕۆماننووسینی هه‌بووبێت. ده‌قی فارسیی وا هه‌یه كراوه به كوردیی،
به‌ڵام تۆ ئه‌و چێژه‌ی لێ نا‌بینیت كه له فارسییه‌كه‌دا هه‌یه. نموونه زۆرن. ده‌توانین
ئاماژه به چیرۆكه‌كانی «سادق هیدایه‌ت» بكه‌ین. ئه‌تمۆسفێرێك له چیرۆكه‌كانی سادق
هیدایه‌تدا هه‌یه كه به ته‌نها وه‌رگێڕانی وشه و ده‌سته‌واژه‌كان ناتوانێت بیگوێزێته‌وه.
هه‌ندێكیشیان كراون به كوردیی، به‌ڵام زۆربه‌یان وه‌رگێڕانێكی وشه و دهستهواژهكانن
و، ئه‌و فه‌زا و ئیحساسه‌ی ناو چیرۆكه‌كان له وه‌رگێڕانه‌كاندا ون بوونه. من وه‌كوو
خۆم زۆر جار ویستوومه ده‌ست بده‌مه وه‌رگێڕانی چیرۆكه‌كانی هیدایه‌ت به‌ڵام پێم
وابووه ڕه‌نگه نه‌توانم سه‌ركه‌وتوو بم، بۆیه كشاومه‌ته‌وه؛ له‌وانه نۆڤلێتی
«كونده‌په‌پووی كوێر» كه به ئاسانیی وه‌رناگێڕدرێته‌وه. دیاره كراوه به كوردیی،
به‌ڵام به‌ره‌وڕووی هه‌مان كێشه بۆته‌وه كه باسم كرد. جا له‌به‌ر ئه‌وه وه‌رگێڕانی
ئه‌ده‌بیی، پێویستی به وردبینیی و ئه‌زموونێكی قووڵتر هه‌یه. تۆ ده‌توانی به كه‌مترین
گرفت، ده‌قێكی تیجاریی یان سیاسیی، یان كۆمه‌ڵناسیی و... به ئاسانیی وه‌ربگێڕیته‌وه،
به‌ڵام ده‌قی ئه‌ده‌بیی به‌و ئاسانییه نییه. وشه له ده‌قی ئه‌ده‌بیدا ئه‌ركه‌كانی
زیاترن له شێوازه‌كانی تردا. ئه‌ركی وشه له ده‌قی ئه‌ده‌بیدا به تایبه‌ت شێعر،
ده‌گۆڕدرێت و ئاماژه‌كان و هێما و خوازه‌كان ئه‌وه نین كه له ده‌قێكی ئاسایی‌دا
هه‌ن.
2
ـ رایه‌ك هه‌یه زۆر له‌مێژه دووپات ده‌بێته‌وه كه ده‌وترێ شێعر وه‌ك مه‌لێكی
سركه و بۆ وه‌رگێڕان ده‌ست نادات و هێندێ جاریش به خه‌یانه‌ت وه‌سف ده‌كرێ، بۆچوونی
جه‌نابت له‌م باره‌وه چییه؟
ڕاسته. ئه‌مه‌ش ڕێك هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه له
پرسیاری پێشووتاندا باسم كرد. شێعریش ده‌چێته خانه‌ی هه‌مان ئه‌و ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌ی
كه قسه‌مان له‌سه‌ر كرد. دیاره له هه‌مووشیان ئه‌سته‌متره. ئه‌و فه‌زا و كه‌شوهه‌وا
و ئیحساسه‌ی له شێعردا هه‌یه، له هیچ جۆره ده‌قێكی تردا نییه. من خۆم ئه‌زموونم
له‌م ڕووه‌وه زۆر كه‌مه و هه‌ر له‌و ئه‌زموونه كه‌مه‌شدا گهییشتوومهته ئه‌و
قه‌ناعه‌ته‌ی شێعر وه‌رناگێڕدرێته‌وه(دیاره مه‌به‌سته‌كه‌م هه‌موو شێعرێك ناگرێته‌وه،
شێعر هه‌یه له په‌خشانیش پهخشانتره و هیچ گرێ كوێره‌یه‌كی تێدا نییه تۆ نه‌توانیت
وه‌كوو وه‌رگێڕ وه‌ری بگێڕیته‌وه. یان هیچ ته‌مومژ و لیڵییهكی تێدا نییه و وه‌كوو
ئه‌وه وایه سه‌روكارت له‌گه‌ڵ ده‌قێكی ئاسایی‌دا هه‌بێت) به‌ڵام پێویستییه‌ك هه‌یه
و ناكرێت پشتگوێ بخرێت؛ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه تۆ بۆ ناسینی شێعر و ئه‌ده‌بی گه‌لانی
دیكه و وڵاتانی دیكه، ناچاریت وه‌رگێڕان بكه‌یت. ناكرێت بۆ نموونه «شاملوو»یه‌ك
هه‌بێت و نه‌ته‌وه‌كه‌ی تۆ، به شێعر و ئه‌ندێشه‌كانی ئاشنا نه‌بێت. ناكرێت «سوهراب
سپێهری»، «ئه‌دۆنیس» و «لۆركا» و ده‌یان و سه‌دان شاعیری دیكه پشتگوێ بخه‌یت و نه‌ته‌وه‌كه‌ی
خۆت به شێعر و ئه‌ندێشه‌كانیان ئاشنا نه‌كه‌یت. به پێچه‌وانه‌شه‌وه، ناكرێت شێركۆ
و په‌شێو و قوبادی جه‌لیزاده و له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و چه‌ندین شاعیری تری كورد به گه‌لانی
دیكه نه‌ناسێنیت و بۆ ئه‌و ناساندنه‌ش پێویستت به وه‌رگێڕانی شێعره‌كانیان هه‌یه.
به‌ڵام وه‌ك وتم وه‌رگێڕانی شێعر هه‌ندێ كێشه‌ی تایبه‌تیی خۆی هه‌یه؛ هه‌ندێك وشه
هه‌ن تایبه‌ت به شێعرن و له ژانره‌كانی دیكه‌دا ماناكه‌یان ده‌گۆڕدرێت. ئه‌ركی هه‌ندێك
وشه له شێعردا شتێكه و له په‌خشانێكی ئاسایی‌دا شتێكی دیكه‌یه. نموونه زۆره؛
له زمانی فارسی‌دا وشه‌ی «علف»مان هه‌یه كه شاعیرانی فارس چه‌ندین فه‌زایان پێ
خولقاندووه. هه‌ر ئه‌م وشه‌یه لای «سوهراب سپێهری» چه‌ندین فه‌زای شاعیرانه و عارفانه‌ی
پێ دروست كراوه، به‌ڵام لای ئێمه‌ی كورد، «علف» هه‌مان «ئالیک»ه و به ته‌نها ئه‌و
گژ و گیایه‌یه كه ده‌رخواردی ئاژه‌ڵانی ده‌ده‌ین. یان به پێچه‌وانه‌وه «نێرگز»
لای ئێمه‌ی كورد هێمایه‌كه بۆ سه‌ره‌تای به‌هار و ئاشتیی و برایه‌تیی، كه‌چی له
زمانی فارسی‌دا ته‌نها گوڵێكه و هیچی تر و هێنده‌ی من بزانم، له شێعردا ته‌نها به
چاو ده‌شوبهێنرێت. ئه‌مه بۆ هه‌موو زمانێك ڕاسته و وه‌رگێڕ به‌ره‌وڕووی ئه‌و گرفتانه
ده‌بێته‌وه و وه‌رگێڕانی شێعر له ڕاستیدا خهیانهتێكه و ده‌بێ بكرێت. ئه‌و خهیانهتهش
له پێناوی ناسین و ناساندنی ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگدا ئه‌نجام ده‌درێت و ناچاریشین بیكه‌ین.
3
ـ زمان وه‌ك یه‌كه‌م ئامرازی پێوه‌ندیی مرۆڤ و توخمی نه‌ته‌وه‌یی رۆڵ ده‌گێڕێ، له
بزاڤی وه‌رگێڕاندا كه ده‌ڕواته خانه‌ی سازكردن و گواستنه‌وه‌ی كولتووره‌كانه‌وه
ده‌بێ چ رۆڵێك بگێڕێ؟ هه‌تا ده‌ق نه‌مرێ و داهێنانێكی تر به‌رهه‌م بهێنێ؟
زمان خۆی ڕاسته یه‌كه‌م ئامرازی پێوه‌ندیی مرۆڤه،
به‌ڵام لای هه‌ندێك نه‌ته‌وه، ئه‌ركی زۆر له‌وه گه‌وره‌تریشی خراوه‌ته ئه‌ستۆ.
لای ئێمه زمان به ته‌نها ئامرازی پێوه‌ندیی نییه. زمان لای ئێمه كۆڵه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌یه.
ئێمه نه‌ته‌وه‌مان له‌سه‌ر كۆڵه‌كه‌ی زمان بنیات ناوه، هه‌ر بۆیه ئه‌ركه‌كه‌شی
قورستره. به‌ڵام كه باسی وه‌رگێڕان ده‌كرێت، لێره‌شدا زمان ده‌بێ ئه‌ركی خۆی ڕاپه‌ڕێنێت
كه هه‌مان گواستنه‌وه‌یه. سه‌ره‌تا فه‌رهه‌نگه‌كان له ڕێگای وه‌رگێڕانه‌وه ده‌گوازرێنه‌وه
و پاشان ده‌بنه ڕێخۆشكه‌ر و پاڵپشیی بۆ سازكردنی فه‌رهه‌نگ، یان دروستتر بڵێین بۆ
چاكسازیكردن و به‌هێزكردنی فه‌رهه‌نگ. ده‌قه‌كان له ڕێگه‌ی زمانه‌وه دێنه به‌رهه‌م.
زمان خۆی به تایبه‌ت لای ئێمه ئه‌ركی پاراستن و هێشتنه‌وه‌ی له ئه‌ستۆیه. هێشتنه‌وه
و پاراستنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی. دیاره بۆ ئه‌وه‌ی زمانیش هێزی ببێت و بتوانێت
له چوارچێوه‌ی ده‌قه‌كاندا هێزه‌كه‌ی بهێڵێته‌وه، پێویستی به خزمه‌تكردنی به‌رده‌وام
هه‌یه. یه‌كێك له‌و خزمه‌تانه‌ش له ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه ده‌كرێت. ئێمه‌ی كورد
تا ئێستاكه‌ش له زۆر بواردا خاوه‌نی نووسه‌ر و بیرمه‌ند و توێژه‌ری خۆمان نین. خاوه‌نی
ئه‌ندێشه نین. بۆیه ناچارین له ڕێگه‌ی ئه‌و ده‌قانه‌ی وه‌رده‌گێڕدرێنه سه‌ر زمانه‌كه‌مان،
وه‌ریان بگرین و كاریان پێ بكه‌ین. هه‌ر ئه‌م وه‌رگێڕانه‌ش ناچارمان ده‌كات زمانه‌كه‌مان
وا لێ بكات په‌لوپۆ بهاوێت و خۆی له قه‌ره‌ی وشه و ده‌سته‌واژه و چه‌مك و واتای
نوێ بدات و دواجاریش ده‌بێته هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی زمانه‌كه.
4 ـ پرۆسه‌ی وه‌رگێران وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی
فه‌رهه‌نگساز و پردی نێوان كولتوور و شارستانیه‌ته‌كان له‌م دۆخه‌دا ده‌توانێ چ
نرخ و به‌هایه‌كی بۆ كورد هه‌بێت؟
تا ڕاده‌یه‌ك له پرسیاره‌كه‌ی پێشوودا ئاماژه‌م
به‌م بابه‌ته كرد كه ئێمه‌ی كورد هێشتا هه‌ندێك قۆناغمان تاقیی نه‌كردۆته‌وه. بۆ
نموونه به درێژایی مێژوو له بواری فه‌لسه‌فه‌دا كه‌سمان لێ هه‌ڵنه‌كه‌وتووه. كه‌سێكمان
نییه به مانای ته‌واوی وشه پێی بوترێت فیلسووف. له بواری پزیشكی و پیشه‌سازیی
و ئه‌ستێره‌ناسیی و فیزیا و کیمیا و ته‌نانه‌ت بواره‌كانی كۆمه‌ڵناسیی و دهروونناسیی
و زۆر بواری دیكه‌ش، نه خاوه‌ن فكر و بیرۆكه بووین و، نه خاوه‌ن ده‌قی به‌رهه‌مهێنراو.
كه‌واته ده‌بێ له ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانیان بده‌ین. من به
جورئه‌ته‌وه ده‌توانم بڵێم كورد تا ده ساڵ پێش ئێستا له چه‌ندین بواردا هه‌ر كتێبی
نه‌بووه، نه به نووسین و نه به وه‌رگێڕان. به‌ڵام ئه‌مڕۆكه له سایه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه
كتێبخانه‌ی كوردیی له‌و هه‌ژارییه‌ی جارانی ڕزگاری بووه و پڕه له ده‌یان و سه‌دان
كتێب له هه‌موو بواره‌كاندا. كتێبخانه‌ی كوردیی ئه‌مڕۆكه خاوه‌نی ده‌یان ڕۆمان و
چیرۆك و كۆمه‌ڵه شێعر و كتێبی فه‌لسه‌فیی و كۆمه‌ڵناسیی و دهروونناسیی و سیاسیی
و...یه كه ئه‌گه‌ر له ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه نه‌بوایه، له‌وانه‌یه چه‌ندین ساڵی
تریش نه‌مانتوانیایه وه‌كوو نووسین، خۆمان بیاننووسین و به‌رهه‌میان بێنین. به‌ڵام
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هێشتا له سه‌ره‌تای ڕێگه‌داین و زۆرمان ماوه بتوانین هه‌موو كه‌لێنه‌كانی
بیر و هزر و كتێبخانه‌ی كوردیی پڕ بكه‌ینه‌وه.
5
ـ بزووتنه‌وه‌ی وه‌رگێڕان له كودستانی رۆژهه‌ڵات به بوونی ئه‌و سه‌رچاوه و پاشخانه
ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی كتێبخانه و ئه‌ده‌بی فارسییه‌وه ده‌توانێ خاوه‌ن چ گرینگییه‌ك بێت؟
ئێمه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه وه‌رگێڕی زۆر كه‌ممان
هه‌ن كه بتوانن له زمانه جیهانییه‌كانه‌وه كاری وه‌رگێڕان بكه‌ن، له‌وانه ئینگلیزی،
فه‌ره‌نسیی، ئه‌ڵمانی، ڕووسیی و... زۆر جار ناچارین له زمانی دووهه‌مه‌وه وه‌ربگێڕینه‌وه،
به تایبه‌ت زمانی ئه‌و نه‌ته‌وه و وڵاتانه‌ی كه كوردیان تێدا نیشته‌جێیه و وه‌ك
زمانیی فه‌رمیی ئه‌و وڵاتانه‌ن. زمانی فارسیش له بواری وه‌رگێڕاندا گه‌لێك پێشكه‌وتنی
به‌رچاوی به خۆیه‌وه بینیوه و زۆر سه‌رچاوه‌ی مه‌زن و جیهانیی گواستۆته‌وه بۆ
ناو ئه‌ده‌به‌كه‌ی. ئێمه‌ش ده‌توانین كه‌ڵك له‌و سه‌رچاوانه وه‌ربگرین. كاتێك كه‌سێك
نییه كتێبێك له زمانه سه‌ره‌كییه‌كه‌یه‌وه بكاته كوردیی، ئیتر ناچارین بۆ
نموونه له فارسییه‌وه بیكه‌ین. دیاره هه‌ر له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه زۆر كتێبی باش
و نایابمان وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه سه‌ر زمانی كوردیی. ئه‌ڵبه‌ته وه‌رگێڕان له زمانی
دووهه‌م و بگره سێهه‌میشه‌وه هه‌ندێك گرفت و كێشه‌ی تایبه‌تیی خۆی هه‌یه. ده‌قێك
كه وه‌رده‌گێڕدرێته‌وه، تا دێت لێی ده‌قرتێت و ده‌خرێته سه‌ری و ئه‌وه‌ش ده‌شێ
خه‌سار له ده‌ق بدات. ئه‌ڵبه‌ته وه‌ك وتم هه‌ندێك جار چار نییه و دیاره ئه‌گه‌ر
وه‌رگێڕ هه‌ر هیچ نه‌بێت، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌قی مه‌به‌ست بڕوات و بتوانێت واتاكان
بپێكێت و وه‌فادا بێت به‌رانبه‌ری، ده‌كرێت وه‌رگێڕانێكی سه‌ركه‌وتووی لێ بكه‌وێته‌وه.
ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕ پابه‌ند بێت به هه‌مان ده‌قی زمانی دووهه‌میشه‌وه و لێی لا نه‌دات،
ده‌توانێت وه‌رگێڕانێكی باش به ده‌سته‌وه بدات. ئه‌ڵبه‌ته سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌وڵێكیش
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌ر زمانه‌و تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه، ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ق
شتێكی حاشاهه‌ڵنه‌گره. جیا له‌مه‌ش هه‌ڵبژاردنی ده‌قێك كه وه‌رگێڕ خۆی شاره‌زای
بواره‌كه بێت و ئه‌زموونی هه‌بێت تیایدا و هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنی كتێبی ئه‌و وه‌رگێڕانه‌ی
كه به‌توانان و شاره‌زایی و توانایی خۆیانیان سه‌لماندووه، ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ر
بێت بۆ هه‌ڵبژاردنی ده‌قێكی باش و به‌پێز بۆ وه‌رگێڕان.
سه‌باره‌ت به بزاڤی وه‌رگێڕان له ڕۆژهه‌ڵات ئه‌وه‌ی
ڕاستیی بێت من وه‌كوو بزاڤ نایبینم. ڕاسته هه‌ندێك هه‌وڵ هه‌یه و هه‌وڵیش دراوه،
به‌ڵام داخراوبوونی دۆخه‌كه، توانای به‌رهه‌مهێنانی به‌رته‌سك كردۆته‌وه و ئافراندن
زۆر به كه‌میی ڕوو ده‌دات. هه‌ر بۆ نموونه كه‌م ده‌زگای بڵاوكردنه‌وه هه‌یه پاڵپشتیی
نووسه‌ران بكات؛ ئه‌وانه‌ش كه هه‌ن له‌وانه‌یه له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووریی
و زه‌ره‌ر و زیانێك كه ڕه‌نگه تووشی ببن، خۆیان له قه‌ره‌ی چاپی كتێبی كوردیی نه‌ده‌ن
ئه‌ویش ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕانی فارسیی بۆ كوردیی بێت. پاشانیش وه‌رگێڕان له زمانی فارسییه‌وه
تۆزێك به كه‌م سه‌یر ده‌كرێت و بایه‌خی ئه‌وتۆی بۆ دانانرێت. زۆر خه‌ڵك هه‌ن تا ده‌قێكی
فارسییان له‌به‌رده‌ستدا هه‌بێت، هه‌رگیز ئاماده نین وه‌رگێڕانه كوردییه‌كه‌ی
بخوێننه‌وه، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه فارسییه‌كه ده‌زانن و پێیان وایه پێویستیان
به ده‌قه كوردییه‌كه‌ی نییه. زۆربه‌ی زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ش كاری وه‌رگێڕانی فارسیی
بۆ كوردیی ده‌كه‌ن، وه‌ك چۆن فرۆشیارێك به‌دوای بازارێكدا ده‌گه‌ڕێت بۆ كاڵاكانی،
وه‌رگێڕی كوردی ڕۆژهه‌ڵاتیش زیاتر ئه‌و بازاره له باشووری كوردستاندا ده‌بینێته‌وه
و ده‌توانم بڵێم زیاتر بۆ ئه‌وێ ده‌نووسێت. وه‌رگێڕی ڕۆژهه‌ڵاتیی ئیمتیازێكی هه‌یه
ئه‌ویش بوونی ئه‌ده‌بی فارسییه له‌به‌رده‌ستیدا. فارسه‌كان به ڕاستیی له بواری
وه‌رگێڕاندا زۆر زیره‌ك و لێهاتوون و كه‌سانی به‌توانا و شاره‌زاشیان زۆرن. زۆر كتێب
هه‌ن له دنیادا بڵاو ده‌بنه‌وه، ساڵی به‌سه‌ردا تێ ناپه‌ڕێت، یه‌كسه‌ر ده‌خرێته
سه‌ر زمانی فارسیی. كتێبی وا هه‌یه هێشتا ئینگلیزییه‌كه‌ی به ته‌واوه‌تیی به بازاره‌كاندا
بڵاو نه‌بۆته‌وه، تۆ وه‌رگێڕانه فارسییه‌كه‌ی ده‌بینیت. ئه‌مه‌ش خۆی گه‌نجینه‌یه‌كی
به‌نرخی خستۆته به‌ره‌ستی نوسه‌ر و وه‌رگێڕانی ڕۆژهه‌ڵات و ده‌توانن سوودی لێ ببینن؛
به‌ڵام وه‌ك وتم به داخه‌وه هێشتا نه‌بووه به بزاڤێكی گشتگیر. هه‌وڵی وه‌رگێڕان
هه‌بووه و به تایبه‌تیش له‌م ده ساڵه‌ی دواییدا په‌ره‌ی سه‌ندووه، به‌ڵام من هێشتا
وه‌ك بزاڤ نایبینم و ده‌توانم بڵێم جارێ هه‌وڵی تاكه‌كه‌سین.
6 ـ پێناسه‌ی خۆت بۆ وه‌رگێڕان چیه و وه‌رگێڕی سه‌ركه‌وتوو
به لای تۆوه كێیه؟
وه‌رگێڕان ئه‌گه‌ر زۆر به كورتیی قسه‌ی له‌سه‌ر
بكه‌ین، وه‌ك ساده‌ترین پێناسه ده‌توانین بڵێین ده‌لاقه‌یه‌كه بۆ بینین و وه‌رگرتن
و كه‌ڵك لێوه‌رگرتنی ئه‌زموون و بیر و هزر و هه‌موو ده‌سكه‌وته فكریی و زانستییه‌كانی
ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه ڕه‌نگه به درێژایی ده‌یان و سه‌دان و بگره هه‌زاران ساڵ
به ده‌ستیان هێناوه. ده‌كرێت له ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه بۆ نموونه ئه‌زموون و تاقیكاریی
په‌نجا ساڵی نووسه‌ر یان بیرمه‌ندێك ته‌نها به وه‌رگێڕانی كتێبێك بگوێزێته‌وه بۆ
ناو فه‌رهه‌نگ و زمانه‌كه‌ی خۆت و ئه‌مه به ڕاستیی شتێكی كه‌م و بچووك نییه. ده‌كرێ
له ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه هه‌موو ده‌سكه‌وتی سه‌دان ساڵه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بگوێزیته‌وه
و بیخه‌یته سه‌ر خه‌رمانه‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌به‌كه‌ی خۆت و ئه‌مه ڕه‌نگه به
قسه شتێكی ساده و ئاسایی بێته به‌رچاو، به‌ڵام له ڕاستیدا ده‌سكه‌وتێكی ئێجگار
مه‌زن و به‌نرخه. وه‌رگێڕی سه‌ركه‌وتوو هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندیی هه‌یه وه‌ك پابه‌ند
بێت به ده‌قی سه‌ره‌كییه‌وه؛ به واتایه‌كی دیكه به‌رانبه‌ر ده‌قی سه‌رچاوه وه‌فادار
بێت و وه‌ك خۆی بیگوێزێته‌وه. لێی كه‌م نه‌كات و نه‌خاته سه‌ریشی. دیاره هه‌ندێ
جار وه‌رگێڕانێكی ده‌قێك له زمانێكه‌وه بۆ زمانێكی ترلهبهر ئه‌وه‌ی كه به داڕشتنێكی
دیكه‌وه داده‌به‌زێت، گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، به‌ڵام نابێ ببێته هۆی تێكچوونی واتا
و ناوه‌ڕۆكی ده‌ق. وه‌رگێڕ ده‌بێ شاره‌زای كونج و كه‌له‌به‌ره‌كانی هه‌ردوو زمانی
سه‌رچاوه و زمانی مه‌به‌ست هه‌بێت؛ به ته‌نها وه‌رگێڕانی وشه و ده‌سته‌واژه، كاری
وه‌رگێڕ ڕاناپه‌ڕێنێت. وه‌رگێڕ ده‌بێ به قه‌ده‌ر پێویست ئاگاداری زمان و فه‌رهه‌نگ
و مێژوو و كه‌له‌پوور و فۆلكلۆر و ...ی هه‌ردوو زمانه‌كه بێت. وه‌رگێڕ جاری وا هه‌یه
له ده‌قێكدا تووشی قسه‌یه‌كی نه‌سته‌ق ده‌بێت كه ناكرێت وشه به وشه وه‌ربگێڕدرێته‌وه
و واتاكه‌ی ناپێكێت. بۆ نموونه له یه‌كێك له ده‌قه وه‌رگێڕدراوه‌كاندا – له فارسییه‌وه
بۆ كوردیی- ئه‌م ڕسته‌یه هاتووه «سه‌ری بۆنی سه‌وزه ده‌دات». له ده‌قه فارسییه‌كه‌دا
به‌م شێویه هاتووه: «سرش بوی قورمه سبزی میدهد». وه‌ك كتێبیش چاپ كراوه له سلێمانی.
ئه‌و وه‌رگێڕانه ڕێك وشه به وشه كراوه و كاكی وه‌رگێڕ نه‌یزانیوه ئه‌وه قسه‌یه‌كی
ئاسایی نییه، به‌ڵكوو ئه‌وه په‌ندێكه له زمانی فارسی‌دا و یان ده‌بێ واتاكه‌ی وه‌ربگێڕێته‌وه،
یان له زمانی كوردیدا هاووتایهكی پڕ به پێستی بۆ دابنێت. نموونه‌ی له‌و جۆره ئه‌وه‌نده
زۆرن كه ئه‌گه‌ر بمه‌وێ هه‌ر ئاماژه‌یان پێ بكه‌م، ده‌یان لاپه‌ڕه پڕ ده‌كاته‌وه
و به داخیشه‌وه له‌به‌ر نه‌بوونی چاودێرییه‌كی تۆكمه و ته‌ندروست، به زۆریش بڵاو
ده‌بنه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته وه‌رگێڕ سه‌ره‌تا ورده‌كارییه‌كانی زمانی یه‌ك
و دوو بناسێت. خۆی له قه‌ره‌ی ده‌قێك بدات كه ده‌سه‌ڵاتی به ملیدا بشكێت. له هه‌مووی
گرینگتر داڕشتنی زمانی كوردییه. زۆر ده‌قمان هه‌ن كه ده‌یانخوێنیته‌وه هه‌ست ده‌كه‌یت
كه یان له عه‌ره‌بی یان له فارسییه‌وه وه‌رگێڕدراوه‌ته‌وه و داڕشتنی ئه‌و زمانانه‌یان
پێوه دیاره. له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته وه‌رگێڕ كه ده‌قێك وه‌رده‌گێڕێته‌وه، سه‌ره‌ڕای
وه‌رگێڕانی وشه و ده‌سته‌واژه و واتا و ناوه‌ڕۆكی ده‌ق، بتوانێت بیكوردێنێت و ڕێك
له‌سه‌ر بنه‌ما زمانییه‌كانی زمانی كوردیدا دایڕێژێته‌وه. وه‌رگێڕان هه‌ر ئه‌وه
نییه كه‌سێك له زمانه‌كان تێ بگات یان بتوانێت قسه‌یان پێ بكات و خۆی له قه‌ره‌ی
وه‌رگێڕانی كتێبێك بدات. ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا كتێبێكم ده‌خوێنده‌وه براده‌رێك وه‌ریگێڕاوه‌ته‌وه.
ئه‌و كتێبه وه‌كوو قه‌باره، زیاتر له هه‌زار لاپه‌ڕه ده‌بێت. ئه‌و كتێبه ئه‌گه‌ر
ڕاستییه‌كه‌ت ده‌وێت هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌ك نزیكه‌ی 10 بۆ 15 هه‌ڵه‌ی وه‌رگێڕانی تێدایه.
جگه له‌وه‌ی كه هه‌ر لاپهڕهیهكیش نزیكه‌ی 10 بۆ 15 هه‌ڵه‌ی ڕێنووس و هه‌ڵه‌ی
تایپی تێدایه. ئه‌گه‌ر كۆیان كه‌یته‌وه ده‌بێته نزیكه‌ی 20 هه‌زار هه‌ڵه‌ی وه‌رگێڕان
و ڕێنووس و تایپ. ئه‌مه به ڕاستیی قه‌یرانه. هه‌رچه‌ند له‌وانه‌یه پێوه‌ندیی به
باسه‌كه‌مانه‌وه نه‌بێت به‌ڵام تا ئێستاش ئاره‌زووی ئه‌وه ده‌كه‌م لاپه‌ڕه‌یه‌كی
چاپكراوی به بێ هه‌ڵه بخوێنمه‌وه، چ له ڕووی وه‌رگێڕانه‌وه بێت یاخود هه‌ڵه‌ی
تایپی و هه‌ڵه‌ی ڕێنووس. ئێستاش ئاره‌زووی ئه‌وه ده‌كه‌م گۆڤار یان ڕۆژنامه‌یه‌كی
كوردیی بخوێنمه‌وه هه‌ڵه‌ی تێدا نه‌بێت. ئێستاش ئاره‌زووی ئه‌وه ده‌كه‌م به‌رنامه‌یه‌كی
ته‌له‌فزیۆنیی ببینم ژێرنووس و تایتڵ و به
گشتیی نووسینه‌كانیان هه‌ڵه‌ی ڕێزمانیی و ڕێنووسیان
تێدا نه‌بێت. نازانم بۆچی كه‌س یان كه‌سانێك نین چاودێریی ئه‌م شته ساده و وردانه
بكه‌ن؟
7
ـ بۆچی كورد نه‌یتوانیوه له ئه‌زموونی ده‌وربه‌ر و به تایبه‌ت فارس و تورك، كه‌ڵكی
باش وه‌ربگرێ و به‌پێی پێویستیی كۆمه‌ڵگا و به به‌رنامه و له چوارچێوه‌ی یاسا و
له‌ناو چه‌ندین ده‌زگای ئاكادیمیی پسپۆڕی و پۆلێن به‌ندی كراودا ده‌ستی نه‌داوه‌ته
وه‌رگێڕان؟
ڕاسته ڕه‌نگه كورد دره‌نگ ده‌ستی به كه‌ڵكوه‌رگرتن
له ئه‌زموون و ده‌سكه‌وته‌كانی چوارده‌وری خۆی كردبێت و ئه‌وه‌ش هۆكاری تایبه‌تی
خۆی هه‌یه و ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ باسیان بكه‌ین، ناچارین بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژوو و باسكردنی
ڕابردووی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه و نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وروبه‌ر. هه‌روه‌ها پێویست ده‌كات
ئاوڕ له كێشه مێژوویی و جوغرافیاییهكانی ئه‌و نه‌ته‌وانه بده‌ینه‌و و بزانین بۆچی
كورد نه‌ك هه‌ر خۆی نه‌یتوانیوه به‌رهه‌مهێنه‌ری هزر و ئه‌ندێشه و زانست بێت، به‌ڵكوو
نه‌شیتوانیوه له به‌رهه‌می نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وروبه‌ری كه‌ڵك وه‌ربگرێت و هه‌له‌كان
بقۆزێته‌وه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش به خۆشحاڵییه‌وه ئه‌مڕۆكه ئه‌و هه‌له
ڕه‌خساوه و بزاڤی وه‌رگێڕان ئه‌وه چه‌ند ساڵێكه به شێوه‌یه‌كی جیدیی ده‌ستی پێ
كردووه. دیاره هه‌ر ئه‌م بزاڤه‌ش له خه‌سار به دوور نییه و گرفت و كێشه‌ی تایبه‌تی
خۆی هه‌یه. وه‌رگێڕان تا ئه‌مڕۆكه‌ش به‌رنامه‌یه‌كی دیاریكراو و به‌رنامه بۆ داڕێژراوی
نییه. تا ئه‌مڕۆكه‌ش هیچ ناوه‌ندێك نییه چاودێریی ئه‌و وه‌رگێڕانانه بكات که ده‌خرێنه
بازاره‌وه. هیچ ناوه‌ندێك نییه بۆ ده‌سنیشانكردنی كتێب و ده‌قی باش و به‌كه‌ڵك بۆ
وه‌رگێڕان. ڕاسته چه‌ند ده‌زگا و شوێنێك هه‌ن شێلگیرانه كاری وه‌رگێڕان ده‌كه‌ن
و خه‌ریكی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێب و بابه‌تی وه‌رگێڕدراون، به‌ڵام ئه‌وانیش وه‌كوو
هه‌وڵه تاكه‌كه‌سییه‌كان وان و پێوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆیان به یه‌كه‌وه نییه و زۆر
جار ئاگاداری كار و چالاكییه‌كانی یه‌كدیی نین. هه‌ر ئه‌و لێكدووربوونهیان كارێكی
كردووه تا ئێستاش زمانێكی یه‌كده‌ستی وه‌رگێڕان نه‌هاتۆته ئاراوه. هه‌ر نووسه‌ره‌و
به زه‌وقی خۆی ده‌نووسێت و هه‌ركه‌سه‌و چ
وشه‌یه‌كی پێ خۆش بێت، به‌كار دێنێت. هیچ كۆده‌نگییه‌ك بۆ نموونه له‌سه‌ر
فڵانه وشه یان ئیدیۆم له گۆڕێ‌دا نییه و زاراوه وا هه‌یه چه‌ندین هاووتایان بۆ
داناوه و كه‌س دان به‌وه‌ی ئه‌وانیتردا دا‌نێت و سووره له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی خۆی. ئه‌گه‌ر
شوێنێك هه‌بێت كه پێك هاتبێت له كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا و بۆ نموونه وشه یان زاراوه‌یه‌ک
فه‌رز بكات به‌سه‌ر زمانی نووسیندا، كێشه‌گه‌لێكی زۆرمان له كۆڵ ده‌بێته‌وه. تۆ
ته‌ماشا بكه له وڵاتی ئێران‌دا ئه‌م وشه ساده‌یه یه‌ك ڕێنووسی هه‌یه: «ئا‌مریكا»!!
ئا‌مریكا ئامریكایه و به هیچ شێوازێكی دیكه‌ش نانووسرێت. به‌ڵام چاو لێكه لای ئێمه
به چه‌ند شێواز ده‌نووسرێت: «ئا‌مریكا»، «ئه‌مریكا»، «ئه‌مه‌ریكا». یان «فه‌رانسه«
له ئێران‌دا هه‌ر به‌م شێوازه ده‌نووسرێت، به‌ڵام لای ئێمه به «فه‌رانسه«، «فه‌ره‌نسا»،
«فه‌ره‌نسه«، «فره‌نسا». ئه‌مه به ڕاستیی ئاژاوه‌یه‌كه و له‌م زمانه‌دا دروست
بووه. تازه من باسی ئه‌و دوو وشه ساده‌یه‌م كرد، ئه‌گه‌ر بێت و باسی وشه‌كانی
بواری فه‌لسه‌فه و كۆمه‌ڵناسیی و ده‌روونناسی و زمانه‌وانیی و... بكه‌م سه‌ر له
ئاسمان ده‌ده‌ن. من پێم وایه ده‌بێ حه‌تمه‌ن شوێنێك هه‌بێت چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و ئاژاوه‌یه
بدۆزێته‌وه و زمانی نووسین به‌ره‌و زمانێكی یه‌كده‌ست و ستاندارد ببات. مه‌به‌ستم
له ستاندارد له ڕووی وشه و زاراوهكانهوهیه. ده‌بێ كۆده‌نگییه‌ك بێته ئاراوه
كه بۆ نموونه فڵانه وشه ده‌بێ به‌و شێوه‌یه بنووسرێت و كه‌س بۆی نه‌بێت لێی لا
بدات و ده‌زگا و چاپه‌مه‌نیی و گۆڤار و ڕۆژنامه‌كان و به گشتیی میدیاكان ناچار
بكرێن ڕه‌چاوی بكه‌ن.
8
ـ هه‌وڵه تاكه‌كه‌سییه‌كان چ لایه‌نێكی باش و خراپیان هه‌یه؟
وه‌ك پێشتریش وتم تا ئه‌مڕۆش ناوه‌ندێكی تۆكمه و
سه‌قامگیر بوونی نییه ئه‌ركی وه‌رگێڕان یان چاودێریكردنی وه‌رگێڕانی له ئه‌ستۆدا
بێت و هه‌ر ئه‌وه‌ش وای كردوووه هه‌وڵه تاكه‌كه‌سییه‌كان له ئارادا بن و هه‌ر كه‌سه‌و خه‌ریكی كاروباری خۆی
بێت. ئه‌مه‌ش خۆی چه‌ند قازانجی بۆ بواری وه‌رگێڕان و فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌ب و هزر و
ئه‌ندێشه هه‌یه، هه‌رئه‌وه‌نده‌ش لایه‌نی نێگه‌تیڤی هه‌یه. یه‌كێك له‌و لایه‌نه
نێگه‌تیڤانه هه‌مان ئاژاوه‌یه كه له نووسینی كوردیدا هاتۆته ئاراوه. یهكچهشننهبوونی
وشه و زاراوه‌كانی لێ كه‌وتۆته‌وه. زۆر كه‌من ئه‌و وشه و زاراوانه‌ی كه چه‌ند
نووسه‌رێك له سه‌ری كۆك و هاوده‌نگ بن. دیاره لایه‌نی باشیشی هه‌یه؛ هه‌ر كتێبێك
وه‌رده‌گێڕدرێته‌وه، لاپه‌ڕه‌یه‌ك ده‌خاته سه‌ر خه‌رمانه‌ی بیر و هزر و فه‌رهه‌نگی
كوردیی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له ژێر چاودێرییه‌كی دروست و ڕێكوپێكدا بێت و كه‌سانێك هه‌بن
سهنگوسووكی ئه‌و كتێبانه بكه‌ن، به دڵنیاییه‌وه هه‌م كتێبی باشتر بڵاو ده‌كرێنه‌وه
و هه‌میش له درێژخایه‌ندا زیاتر بیری تاكی كورد به‌ره‌و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردن په‌لكێش
ده‌كه‌ن. هه‌وڵه تاكه‌كه‌سییه‌كان دیاره خه‌ساری تایبه‌ت به خۆشیان هه‌یه. یه‌ك
له‌وانه زاراوه‌سازیی و ته‌نانه‌ت ده‌توانین بڵێین زاراوه داتاشینه. هه‌ركه‌سه‌و
به ئاره‌زووی خۆی وشه یان زاراوه‌یه‌ك داده‌نێت و ئه‌مه وای كردووه بۆ زاراوه‌یه‌ك
چه‌ندین هاوواتا هه‌یه و هه‌ر یه‌كه‌و له ڕوویه‌كه‌وه ته‌واوه و له ڕوویه‌كی
دیكه‌وه ناته‌واوه. ئه‌م داتاشینی زاراوانه شپرزه‌ییه‌كی گه‌لێك زۆری له نووسینی
كوردیدا هێناوه‌ته ئاراوه و پێم وایه سه‌ریشی له خوێنه‌ر شێواندووه. به داخه‌وه
له‌م ڕووه‌شه‌وه فه‌رهه‌نگ(قامووس)ی زۆر كه‌ممان هه‌یه و، ئه‌وانه‌ش که هه‌ن به
پێی سه‌رده‌م و پێشكه‌وتنی زمان به‌ڕۆژ ناكرێن و ئه‌مه‌ش هه‌م بۆ نووسه‌ران و هه‌میش
بۆ خوێنه‌ران كێشه دروست ده‌كات.
9 ـ خه‌سار و گرفته‌كانی بزاوتی وه‌رگێڕان له كۆمه‌ڵگای
كوردیدا به لای به‌ڕێزته‌وه كامانه‌ن و رێگای ده‌ربازبوون و چاره‌سه‌رییان چیه؟
وا بزانم له پرسیاره‌كانی پێشوودا به قه‌ده‌ر پێویست
باسی خهسارهكانمان كرد و هه‌روه‌ها ئاماژه‌شم به چه‌ند ڕێگه‌چاره‌یه‌ك كرد؛ من پێم
وایه هه‌نگاوی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ده‌قی باش و به‌سوود و به‌هێزه بۆ وه‌رگێڕان.
زۆر كتێب هه‌یه له‌گه‌ڵ ڕێزمدا بۆ نووسه‌ران و وهرگێڕهكانیشیان، به‌ڵام به ڕاستیی
زۆر كتێبی سه‌رپێیین و ڕه‌نگه بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی بزاڤی وه‌رگێڕان پێویست نه‌بن و ده‌بێ
ئێمه جارێ خۆمان به كتێب و بابه‌تی له‌وه باشتر و بهكهڵكترهوه سه‌رقاڵ بكه‌ین
و جارێك بیر له ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی كتێبخانه‌ی كوردیی به كتێبی باش و به‌نرخ بكه‌ینه‌وه.
هه‌نگاوی دواتر ده‌بێ هه‌وڵی ئه‌وه بده‌ین هێنده‌ی بۆمان بكرێت له زمانی یه‌كه‌وه
وه‌رگێڕان بكه‌ین و ئه‌گه‌ریش بۆ نموونه له بوارێكدا كه‌سمان نه‌بوو بیكات و ناچار
بووین له زمانی دووهه‌م و ته‌نانه‌ت سێهه‌میشه‌وه بیكه‌ین، ئیتر چار نییه و ده‌بێ
مل به‌و بابه‌ته‌ش بده‌ین. هه‌نگاوی دواتر كه زۆر گرینگه، چاودێریكردنی ڕێك‌وپێك
و به‌رده‌وامی ئه‌و كتێبانه‌یه وه‌رده‌گێڕدرێنه‌وه سه‌ر زمانی كوردیی. من له‌گه‌ڵ
فیلته‌ر و سانسۆردا نیم، دیاره مه‌به‌ستم چاودێریكردنه له ڕووی زمان و داڕشتن و
ئاستی توانای گواستنه‌وه‌ی واتا و ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كان. هه‌نگاوی هه‌ره گرینگتر یه‌كده‌نگیی
و كۆده‌نگیی نووسه‌ران و وه‌رگێڕه‌كانه له‌سه‌ر وشه و زاراوه‌گه‌لی یه‌كده‌ست و یه‌كشێوه،
بۆ ئه‌وه‌ی زمانه‌كه‌مان له‌و بشێویی و پاشاگه‌ردانییه‌ی که ئه‌مڕۆكه زمانی كوردیی
گرتۆته‌وه ڕزگاری بێت و ئه‌وه‌ش به پێوه‌ندیی به‌رده‌وامی نووسه‌ر و وه‌رگێڕه‌كان
و هه‌روه‌ها ده‌زگاكانی چاپ و په‌خشه‌وه ده‌كرێت. ئه‌و ده‌زگایانه تا چه‌ند پێوه‌ندییان
به یه‌كه‌وه هه‌بێت باشتره و پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان، له‌بارتر و ڕێكوپێكتر ڕێگه ده‌بڕێت.
وه‌رگێڕانی باش و ڕێكوپێكیش له دواڕۆژدا به‌رهه‌مهێنانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. هه‌ر
ئه‌و كتێبانه‌ی ئه‌مڕۆ وه‌رده‌گێڕدرێنه‌وه، بۆ سبه‌ی ده‌بنه هه‌وێن و ده‌سمایه‌ی
نووسه‌ران و هزرمه‌ندان بۆ به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه و هزری خۆماڵیی. هه‌ر له ڕێگه‌ی
ئه‌م وهرگێڕانهشهوهیه كه تاكی كورد به جیهانی ده‌ره‌وه ئاشنا ده‌بێت و دواجار
بۆ خۆی ده‌بێته ئافرێنه‌ر و داهێنه‌ری هزر و بیری تازه. خه‌سارێكی تری به‌رده‌م
بزاڤی وه‌رگێڕان له كۆمه‌ڵگای كوردیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ داموده‌زگاكانی پێوه‌ندیدار
به چاپ و بڵاوكردنه‌وه. له كۆمه‌ڵگای كوردیدا هیچ ڕكابه‌رییه‌ك بۆ له‌چاپدانی
كتێب له گۆڕێ‌دا نییه. شتێكی به‌رچاو كه ئه‌مڕۆكه له كوردستاندا به تایبه‌ت باشوور
باوه، ئه‌وه‌یه كه ڕێگه به بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبێكی دیاریكراو له یه‌ك كه‌س زیاتر
نادرێت. بۆ نموونه كتێبێك كه له لایه‌ن كه‌سێكه‌وه بڵاو كرابێته‌وه، ده‌زگاكانی
بڵاوكردنه‌وه هه‌ر هه‌مان كتێب ئه‌گه‌ر له لایه‌ن كه‌سێكی تره‌وه وهرگێڕدرابێتهوه
و له ڕاستیدا وه‌ك ده‌ڵێن ڕه‌قابه‌ت (مونافه‌سه) بوونی نابێت. تۆ ئه‌گه‌ر ته‌ماشا
بكه‌یت له ئێران‌دا و له‌وانه‌شه له هه‌موو دنیادا وا بێت، كتێب هه‌یه چه‌ندین
جار و له لایه‌ن چه‌ندین كه‌سه‌وه وه‌رگێڕدراوه‌ته‌وه و بڵاویش بۆته‌وه، به‌ڵام
له كوردستاندا ڕێگه به بڵاوبوونه‌وه‌ی وه‌رگێڕانی دووباره نادرێت. نموونه‌م له‌سه‌ر
خۆم هه‌یه. كتبێكم وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه به‌ڵام ده‌زگایه‌كی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێب
ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه گوایه ئه‌و كتێبه پێشتر وه‌رگێڕدراوه‌ته‌وه ئه‌ویش پانزه
یان شانزه ساڵ پێش ئێستا، بۆیان بڵاو نه‌كردمه‌وه و زۆرم هه‌وڵ دا قه‌ناعه‌تیان پێ
بكه‌م، نه‌یانكرد. ئه‌وه له كاتێكدایه هه‌مان ئه‌و كتێبه‌ی كه باسی ده‌كه‌م، ده‌ڵێن
زیاتر له شه‌ش وه‌رگێڕانی له ئێران‌دا هه‌یه كه من خۆم ئاگام له دوانیان هه‌یه.
كه تۆ چه‌ند وه‌رگێڕانێكی كتێبێكت له‌به‌رده‌ستدا هه‌بێت، به ئاسانیی ده‌توانیت
باشترینهكیان ده‌سنیشان بكه‌یت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر له یه‌ك كتێبدا بمێنێته‌وه،
ئیتر ده‌رفه‌تی هه‌ڵسه‌نگاندن و مشتومڕكردن له‌سه‌ر ئه‌و كتێبه نامێنێت و له‌وانه‌شه
ئه‌و كتێبه هه‌ر به سه‌قه‌تیی و ناته‌واویی له كتێبخانه‌ی كوردیدا بمێنێته‌وه
و بهردێكیشی نه‌خستبێته سه‌ر به‌ردێك.
10
ـ وه‌رگێڕان له ناساندنی ئه‌ده‌بی كوردی به ئه‌ده‌بی جیهانیی ده‌توانێ چ ده‌ورێك
بگێڕێ و ئه‌دیبانی تاراوگه نشینی كورد له‌م باره‌وه چی‌یان كردووه؟ گرفته‌كانی ئه‌م
بواره چین؟
ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم تاقه ڕێگا، به دڵناییه‌وه یه‌كێك
له ڕێگه هه‌ره گونجاو و به‌سووده‌كانی ئاشناكردنی وڵاته‌كان و نه‌ته‌وه‌كان به
یه‌كتریی، وه‌رگێڕانه. تۆ ئه‌گه‌ر به وه‌رگێڕان نه‌بێت، چۆن «شكسپێر» و «كانت» و
«گۆته« و «هێگڵ» و «نیچه« و «شۆپنهاور» و «ڕۆسۆ» و «ئه‌فلاتوون» و «سوقرات» و سه‌دان
و هه‌زاران كه‌سایه‌تیی و هزر و ئه‌ندێشه‌ی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهه‌ڵاتیی ده‌ناسیت؟ دیاره
پێچه‌وانه‌كه‌شی ڕاسته. واته وه‌رگێڕان له زمانی كوردییه‌وه بۆ سه‌ر زمانه‌كانی
دیكه، كه به داخه‌وه تا ئه‌مڕۆ له‌م ڕوه‌وه، زۆر كه‌م و به ده‌گمه‌ن هه‌نگاوی
جیدیی هه‌ڵگیراوه. ئێمه‌ش وه‌كوو نه‌ته‌وه حه‌تمه‌ن هه‌ندێك به‌رهه‌م و كتێبمان
هه‌یه كه شیاوی ئه‌وه هه‌ن وه‌ربگێڕدرێنه‌وه سه‌ر زمانه‌كانی دیكه. ڕاسته ئه‌مڕۆ
هۆیه‌كانی ڕاگه‌یاندن و میدیا ده‌وری گرینگ له‌و باره‌وه ده‌بینن، به‌ڵام تۆ به
كتێبی باش و به‌رهه‌می نووسراوی باش ده‌توانیت خۆت به جیهان بناسێنیت. ڕاسته هونه‌ره‌كانی
دیكه له‌وانه شانۆ، سینه‌ما، شێوه‌كاریی، په‌یكه‌رسازیی و... هه‌ر كامه‌و ده‌وری
خۆیان هه‌یه، به‌ڵام كتێب وه‌كوو سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفیی، پێم وایه ده‌توانێت سه‌ره‌كیترین
ده‌وری هه‌بێت. ئه‌وه‌ش كه نووسه‌رانی تاراوگه چی‌یان كردووه، به داخه‌وه ڕه‌نگه
نه‌توانم وه‌كوو پێویست باسی بكه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوه و ده‌بینرێت پێم
وایه تا ئێستا هه‌وڵه‌كان زۆر كه‌م بوونه، یا ڕه‌نگه من هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م بینیبێت.
به داخه‌وه ئه‌و یهكنهگرتنهی ئێره، كوردانی تاراوگه‌شی گرتۆته‌وه. له‌وێش لێكدووربوون
هه‌یه و هه‌وڵه‌كان په‌رته‌وازه و لێك دوورن. ڕه‌نگه نه‌كرێت ده‌وری حیزبه‌كان
له‌م ڕوه‌وه نادیده بگیردرێت چوونكه به‌شێكی زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ی دانیشتووی هه‌نده‌رانن،
سه‌ر به حیزبه كوردییه‌كانن و هه‌ركامه‌و بیر و بۆچوونی خۆیان هه‌یه و له‌وانه‌یه
جۆرێك له ئایدۆلۆژیای حیزبیی، هه‌وڵه‌كانیان سنووردار بكاته‌وه و یه‌كگرتنیشیان
ئه‌سته‌م بكات.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر