۱۳۹۶/۱۰/۴

پلانی زمان (language planning)


سەعد قازی

بەر لەوەی بچینە نێو دەقی بابەتەکەوە پێویستە پێداچوونەوەیەکی کورت لە سەر بابەتی زمان بکرێ و هێندێک تیۆر کە پێوەندییان بە چەمکی زمانەوە هەیە باس بکرێن، بۆ ئەوەی تیشک بخاتە سەر ڕەوتی بابەتەکە. ئەوەی لەم وتارەدا دەگونجێ، پلانی زمان بە گشتییە و زمانی کوردی لەو پێوەندییەدا بە نموونە وەردەگرین، کە تا ئێستا چی بۆ کراوە و پێویستە چی بۆ بکرێت. هەروەها بەشێکی گرینگی ئەم بابەتە بە پشتبەستن بەو خوێندنەوانەی تا ئێستا کراون هەوڵ دەدا گرینگایەتیی پلانی زمان لە سەر زمانی کوردی باس بکا.

پلانی زمان بە هۆی گرینگایەتییەکی کە هەیەتی لە زۆربەی وڵاتاندا کاری ورد و زانستی و مەیدانی باشی لە سەر کراوە، بۆ وێنە لە ئێران کەسی وەک نیگار داوەریی ئەردەکانی، چەندین پەرتووکی وەک "برنامەریزی زبان فارسی" و "جامعەشناسی زبان"ی  سەبارەت بە چەمکی پلانی زمانی نووسیوە و ئەوەندەی من ئاگادار بم ئێستاش بەردەوام بە شێوەی زانستیانە و ئاکادێمیک لە سەر ئەو بابەتە کار دەکرێ.  
 کوردیش بە پێی زرووفی خۆی لەو بابەتە خافڵ نەبووە، بۆ نموونە ئیدارە سیاسییە کەم تەمەنەکەی کۆماری کوردستان پلانی بۆ زمانی کوردی لە بوارەکانی ڕاگەیاندن و فێرکردن و چاپ و بڵاوکردنەوەدا بۆ زمانی کوردی بووە. ئەوەی کە دواتر و هەتا ئێستا چی بۆ کراوە پاشان بە وردی باسی دەکەین.
پلانی زمان یەکێک لە گرینگترین بەشەکانی کۆمەڵناسیی زمانە کە زۆربەی لایەنەکانی کۆمەڵناسیی زمان دەگرێتەوە و بەو پێیە وەک بابەتێکی نێوانڕشتەیی(میان ڕشتەای) دەناسرێ. بە بڕوای من پەسندترین پێناسەی پلانی زمان ئەوەیە کە کۆپێر گوتوویەتی. ئەو ڕای وایە، کە پلانی زمان بریتییە لە: "کاریگەری و کارتێکردن لە سەر کرداری زمانی تاک و کۆمەڵگا بە گشتی بە مەبەستی هۆوییەتی (هەوەتی) و نەتەوەیی." (جامعە شناسی زبان، داوری اردکانی، ل ١١)
لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین کە لایەنەکانی زانستی زمان کە بریتین لە پێگە و جەستە و فێرکاری زمان پێناسە بکەین و دواتر دەچینە نێو بابەتی پلانی پێگەی زمان (status planning) و لەسەر ئەو لایەنەی پلانی زمان ورد دەبینەوە.
  ئەلف: پلانی جەستەی زمان (Corpus planning): مەبەست لە جەستەی زمان، ماکی زمانە لە ڕەدەکانی دەنگ، وشە، وشەسازی، ڕستەسازی و گوتاردا، لەم ڕووبەرەوە پلانی جەستەی زمان بریتییە لە داڕشتنی گەڵالە بۆ ئەو ماکانەی زمان کە لە سەرەوە باسیان کرا. بە پێی وەی ماکی زمان بریتی دەبێ لەو شتانەی کە زمان دروست دەکا، ئەو گەلاڵەیە لە سەر کرداری زمانی تاک و کۆمەڵگا کاریگەری دەبێت و کاریگەری دەخاتە سەر ئاخاوتن و نووسین و فێربوون. هەڵبەت نابێ لە یادمان بچێ کە پلانی جەستەی زمان بە بێ گەڵالەی پێگەی زمان کایەیەکی زمانیی بێ ئەنجامە. بۆیە دەستپێکی هەر جۆرە پلانێکی زمانی لە داڕشتنی گەڵاڵەی ئاست و پێگەی زمانەوە دەست پێدەکات.
بنەمای ئەو دابەشینە لە سەر دوو شێوە ڕوانین لە زمان دامەزراوە؛ کە یەکیان ڕوانینی کەرەستەیییە لە زمان، دووەمیش ڕوانینی سۆزدارانە یا عاتیفییە لە زمانە؛ واتە کاتێک وەک کەرەستە سەیری زمان بکەین، هەست بە پێویستیی گەڵالەداڕشتن بۆ زمان دەکەین. هاوکات بەهادان بە گەڵالەی جەستەی زمان دەبێتە هۆی بەرجەستەبوونەوەی پێگە و ئاستی زمان. کاتێک باس لە جەستەی زمان دەکەین دەبێ ئەوەشمان لە بیر بێ کە زمان بە تەنیا کەرەسەیەک بۆ دەربڕینی بیر و ڕا نییە، بەڵکو میراتێکی کلتوورییە و لەوانەش گرینگتر؛ زمان هێما و سیمبولی هۆویەتی نەتەوەیی خاوەن زمانەکەیە. گەڵالەی جەستەی زمان وێرای ئەو شتانەی باسیان کرا، هێندێک بابەتی دیکەیش لە خۆی دەگرێ کە بریتین لە "تۆمارسازی" ((Codification، "پێوەرسازی" (Standardization)، "نوێسازی" (Modernization)، "خۆماڵیسازی"(Localization) و "پاڵاوتن" (Purification) کە خۆی باسێکی سەربەخۆ هەڵدەگرێت.
پلانی فێرکاریی زمان (Acquisition planning): فێربوون و فێرکردنی زمان بە شێوەیەکی باش، بۆ گەشە و نەشە و مانەوەی زمان کارێکی زۆر گرینگە. فێرکاریی زمان ڕەنگە پێوەندی دەگەڵ جەستە و پێگەی زماندا زۆر بێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی کارێگەریەکی زۆری لە سەر زمان هەیە و هێندێک شتی تایبەت بە خۆی هەیە، زمانەوانان لە بەستێنی گەڵالەی زماندا وەک چەمکێکی سەربەخۆ بەحیسابی دێنن. ئەو تایبەتمەندیانەی فێرکاریی زمان بریتین لەو ڕا و کەرەستانەی بە گشتی سەبارەت بە فێرکاریی زمان هەن، کە کارێکە تایبەت بە فێرکاریی زمان، بۆیە کۆپێر پێی وایە، پلانی زمان بە شێوەی گشتی و پلانی فێرکاری زمان بە تایبەتی، بەشێکن لە زمانەوانی کارانی. گرینگی پلانی فێرکاری زمان بۆ نەتەوە بندەستەکان زۆر گرینگترە، لە بەر ئەوەی سەرەڕای ئەو کاریگەرییەی لە باری زانستی و پەروەردەیییەوە هەیەتی، نەتەوەی باڵادەست خوێندنی زمانەکەی لێ قەدەغە کردووە و ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی زمان بۆ ئەو وەک ئامانجێکی سیاسی لێ بێت. بۆ نموونە، یەک لەو نەتەوە بندەستانەی کە ئاوا سەیری زمان دەکا کوردە بە جۆرێک کە لەنێو هەموو ئەو شتانەی کە بەدرێژایی مێژوو خەباتی بۆ کردووە، خوێندن و ئیدارە و ژیان بە زمانی زگماکی خۆی یەک لە ئامانجە سەرەکییەکانی بووە.
    
پلانی پێگەی زمان((Status planning:
بەو گشتە هەوڵانە دەگوترێ، کە کردار و ڕەفتاری زمانی تاک و کۆمەڵگا لە باری ئاست و پێگەی زمانەوە دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. لە ڕووی ئەو پێناسەیەوە ڕەنگە گەڵاڵەی فێرکاریی زمانیش بەشێک بێ لە پلانی پێگەی زمان، بەڵام وەک باسمان کرد بە هۆی هێندێک تایبەتمەندییەوە کە فێرکاریی زمان هەیبوو، وەک بابەتێکی سەربەخۆ هێنامان.
یەک لە ڕەوتەکانی پلانی زمان ڕەوتی پەرەپێدان و پەرەئەستاندنی زمانەکەیە کە لایەنی پێگە و فێرکاریی زمان دەگرێتەوە. مەبەستی پەرەئەستاندن، لایەنی جوگرافیایی و ڕێژەیی دەگرێتەوە کە بە مانای پەرەئەستاندنی جوگرافیایی و ڕێژەیی بەکارهێنەرانی زمانەکەیە. ئەو بابەتە سەبارەت بە زمانی کوردی زۆر جێگای سەرنجە، چونکە پێگەی زمانەکە یاریدەی جوگرافیاکەی دەدا و هەر بەو شێوەیە زمانی کوردی دەتوانێ جوگرافیای کوردستان دیاری بکا، هەروەها لە ڕێگای ئەو چەمکە زمانییەوە دەتوانێ ڕەفتاری زمانی نەتەوە باڵادەستەکان تاوتوێ بکا. ئەو بابەتە لە باری زانستییەوە دەچێتە سەر ئاستی هووییەتی زمان؛ ئەو دەورەی زمان هەیەتی لە سازکردنی هووییەتی نەتەوەیەکدا. ئەو دەورەی زمان لە دەرەوە و لەنێو کۆمەڵگادا دەیگێرێ، دەورێکی ڕاستەوخۆی لە سەر پێگەی زمان هەیە، دەور و کارامەیی زمان لە کۆمەڵگادا بریتییە لە زمانی خوێندن، زمانی دین، زمانی زانست، زمانی ئیداری و زمانی بازرگانی و ...هتد. واتە ئەم لایەنانە دەور دەبینن لە سەر پێگە و ئاستی زمان.      
پێگەی زمان بە شێوەی جۆراوجۆر پۆلێن کراوە، کە یەک لەوان لەسەر بنەمای دەوری پێوەندیی زمان دامەزراوە کە بریتین لە:
١. زمانی قەومی کە گرووپێکی تایبەت لەنێو نەتەوەیەکدا بە کاری دەهێنن.
٢.‌ زمانی ئیداری (ئەو زمانەی پانتاسیاسییە جوگرافییەی کە لە ئیدارەکان بە عام بە کاری دێنن.)
٣.‌ زمانی فێرکاری
٤.‌ زمانی دینی
٥.‌ زمانی نێونەتەوەیی (ئەو زمانەی بۆ پێوەندی دەگەل دەرەوە بە کاری دەهێنن)
٦.‌ زمانی دووەمی فێرگە و خوێندنگەکان.
فێرگۆسێن (هەمان، ل ١٦) پێگەی زمانەکان لەسەر بنەمای ڕێژەی ئەو کەسانەی پێی داخڤن پۆلێن دەکا. ئەو زمان بە سێ دەستەی "زۆرینە"، "کەمینە" و "نە زۆرینە و نە کەمینە " دابەش دەکات. ئەو دەڵێ: زمانی زۆرینە، زمانێکە زیاتر لە ٢٥%ی ڕێژەی جەماوەری وڵاتێک قسەی پێ بکەن، زمانی فەرمی یەک وڵات یان زمانی فێرکاری زیاتر لە ٥٠%ی خوێندکارانی نیوەندی ئەو وڵاتە؛ هەر وەها دەڵێ، زمانی کەمینە زمانی ناوچەیەکە بە ڕێژەی ٥%ی ڕێژەی وڵاتەکەیە؛ دواتر ئاماژە بە "زمانی نە زۆرینە و نە کەمینە" دەکا و دەڵێ، زمانێکە تەنیا بۆ هێندێک مەبەستی تایبەت بە کار دێت، وەک زمانی دووەم یان زمانی دین یا زمانی ئەدەبیات کە لە هێندێک وڵاتدا لە گەڵ زمانەکانی تر جیاوازە.
بە پێی ئەوەی کە زۆربەی توێژەرانی کاڤار (حوزە)ی پلانی زمان لایان وایە کە مەبەست و ئەنجامی پلانی زمان، گەیشتن بە هووییەتی نەتەوەیی خاوەن زمانەکەیە و هەروەها بە پێی ئەوەی پێگەی زمان بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، پێوەندی بە مەسەلەی هۆوییەتەوە هەیە، پێگە و ئاستی زمان لەنێو پلانی زماندا جێگەی سەرنجە. بەشێک لە پلانی زمان بریتییە لە سیاسەتی ئاشکرای زمان و بەشێکی تر سیاسەتی شاراوەی زمان. پلانێک کە ئەگەر دابرێژرێ و دواتر بەکار بهێنرێت، داهاتوو و چۆنیەتی زمان و ژیانی خاوەنەکەی دیاری دەکات.

 دریژەی هەیە...     


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر