۱۳۹۶/۸/۵

پرسەنامەی کانوونی نووسەرانی کوردستان سەبارەت بە کۆچی دوایی نووسەر و ئەدیبی کورد عەلی ئەشرەف دەروێشیان



بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە ئەدیب و چیرۆکنووس و کەسایەتی ناسراوی کورد عەلی ئەشرەف دەروێشیان کۆچی دوایی کرد. مامۆستا دەروێشیان ئەگەرچی وەک زۆرێک لە نووسەران و ئەدیبانی کوردی بێبەش لە خوێندندی کوردی و لەژێر ستەمی نەتەوایەتیدا نەیتوانیووە بەرهەمە ناوازەکانی بە زمانی زگماگی خۆی بڵاو بکاتەوە بەڵام بەردەوام لە هەوڵ و تێکۆشانی فەرهنگی و سیاسی لە پێناو ئازادی و یەکسانیدا بوو و بڕوای تەواوی بە مافە ئینسانییەکانی نەتەوەکەی و هەموو مرۆڤێکی زوڵم لێکراوی ئەم جیهانە نابەرابەرە بوو. کۆچی لەپڕی مامۆستا دەروێشیان دڵی هەموو نووسەر و ئەدیب و تێکۆشەرێکی خەمبار کرد و جارێکی دیکە رووناکبیرانی کوردی بەرەورووی خەمی گەورەی لەدەستدان و ماڵئاوایی کردن لە هۆنەرێکی دیکەی "زمان‌غەریب"ی کردەوە.
کانوونی نووسەرانی کوردستان بەم بۆنە ناخۆشەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی دەروێشیان و دۆست و هاوڕێیانی و هەموو نووسەران و ئەدیبانی کورد و کوردستان دەکا و هیوادارە بزووتنەوەی فەرهەنگی ـ ئەدەبیی کوردستان شێلگیرتر لە هەمیشە بەرەو ئاواتە یەکسانیخوازانەکەی مامۆستا دەروێشیان هەنگاو بنێ.

27/10/2017

۱۳۹۶/۷/۲۹

بەیاننامە سەبارەت بە ڕووداوەکانی پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی باشووری کوردستان


کانوونی نووسەرانی کوردستان (ڕۆژهەڵات) لەبارەی ڕووداوەکانی پاش ڕیفراندۆم ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردووەتەوە و وێڕای پشتگیری لە مافە ڕەوا و یاساییەکانی کوردستان، ئیدانەی هێرشی میلیشیا شیعەکانی ئێران و عێراقیان بۆ سەر کوردستان کردووە.
بەیاننامەی کانوونی نووسەرانی کوردستان (ڕۆژهەڵات)
(سەبارەت بە ڕووداوەکانی پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی باشووری کوردستان)

هاونیشتمانیانی خۆشەویست!
حیزب و ڕێکخراو و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق!
کۆڕ و کۆمەڵە مافپەروەر و مرۆڤدۆستەکانی دنیا!
وەک هەموو لایەک دەزانین ڕووداوە خێراکانی پاش ڕیفراندۆمە یاسایی و دێمۆکرتیکەکەی باشووری کوردستان، کە بەپێچەوانەی دەستووری عێراقی فیدراڵەوە، بە هێرشی کۆمەڵێک هێزی میلیشیای وڵاتانی عێراق و ئێران و هاوئاهەنگیی هەندێ کەسی دەرس لە مێژوو وەرنەگرتووی نێوخۆی کوردستان هاتە ئاراوە، کۆمەڵێک دەرەنجامی مەترسیداری لێ کەوتەوە، کە پێش هەموو لایەنێک ڕووبەڕووی گەل و نەتەوەکەمان بووەتەوە و، وێڕای دووبارەبوونەوەی تاوانە بەدناوەکانی ئەنفال و کۆمەڵکوژکرانی گەلەکەمان لە باشوور، کاریگەریی لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستانیش دانا. ئەگەر کاریگەرییە سایکۆلۆژی و مەعریفی- مێژووییەکەی ئەو ڕووداوانەش وەلا بنێین، فەرزبوونی واقعی تاڵی دووبەرەکی و شپرزەکردنی یەکڕیزیی بڕیاری سیاسی لەم کارەسات و قەیرانەدا کە بەرەوڕووی نەتەوەکەمان بووەتەوە، پرسێکی هێندە مەترسیدارە، کە خۆبواردن لێی دەمانخاتە لێواری سامناکی "مان" و " نەمان"ەوە. بۆیە وەک کانوونی نووسەرانی کوردستان (ڕۆژهەڵات) وێڕای مەحکوومکردنی ئەو گەلەکۆمە هەرێمی و هۆڤانەیە داواکارین:

۱۳۹۶/۷/۲۴

سنە.. کتێبی زمان و وێژه‌ی کوردی بۆ خوێندنی زانکۆ بڵاو کرایه‌وه‌

کتێبی "زمان و وێژه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی" له‌ شاری سنه‌ بۆ خوێندنی ئاستی زانکۆی کوردستان بڵاو کرایه‌وه‌.
 بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،‌ کتێبی "زمان و وێژه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی" له‌لایه‌ن د. به‌ختیار سه‌جادی، مامۆستای زانکۆ و بەڕێوەبەری بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان و مه‌زهه‌ر ئیبراهمی نووسراوه‌ و ڕه‌وانه‌ی بازاڕی کتێب کراوه‌.
 کتێبه‌که‌ له‌لایه‌ن بڵاوڤگه‌ی گوتار له‌ شاری سه‌قز له‌ چاپ دراوه‌.
 ئه‌م کتێبه‌ وه‌ک یه‌که‌م کتێبی زانکۆی کوردستان له‌ شاری سنه‌یه‌ که‌ بۆ وانه‌ وتنه‌ی فێرکاریی زمانی کوردی و له‌ ئاستێکی زانکۆی نووسراوه‌ته‌وه‌ و بڕیار و‌ایه‌ له‌ زانکۆی کوردستان لە سنە به‌ وانه‌ بگوترێته‌وه‌.
 ماوه‌ی سێ ساڵه‌  به‌شی زمانی کوردی له‌ زانکۆی کوردستان له‌ سنه‌ کراوه‌ته‌وه‌ و ساڵانه‌ نزیکهی‌ ۳۰ خوێنکاری زمانی کوردی وه‌رده‌گرێت.

۱۳۹۶/۷/۱۹

بەرهەمێکی دیکەی عەلی‌ئەشرەف دەروێشیان کرایە کوردی

چیرۆکەکانی ئەو ساڵانە، لە نووسینی عەلی‌ئەشرەف دەروێشیان نووسەری کوردی خەڵکی کرماشان، لەلایەن شەریف فەلاح شاعیر و وەرگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی.
 ئەم بەرهەمە پێنجەمین بەرهەمی وەرگێڕانی شەریف فەلاح و نۆیەمین کتێبی چاپکراوییە کە بە قەبارەی بچووک و لە دووتوێی 108 لاپەڕە و بە ئەژماری 100 دانە لەلایەن "چاپەمەنیی مانگ" لە بانە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
 چیرۆکەکانی ئەو ساڵانە، چوار چیرۆکی درێژی مێرمنداڵانی لەخۆ گرتووە کە بە قەڵەمی پڕ لە سیحری عەلی ئەشرەف دەرێشیان، نووسەری ناوداری کوردی فارسی نووسی کرماشان و بە ناوەرۆکی سیاسی، بەڵام بە زمان و دەربڕینی منداڵانە نووسراون و باس لە دۆخی کۆمەڵگەی کرماشان لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران دەکات.
 ئەم چوار چیرۆکەی دەروێشیان لە ساڵانی ڕابردوودا بە فارسی هەرکامەیان بەجیا چەند جار چاپ کراون و جارێکیش پێکەوە و لەژیر ناوی "قصەهای آن سالها" چاپ و بڵاو کراوەتەوە.