۱۳۹۷/۲/۶

بەیاننامەی کانوونی نووسەرانی کوردستان / ڕۆژهەڵات سەبارەت بە دۆخی فەرهاد پیرباڵ



بەڕێزان:
دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستان
دادوەری گشتیی هەرێمی کوردستان
حکوومەتی هەرێمی کوردستان
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەولێر – پایتەختی هەرێمی کوردستان
نووسەران و ڕووناکبیرانی کوردستان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

هەموومان ئاگادارین ڕۆژی یەكشەممە، 11ی مارسی 2018 لیوای مافپەروەر، عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، بە میدیاكانی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، 11-3-2018، فەرهاد پیرباڵ بە پێی ماددەی 226ی یاسای سزادانی عێراقی، ژمارە 111ی ساڵی 1969 و بە فەرمانی بەڕێز، دادوەری گشتی، دەستبەسەر کرا."
 هەمووشمان دەزانین فەرهاد پیرباڵ، نووسەر و شاعیر و ڕووناکبیرێکی دیاری نەتەوەکەمانە، کە جودا لەوەی لە بواری نووسینی شیعر و چیرۆک و ڕۆمان و لێکۆڵینەوەی ئەدەبیدا کەسایەتییەکی دیار و داهێنەر و کاریگەری ئەدەبیاتی کوردییە، لە بواری ڕووناکبیریشیدا کەسایەتییەکی دەگمەنە و کارە ڕووناکبیرییەکانی نەتەوەیین و خەمی لە هەموو پارچەکانی کوردستان خواردووە و لە دۆخی هیچکام لە پارچەکانی کوردستان بێدەنگ نەبووە، بۆیە فەرهاد پیرباڵ کەسایەتییەکی نەتەوەییە و خەڵکی هەموو کوردستان چاوەڕێن، هەم وەکو مرۆڤێک و هەموو وەکو کەسایەتییەکی دیاری ئەدەبی و ڕووناکبیری ئاگاداری دۆخی ژیانی فەرهاد پیرباڵ بن و دەخوازن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و شیاوی ئەو کەسایەتییە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت.