۱۳۹۶/۹/۲۳

مێژووی رۆژنامەگەریی کوردی لە رۆژھەڵاتی کوردستان و گۆڤاری "سروە" لە دیمانە لەگەڵ ئەحمەد قازی



سازدانی: شیروان یاری
وەرگێڕانی: شەریف فەلاح
ـ بەڕێز ئەحمەدی قازی بەو پێیەی پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلان لە ئێران، ئێوە یەکێک لە پێشەنگانی  خاوەن ئەزموون و بە پێشینەی بواری رۆژنامەگەریی کوردی بوون کە بە گۆڤاری "سروە"وە دستتان پێکرد، پێمان خۆشە سەرەتا لەبارەی کورتە مێژووی  رۆژنامەگەریی کوردی لە رۆژھەڵات بۆمان بدوێی کە بەڕای ئێوە بۆ کەی دەگەڕێتەوە و چ کەسانێک لە دەستپێک و وەگەڕ خستنی ئەم رێگا پڕ ھەوراز و نشێوەدا دەوریان ھەبووە؟
ئەحمەد قازی: سەرەتا وێڕای دەستخۆشی لە ھەوڵ و ماندووبونە ژۆرنالیستییەکانی سیروان، ھیوای بەردەوامیتان بۆ دەخوازم. رۆژنامەگەری یان ژۆرنالیزمی کوردی لە رۆژھەڵاتی کوردستان، خاوەن مێژوویەکی تایبەتە، ئەگەر بمانەوێ لە روانگەیەکی گشتییەوە بڕوانینە مێژووی رۆژنامەگەری لە لە ئێران و جیھان، باسێکی دوورو درێژ و تێروتەسەل ھەڵدەگرێت، بەڵام لەم دەرفەتە کورتەدا تەنیا دەمەوێ بپەرژێمە سەر تاوتوێ و شیکردنەوەی مێژووی چاپەمەنی و رۆژنامەگەری لە رۆژھەلاتی کوردستان. بۆ شرۆڤە و شیتەڵکاریی ئەم پرسە، دەبێ ئەم مێژووە بەسەر سێ دەورەدا دابەش بکەین: یەکەم قۆناغ دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم ھەتا ساڵی ١٩٤٥ی زایینی و دەوەری دووەمیش لە ساڵی ١٩٤٥ەوە ھەتا ساڵی ١٩٧٩، واتە ھاوکاتە لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و قۆناغی سێیەمیش لە ساڵی ١٩٧٩وە دەست پێدەکات و ھەتا ئێستا درێژەی ھەیە.

بەڕای من قۆناغی یەکەم بە چاپی رۆژنامەی  "کوردستان موستەشاری" ـ کە ساڵی ١٩٠٢ لەلایەن کۆمەڵێک میسیۆنەرە ئەمریکی ـ مەسیحییەکانەوە بە دوو زمانی کوردی و ئینگلیزی بڵاو دەبۆوە ـ دەست پێدەکات. ناوەڕۆکی ئەم رۆژنامەیە لەلایەن میسیۆنەرە ئەمریکییەکانەوە ئامادە دەکرا و لە ساوجبڵاغی موکری (مەھابادی ئەمڕۆ) بڵاو دەکرایەوە. کە بابەتە ئینگلیزییەکانی ئەو رۆژنامەیە لەلایەن "حەسەن سەیفی قازی"ییەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی و لە چەندین بەشدا لە گۆڤاری مەھاباد بڵاو کرانەوە.
پاش رۆژنامەی "کوردستان موستەشاری" حەفتەنامەی "کورد" لە ساڵی ١٩٢٠ لەلایەن "مەلا محەمەد تورجانی زادە"وە چاپ و بڵاو کرایەوە، کە ھەندێ لە شیعرەکانی "سەیفولقوزات" لەم حەفتەنامەیە چاپ کراون. لەڕاستیدا لەلایەن "سمایل ئاغای سمکۆ" یەکێک لە رێبەران و خەباتگێڕانی کورد بەدژی دەسەڵاتی رەزا شا چاپ و بڵاو دەکرایەوە و زیاتر دەپەرژایە سەر بیروباوەڕ و ئەندێشەی خەباتگێڕانەی سمایل ئاغا. ئێستا سێ ژمارە لەم حەفتەنامەیە لە کتێبخانەکانی تورکیا، کوردستانی باشوور و رۆژھەڵاتی کوردستان وەک ئەرشیڤ بایەگانی کراوە. تاوتوێ و لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کەلە دەورەی یەکەمی رۆژنامەگەریی کوردی لە رۆژھەڵات، تەنیا دوو بڵاوکراوەی "کوردستان موستەشاری و کورد" تۆمار کراون. دەورەی دووەمی رۆژنامەگەریی کوری کە ھاوکاتە لەگەڵ رووخانی دەسەڵاتی رەزاشای پەھلەوی دەست پێدەکات. لەم دەورەیەدا ژمارەی رۆژنامە و حەفتەنامە کوردییەکان چەند بەرانبەر دەبنەوە کە لەم بارەوە دەکرێ ئاماژە بە یەکەم گۆڤار "نیشتمان" بە سەرنووسەریی "عەبدولڕەحمان زەبێحی" بکەین کەلە ساڵی ١٩٤١ەوە ھەتا ١٩٤٥ درێژەی ھەبووە و ئەم بڵاوکراوەیەش گرنگیی بە باسە سیاسی، مێژوویی و ئەدەبییەکانی کوردستان داوە و بە فەرمی زمانحاڵی "کۆمەڵەی ژێکاف" بووە کە رێکخراوێکی سیاسی و نھێنی بووە. دوای گۆڤاری نیشتمان، رۆژنامەی "کوردستان" کە بە ناوەرۆکێکی سیاسی چاپ و بڵاو دەکرایەوە، ئەندامانی دەستەی نووسەرانی ئەن رۆژنامەیە لە ماوەی یەک حەفتەدا سێ ژمارە لەم رۆژنامەیان بڵاو دەکردەوە، دکتۆر "ئیسماعیل ئەردەڵان" بەرپرس و سەرنووسەری بوو و بۆ ماوەی دوو ساڵ (١٩٦٣ ھەتا ١٩٦٥) بە رێکوپێکی لە تاران چاپ و بڵاوکراوەتەوە. پاش ئەو رۆژنامەیە، رۆژنامەیەکی تر ھەر بە ھەمان ناو (کوردستان) زمانحاڵی فەرمیی ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە سەرنووسەریی "سەید محەمەد حەمیدی" لە مەھاباد چاپ دەکرا و لە سەرانسەری ناوچەکەدا بڵاو دەکرایەوە. ئەو رۆژنامەیە لە خولی یەکەمیدا ١١٣ ژمارەی لێ چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ((وەرگێڕ: پاشان بە نھێنی لە شاخ و لە چەند خول و شوێنی جیاوازی وەک: یەکێتیی سۆڤیەت، بولغارستان، بەغدا ناو بەناو چاپ و بڵاو کراوەتەوە و یەکێک لە بەتەمەنترین رۆژنامەکانی کوردە و ئێستاش ھەر بە ھەمان ناو (کوردستان) زمانحاڵی فەرمیی ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حدکا) لە ھەرێمی کوردستان ھەر مانگە و دوو ژمارەی لێ چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.))
لە مانگی دیسەمبەری ١٩٤٥ ھەتا ژانیڤەری دوو حەفتەنامەیەکی تر بە ناوی "کوردستان" لە مەھاباد بە زمانی کوردی بڵاو دەکرایەوە کە ئێشتا ١٦ ژمارەی لە ئەرشیڤی مێژووی رۆژنامەگەریی کوردیدا ھەیە و تۆمار کراوە. دیسان ھەر لە مەھاباد و لە سەردەمی ئەزموونی کۆماری کوردستاندا چاپ و بڵاوبوونەوەی سێ ژمارەی بڵاڤۆکی "گڕوگاڵ"ی تایبەت بە منداڵان بە سەرنووسەریی "مەلا قادر مودەڕسی" چاپ و بڵاوبوونەوەی چوار ژمارەی گۆڤاری "ھەڵاڵە" لە بۆکان بە سەرنووسەریی "حەسەن قزڵجی" بەشێکی ترن لە مێژووی رۆژنامەگەریی کوردی. لە بڵاڤۆکی ھەڵاڵەدا بەشێکی زۆر لە شیعرەکانی مامۆستا ھەژار موکریانی چاپکراون.
چاپ و بڵاوبوونەوەی سێ ژمارەی بڵاڤۆکی "ئاوات" لە مەھاباد، "ھاواری کورد" لە ساڵی ١٩٤٥ و مانگنامەی "ھاواری نیشتمان" زمانحاڵی ئۆرگانی یەکێتی جەوانی دیموکراتی کوردستان بە ناوەرۆکێکی ئەدەبی، سیاسی و کۆمەڵایەتی و بە بەرپرسایەتیی "سەدیق ئەنجیری ئازەر" یەکێکی تر لە بڵاوکراوەکانی ئەو سەردەمەیە.
پاش ساڵی ١٩٤٥ ھەتا سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران ١٩٧٩ بە شێوەی پچڕپچڕ و بە پرژوبڵاوی چەند بڵاوکراوەیەک کە زیاتر لایەنی تەبلیغاتی و رێکخستنی حیزبییان ھەبووە، بڵاو بوونەتەوە کە لەم بارەوە دەکرێ باسی رۆژنامەی "کوردستان" بکەین کە بە شێوەی نھێنی لە "باکو" و ئەورووپا چاپ دەکران و لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بڵاو دەکرایەوە. چاپ و بڵاوبوونەوەی یەک ژمارە لە رۆژنامەی سیاسیی "رێگا" لە ساڵی ١٩٤٨ لە مەھاباد، چاپی ١٩ ژمارەی  بڵاوکراوەی "خۆرنشین" لەلایەن "عەبدولڕەحمان مەعریفەت" و دکتۆر وەکیلی" لە تاران لە ساڵی ١٣٣٢ی ھەتاوی (١٩٥٣ی زایینی)، چاپ و بڵاوبوونەوەی "حەفتەنامەی کوردستان" لە ساڵی ١٣٤٨ی ھەتاوی ( ١٩٦٩ی زایینی)  بە سەرنووسەریی "عەبدولحەمید بەدیعولزەمانی" بە ھاوکاریی "محەمەدسدیق موفتی زادە" لە تاران و چاپی دوو ژمارە لە مانگنامەی "بۆغستان" بە ناوەڕۆکی فەرھەنگی ـ ئەدەبی و بە دوو زمانی کوردی و فارسی لە ساڵی ١٩٥٢ لەلایەن "دایرەی گشتیی چاپەمەنی و تەبلیغاتی ئێران"ەوە ئەو کۆمەڵە بڵاوکراوانەن کە لەو دوو قۆناغەدا چاپ و بڵاو کراونەتەوە.
قۆناغی سێیەمی تاوتوێ و شرۆڤەی چاپمەنی و رۆژنامەنووسیی کوردی لە رۆژھەڵاتی کوردستان کەلە دەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران  ١٣٥٧ی ھەتاوی (١٩٧٩ی زایینی) ھەتا ئێستا دەگرێتەوە، دەکرێ ئاماژە بە چاپ و بڵاوبوونەوەی کۆمەڵێکی بەرچاو بڵاوکراوەی پڕ ناوەڕۆکی کوردی بکرێت. لەم قۆناغەدا لە مێژووی رۆژنامەنووسیی کوردی نەختێ لە قۆناغەکانی دیکە گەشاوەترە. لە قۆناغی سێیەمدا دەبێ بپەرژێینە سەر تاوتوێ و خەسارناسیی دوو شێواز رۆژنامەنووسیی کوردی، بۆ وێنە رۆنامەنووسیی خوێندکاری لە زانکۆ و زانستگەکانی سەرانسەری ئێران ە خوێندکاری کورد تێیایاندا دەیخوێند کە ئەوانیش بە مۆڵەتی "لێَژنەی چاوەدێریی چاپەمەنییە ناوخۆییەکانی وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامی ئێران"ەوە بڵاو دەکرانەوە. یەکەم رۆژنامەی کوردی لە قۆناغی سێیەم کە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٨١ بەناوی "گرشەی کوردستان" بە سەرنووسەری "محەمەدساڵح ئیبراھیمی" لە تاران چاپ و بڵاو کرایەوە کە ئەم رۆژنامەیە تەنیا ٩ ژمارەی لێ چاپ و بڵاو کرایەوە. چاپی حەوت ژمارە لە بڵاوکراوەی سیاسی ـ فەرھەنگیی "دەنگی کورد" بە سەرنووسەریی "سارمەدین سادق وەزیری" لە تاران، ھەتا کاتی سەرھەڵدانی گۆڤاری سروە، بە یەکێک لە گرنگترین رۆژنامە کوردییەکانی قۆناغی سێیەم دێتە ئەژمار. لە ساڵی ١٩٨٥ مۆڵەتی چاپ و بڵاوبوونەوەی گۆڤاری "سروە"  بە بەرپرسایەتیی "ئیسفەندیار رەحیم مەشایی" و سەرنووسەریی  مامۆستا "ھێمن" درا. مامۆستا ھێمن ھەتا ژمارەی چوارەم سەرنووسەری ئەم گۆڤارە گرنگە ئەدەبی و فەرھەنگیەی لە ئەستۆ بوو و پاش کۆچی دوایی مامۆستا ھێمن، بەرپرسایەتیی قورسی سەرنووسەری لە ژمارە شەشەمەمەوە ـ پاییزی ١٩٨٦ ـ ھەتا ساڵی ٢٠٠١ واتە ھەتا گواستنەوەی "سروە" لە "ورمێ"یەە بۆ سنە بۆ ماوەی ١٥ ساڵ سپێردرایە من. چاپ و بڵاوبوونەوەی ٥٤ ژمارەی وەرزنامەی "ئاوێنە" لە ساڵی ١٣٦٨ بە سەرنوسەریی "محەمەد کەمانگەر" لە تاران، وەرزنامەی زرێبار بە خاوەن ئیمتیازیی  و برپرسایەتیی "عادڵ محەمەدپوور" لە مەریوان، بڵاڤۆی "تیشک" بە خاوەن ئیمتیازی و برپرسایەتیی "کیان جیھانی" لە مەریوان، چاپ و بڵاوبوونەوەی ٢٠ ژمارەی بڵاوکراوەی "ئامانج" لەلایەن رێکخراوی تەبلیغاتی ئیسلامیی ئێران، حەفتەنامەی "ئاویەر" بە پرسایەتیی "محەمەدڕەزا رەحیمی و سەرنووسەری "بەھرام وەلەدبەیگی" ساڵی ١٩٩٦ کەلە دوو خولی جیاواز و پاش چەند جار وەستان ١٨٦ ژمارەی لێ چاپ  بڵاو کرایەوە، ئەمانە ھەموویان بەشێکی تر لە قۆناغی سێیەمی مێژووی رۆژنامەنووسیی کوردین لە رۆژھەڵاتی کوردستان. ساڵی ١٩٩٧ حەفتەنامەی "سیروان" بە دوو زمانی کوردی و فارسی بە خاوەن ئیمتیازیی "رێکخراوی یاریدەدەرانی شاردوانییەکان" و بە سەرنووسەریی دکتۆر "جەلال جەلالی زادە" لە سەردەمی دەسەڵاتی ریفۆرمخوازان لە ئێران مۆڵەتی وەشانی وەرگرت و ( وەرگێڕ: ھەتا ئێستاش بۆ ماوەی ١٧ ساڵە بەردەوامە). ساڵی ١٩٩٩ وەرزنامەی "فەرھەنگی کوردستان" لەلایەن ئیدارەی گشتیی فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی پارێزگای کورستانەوە چاپ و بڵاو کرایەوە. گۆڤاری "مەھاباد" بە خاوەن ئیمتیازی و سەرنووسەریی "ئەحمەد بەحری" لە مەھاباد (وەرگێڕ: کە ھەتا سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ زیاتر لە ١٥٠ ژمارەی لێ چاپ و بڵاو کراوەتەوە). دوو حەفتەنامەی "ئاوای کوردستان" بە سەرپەرستیی "محەمەدحوسێن ئەسغەرنیا"، "ئەخباری کوردستان" بە خاوەن ئیمتیازی و سەرپەرستیی "خزری"، حەفتەنامەی "ئاسۆ" لە سنە بە خاوەن ئیمتیازی و سەرنووسەریی "حوسێن ئەحمەدی نیاز"،  دوو حەفتەنامەکانی "کوردستان " بە خاوەن ئیمتیازیی "ئەنستیتۆی فەرھەنگیی کوردستان" و سەرنووسەریی "بەھرام وەلەدبەیگی"، "زمانەوان" بە خاوەن ئیمتیازیی       
"کۆڕی زانستیی زمانی کوردی" لە تاران کە سێ ژمارەی لێ چاپ و بڵاو کرایەوە و تایبەت بوو بە گرفتەکانی زمانی کوردی لە رۆژھەڵاتی کورستان. بڵاوکراوەی "ویرا" لە ئیلام ساڵی ١٣٨١ بە سەرنووسەریی "کامران رەحیمی"، "ئاشتی" بە خاوەن ئیمتیازی و سەرنووسەریی "بورھان لھۆنی"، حەفتەنامەی "ھاوار" لە سنە بە خاوەن ئیمتیازی و سەرنووسەریی "ھاشم ھیدایەتی"، حەفتەنامەی "رۆژھەڵات" لە سنە بە خاوەن ئیمتیازی و سەرنووسەریی "عەبدوڵڵا سوھرابی"، حەفتەنامەی "کەرەفتوو" بە خاوەن ئیمتیازی و سەرنووسەریی "لەیلا مەدەنی"، "پەیام مەردوم" لە سنە بە سەرنووسەریی "محەمەدسودق کەبوودوەند" بەشێکی تر لە بڵاوکراوە و چەپەمەنییە کوردییەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بوون کەلە قۆناغی سێیەمدا حزووریان ھەبووە، (وەرگێڕ: ھەڵبەتە دەبێ ئاماژە بەوەش بکرێت لە کۆی ئەو ھەموو گۆڤار، حەفتەنامە و دوو حەفتەنامە و بڵاوکراوانەی کە ناویان ھێنرا ئێستا تەنیا حەفتەنامەی "سیروان"، گۆڤاری فەرھەنگی، ئەدەبی و کۆمەڵایەتیی مانگانەی "مەھاباد" و وەرزنامەی فکری، فەرھەنگی و ئەدەبیی "زرێبار" ماون و بە شێوەی رێکوپێک چاپ و بڵاو دەکرێنەوە. لە کۆتایی دەیەی ٨٠ی ھەتاوی بەملاوە کۆمەڵێک حەفتەنامە و دوو حەفتەنامەی وەک"نیشتمان، چرۆ، دیار کوھەن، دیدگا، سۆران، ندای گەڕووس" لە سنە "سەدای ئازادی و پەیک بێستوون، و.. غەرب لە کرماشان"، "کۆشک" لە ئیلام چاپ  و بڵاو بوونە و ئێستاش ھەندێکیان ھەر بەدەوامن، بەڵام کەمتر کەش و دۆخی رۆژنامەنووسیی کوردیان پێوە دیارە. ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە گۆڤاری فکری، فەرھەنگی و ئەدەبی "ھایا" لە مەریوان چاپ و بڵاو دەبێتەوە و ھەتا ئێستا ٥ ژمارەی لێ چاپ کراوە و باقی بڵاوکراوەکانی یان مۆڵەتی چاپیان لێسەندراوەتە، یان بە بیانووی جۆراوجۆری قەزایی و دارایی و چاپ و بڵاو ناکرێنەوە).
لە رەوتی رۆژنامەگەریی رۆژھەڵاتدا، لە فەزای زانکۆ و زانستەگەشدا جموجۆڵی بەرچاو ھەبووە و توانیویانە لەم بوراەوە مێژوویەکی زێڕین بخولقێنن کە دەکرێ ئاماژە بە "ئاگری" لە زانکۆی زابول لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان "روانگە" لە زانکۆی تەورێز، "بەیان" لە زانکۆی ئەبووعەلی سینای ھەمەدان، "بروسسکە" لە زانکۆی رازیی کرماشان، "رۆژانۆ" لە زانکۆی ورمێ، "سۆما" لە زانکۆی کورستان لە سنە، "ئامانج" لە زانکۆی علووم پزیشکی لە سنە، "رۆژھەڵات" لە زانکۆی بیرجەند، "راڤە" لە زانکۆی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی تاران، "چریکە" زانکۆی شەھید رەجایی تاران، "رۆژان" زانکۆی کوردستان لە سنە، "زاگرۆس" زانکۆی عیلم و سەنعەتی تاران، "موکریان" لە زانکۆی مەھاباد، "تریفە" لە زانکۆی ئەراک، "زایەڵە" لە زانکۆی تەورێز، "پەیژە" لە زانکۆی تەورێز، "ژیوار" لە زانکۆی ئازادی ئیسلامیی سنە، "چیا" لە زانکۆی ئیسفەھان، "نیشتمان" لە زانکۆی زەنجان، "دەنگ" و "خوێندکاری کورد" لە زانکۆی کوردستان لە سنە، "نویسا" لە زانکۆی تاران، "کرمانج" لە زانکۆی مەشھەد، "رەوت" و "میراجی" لە زانکۆی ئازادی ئیسلامیی مەریوان، "ھەژێن" لە زانکۆی ئازادی ئیسلامیی مەھاباد کە ئێشتاش چاپ دەکرێت، ئاماژە بکەین کە لەلایەن خوێندکارانی کوردەوە لە سەرانسەری زانکۆکانی ئێراندا چاپ و بڵاو دەکرانەوە و لەڕاستیدا ناوەڕۆکی زۆربەیان لە بواری شرۆڤە و شیکاریی پرسە "سیاسی، کۆمەڵایەتی، نوتەوەیی و فەرھەنگییەکان"ی کوردستانەوە جێگای تێڕامان و سەرنجن و بەشێکن لە ئەندێشەی ھاوچەرخ و لاپەڕەی درەوشاوەی مێَژووی رۆژنامەگەریی خوێندکاریی کوردی. 
(وەرگێڕ: لە پرۆسەی مێژووی رۆنامەنووسیی کوردیی رۆژھەڵاتی کوردستاندا، ئەنجومەنە ئەدەبیی و فەرھەنگییەکانیش شانەبشانی رۆژنامەنووسیی خوێندکاری، رۆڵی بەرچاویان ھەبووە و ھەرکامەیان لە قۆناغی جیاجیادا بڵاوکراوەی ناوخۆیی خۆیان ھەبووە وەک بڵاوکراوەی "تاڤگە" لەلایەن "ئەنجومەنی مەولەویی کوردی سنە" بلاوکراوەی "تەڵخا" لەلایەن "ئەنجومەنی جەوانی سنە"، "ھێما" لەلایەن ئەنجومەنی "ھێما" لە سنە، "رچە" لەلایەن ئەنجومەنی ئەدەبیی "رچە"ی لەیلاخ لە دێگولان، کرەفتوو" لەلایەن ئەنجومەنی ئەدەبیی سەقز و ....
ـ بەرجەوەند و ئاسۆی رۆژنامەنووسیی کوردی بەپێی ئەو پشتیوانییە مێژوویی و چالاکییە بەرینە، چۆن ھەڵدەسەنگیین؟
ئەحمەد قازی: بەداخەوە چالاکیی پیشەیی رۆژنامەنووسیی پسپۆڕانە و پڕۆفیشناڵ لە رۆژھەڵاتی کوردستان، بەھۆکاری جۆراوجۆر بەردەوام نییە و ھەر ئەم پچڕان و دابڕانە لە پێکھاتە سەرەکییەکە، رۆژنامەنووسە جدی و پسپۆڕەکانیشی لە رۆژھەڵات تووشی گرفت و ئاستەنگ کردووە. ھەر بەم بۆنەوە لە رۆژھەڵاتی کوردستان، رۆژنامەنووسیی پڕۆفیشناڵ ھێندە دیار و بەرچاو نییە. لەمێژینەترین گۆڤاری کوردی لە قۆناغی سێیەمی رۆژنامەنووسیدا، "سروە"یە کە بە خۆشییەوە چاپ و بڵاوبوونەوەی رێکوپێک و بێڕاوەستانی ئەم گۆڤارە ئەدەبی و فەرھەنگییە، رۆڵێکی بەرچاوی لە گەشەسەندن و فێرکاریی زمان و فەرھەنگیدا ھەبووە. لەم قۆناغەدا کۆمەڵێکی بەرچاو لە لاوانی شارەزا و لێھااتووی کورد لە رێگای فێربوونی زمانی کوردییەوە ھاتنە ریزی نووسەرانی ناوداری کوردەوە و ئێستاش بوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە چالاکانی ژانری شیعر، چیرۆک، رۆمان و رۆنامەنووسی بە بەشێک لە دەسکەوتە بەنرخەکانی گۆڤاری سروە دێنە ئەژمار. لەم ھەلومەرجەدا داھاتووی رۆژنامەنووسیی کوردی درەوشاوە وێنا دەکرێت، چونکە ھەلومەرجی سەردەم ئەمە دەخوازێت.
ـ باشترە لەبارەی چۆنیەتیی چاپ و بڵاوبوونەوەی گۆڤاری سروە کە بۆ ماوەی ١٥ ساڵ بە سەرنووسەریی ئێوە بڵاو دبۆوە، قسە بکەین. بەڕێز قازی کاتێک ئێوە پۆستی بەڕێوەبەریتان وەرگرت، چ کەسانێک لەو گۆڤارە کاریان دەکرد؟
ـ ئەحمەد قازی: کاتێک من پاش کۆچی دوایی مامۆستا ھێمن لە پاییزی ساڵی ١٣٦٥ وەک پۆستی سەرنووسەری رۆیشتمە سروە، ژمارە پێنجی ئەو گۆڤارە لە قۆناغی چاپ و بڵاوبوونەوەدا بوو و لەڕاستیدا من لە ژمارە شەشەوە بەڕپەرسایەتی ناوەرۆکی سروەم لە ئەستۆ گرت. ئەو چوار ژمارەیەی کاتی مامۆستا ھێمن بەدەر بوو لە سیستم و نەزمی زەمانی و ھەندێ جار لەباتی مانگنامە لە ماوەی سێ مانگدا چاپ و بڵاو دەکرایەوە کە زیاتر لە وەرزنامە دەچوو ھەتا مانگنامە. پاییزی ساڵی ١٣٥٦ی ھەتاوی (١٩٨٦ی زایینی) کەسانێک لەژێرناوی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سروە بەناوەکانی "کەریم قەیوومی، فارۆق کەیخوسرەوی، عەزیز کەیخوسرەوی، سەید فەھیم سەرڕووتی، حەمیدخان زەڕەزا، عەزیز ئاڵی، مستەفا فەتاحی قازی، رەسووڵ وەیسی" و دوو کەس تایپیست و دیزاینەر بەناوەکانی بەناوەکانی "گوڵاڵە قازی" و خانمی "پیرە بابی" چالاک بوون.        
ـ ئێوە لە بواری سەخت ئامیری و نەرم ئامێری" ییەوە بۆ نەزم بەخشین و رێکوپێک کردنی چاپی سروە چیتان کرد، ئایا لە کاتی بەرپرسایەتیی ئێوە وەک سەرنووسەردا کەسێک بە دەستەی نووسەران زیاد بوو؟
ـ ئەحمەد قازی: کاتێک من لە گۆڤاری سروە دەستم بەکار کرد، بۆ رێکوپێک کردن و ساغبوونەوە لەسەر کاتی بڵاوبوونەوەی گۆڤارەکە کە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانە لە میتۆد و پڕەنسیپەکانی  رۆژنامەنووسیدا، زۆرم ھەوڵ لەگەڵ ئەندامانی دەستەی نووسەران دا. ھەرچەند من ئەوپەڕی رێزم بۆ ئەندامانی دەستەی نووسەران ھەیە، بەڵام دەبێ بوترێ چالاکیی رۆژنامەنووسیی ئەو کەسانە زیاتر ئەزموونی و سۆزدرانە بوو و شارەزای شێوەی زانستی و ئەکادیمی نەبوون و ھەر بەم بۆنەوە لە نووسین و دەست نیشان کردنی وتارەکان، راپۆرت و دیمانەدا لەگەڵ گرفت بەرەوڕوو دەبووین، ھەڵبەتە من کاتی گوزەراندنی دەورانی حوکمی زیندانم لە سەردەمی حکومەتی "محەمەدڕەزا پەھلەوی" کە بۆ ماوەی چوار ساڵ لە ساڵی ١٩٦٣ەوە ھەتا ١٩٦٧ەوە درێژەی کێشا، بە پەیوەندی گرتن لەگەڵ "ئەنستیتۆی ICS" ی لەندەن سەرەتاکانی رۆژنامەنووسیم خوێندبوو و ھەتاڕادەیەک لەگەڵ بنەماکانی رۆژنامەنووسیی سەردەمیانە و پڕۆفیشناڵ ئاشنا بووم و بە پشت بەستن بەو زانیارییە سەرەتاییانە زۆر زوو ھەوڵی رێکوپێک کردنی گۆڤاری سروە و بەتایبەت کاتی بڵاوبونەوەیم دا و ئەم رەوتە رێکوپێکە لە گۆڤاری سروە ھەتا ساڵی ٢٠٠١ و تا کاتی خانەنشین بوونی من و گواستنەوەی نووسینگەی سروە لە "ورمێ"یەوە بۆ سنە درێژە ھەبوو.
لەڕاستیدا ھەر لە رۆژانی سەرەتای ئەزموونی سەرنووسەریمەوە، پێکھاتەی ئیداری، دابەشکردن و دەستەی نووسەرانی سروە بێبەری بوو لە ھەرچەشنە بنەما تێڕوانین، پڕەنسیب و بنەماکانی رۆژنامەنوسی و کۆمەڵێک لە ئەندامانی دەستەی نووسەرانیش لەگەڵ رێزمان و رێنووسی کوردی ئاشنا نەبوون و بۆ گۆڕانکاری و بەھێزکردن و راھێنانیان لەباری فکرییەوە، ناچاریانم کرد بە خوێندنەوە و فێربوونی زمانی کوردی.
پاش چاپ و بڵاوکردنەوەی چەند ژمارەیەکی سروە، کۆمەڵێک لە نووسەرانی خاوەن قەڵەم و شارەزای وەک نەمر "مارف ئاغایی" ـ شاعیری ناسراوی کورد ـ بە ریزی ریزی فەرمانبەرانی سروە زیاد بوون. ھەروەھا ناردنی وتار، شیعر و چیرۆک لەلایەن نووسەرانی زۆربەی نووسەرانی ناوچە کوردنشینەکانی رۆژھەڵاتەوە بوونەوە ھۆی بەرز بوونەوەی ئاستی ناوەڕۆکی سروە نزیک بە ١٠ لاپەڕە لە کۆی ٦٤ لاپەڕەی سروە بۆ دیالکتی "کورمانجی سەروو" یان "بادینی" تەرخان کرابوو کە بابەتەکانی لەلایەن "پەرویز جیھانی"یەوە ئامادە دەکران یان ئەو چاوەدێریی دەکرد، ناوبراو ھەر لە سەرەتای چاپ و بڵاوبوونەوەی سروەوە لەو گۆڤارە ئەدەبی چالاکی دەنواند.
ـ ئایا ھەموو ئەو بابەتانەی کە رەوانەی گۆڤاری سروە دەکران، پێش لە چاپ لەلایەن ئێوەوە پەسند دەکران؟
ئەحمەد قازی: بەڵێ لەسەدا سەد، بەتەواوەتی دان بەوەدا دەنێم کە تەنانەت یەک وشە لە گۆڤاری سروە بەبێ خوێندنەوەو سەپەندی "سەرنووسەر" چاپ و بڵاو نەبۆتەوە و لەسەر زۆربەی وتارەکان، چیرۆک و شیعرە نێردراوەکان لەباری رێنووس و رێزمانەوە کاری پێداچوونەوە و ئیدەیتیان بۆ کراوە.
ـ گۆڤاری سروە لە دوو دەیەی ٦٠ و ٧٠ی ھەتاوی بە چ ئەژمارێک و لە کام ناوچە زیاتر بڵاو دەکرایەوە؟ 
ئەحمەد قازی: لە ساڵانی سەرەتای دەرچوونی گۆڤاری سروە بەھۆی پێشوازیی بەربڵاوی خوێنەرانی کورد ھەر ژمارەی زیاتر لە ١٥ ھەزار نوسخەی لێ چاپ دەکرا و ئەم رێژەیە لە دەیەی ٦٠ و نیوەی یەکەمی دەیەی ٧٠ی ھەتاویدا بۆ بڵاوکراوەیەکی کوردی زۆر بوو، سروە ئەوکاتانە لە زۆربەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ـ عێراق و بەشێک لە تورکیا بڵاو دەکرایەوە و کۆمەڵیکیش لە رێگای پۆستە و گەیاندنەوە بۆ کوردانی نیشتەجێی ئەمریکا، ئەڵمانیا، سوید، ئوسترالیا و نۆروێژ دەنێردرا.
 ـ ئایا وا دەھاتە پێش کە گۆڤاری سروە نەفرۆشرێت و بگەڕێنرێتەوە بۆ لای خۆتان؟
ـ ئەحمەد قازی: لەڕاستیدا ھیچی لێ نەدەگێڕدرایەوە و ھەموو ژمارەکانی دەفرۆشران و زۆربەی خوێنەرانی بەئەمەگ لە رێگای تەلەفۆنەوە داوای ناردنی ژمارەکانی پێشووشیان دەکرد.
 ـ رێژەی ئەو نامانەی کەلە لەلایەن خوێنەرانەوە دەگەیشتنە نووسینگەی سروە چەند بوون؟
ـ ئەحمەد قازی: باوەڕ بکەن، رێژەی ئەو نامانەی کە دەگەیشتنە سروە، ھێندە زۆر بوون کە خوێندنەوەیان بەشێکی زۆری کاتی رۆژانەی منیان دەگرت و ئەمەش لە وەرزێکەوە بۆ وەرزێکی تر جیاواز بوو، ھەندێ جار سەبەدێک نامە کە بریتی بوو لە ١٠ ھەزار نامە لە ژووری سەرنووسەریان دادەنا و منیش بەھۆی عەشق و ھۆگرییەک کە بە سروە و خوێنەرەکانی ھەمبوو، ھەموو نامەکانم دەخوێندەوە و بۆ رێزی خوێنەرانیش لاپەڕەیەکمان بەناوی "ئێمە و خوێنەر" تەرخان کردبوو کە تێیایدا لە چەند رستەدا وەڵامی خوێنەرەکان دەدرایەوە.
ـ ھەزینەی چاپ و بڵاوکردنەوەەی گۆڤاری سروە دابین دەکرا؟
ـ ئەحمەد قازی: گۆڤاری سروە سەر بە دەوڵەت بوو و یەکێک لە ئیمتیازە زۆر گرنگەکان لە بڵاوکردنەوەی رێکوپێکی زیاتر لە٢٠ ساڵی سروە دابین کردنی ھەزینەی چاپ و مووچەی فەرمانبەر و بەڕێوەبەرانی بوو لەلایەن دەوڵەتەوە.
ـ ھەموو فەرمانبەرانی سروە خاوەنی مووچەی شیاو و مافی بیمە بوون؟
ـ ئەحمەد قازی: بەڵێ، ھەموو فەرمانبەرانی سروە مووچەیان وەردەگرت و خاوەنی مافی بیمە بوون، بەڵام بوودجەی ساڵانەی سروە بەوپەڕی چاوچنۆکی و ئێرەیییەوە دابین دەکرا.
ـ بێجگەلە بەڕێزتان چ کەس یان کەسانێک لە سروە پێداچووونەوە یان چاوەدێرییان بەسەر ناوەڕۆکی گۆڤارەکەدا دەکرد، یان لە تاران؟
ئەحمەد قازی: ھەموو بابەتە کوردییەکان بۆ وێنە شیعر، چیرۆک، بابەت، یادداشت و رەخنە لەلایەن یەکێک لە فەرمانبەرانی سروەوە وەردەگێڕداریە سەر زمانی فارسی و بۆ کۆنترۆڵ و چاوەدێری دەاندایە کەسێکی شارەزای زمانی فارسی و بابەتەکان پاش گفتوگۆ کردن لەبارەەیان و پەسەند کردن لەلایەن ئەو کەسەوە، بۆ چاپ رەوانەی تاران دەکرا و دەستەی نووسەران و بەتایبەت سەرنووسەر لەگەڵ ئەم شێوازە کارکردنە بوو کە ئەم بەشە یەکێک لە تاڵترین بیرەوەرییەکانمە لە سروە.
ـ ھۆکارە سەرەکییەکانی داخرانی سروە چی بوون؟
 ئەحمەد قازی: کاتێک خانەنشین بووم و گەڕامەوە مەھاباد، ھەرچی ھەوڵیان دا نەیانتوانی کەسێکی کارناس و ئاشنا بە بنەماکانی رۆژنامەنووسی بۆ پۆستی سەرنووسەریی سروە بدۆزنەوە. ئازەربایجانییەکانی دانیشتووی ورمی لەو باوەڕەدا بوون کە گۆڤاری "سروە" بەھۆی چاپبوونی بە زمانی کوردی، دەبێ لە پارێزگای تورک نیشینی (رەزاییە)ەوە بگوازرێتەوە بۆ پارێزگای کوردنشینی کوردستان (سنە) و لەوێ چاپ بکرێت. ھەروەک باسکرا، لە ورمێ بێبەری بوو لە دەستەی نووسەرانی رێکوپێک کە بتوانێ پێکھاتەی تێکشکێنراوی سروە پاش ساڵی ٢٠٠١ وەسەریەک بخاتەوە، ھەر بەم ھۆیە ئەم گۆڤارە لەمێژینە پاش زیاتر ٢٠ ساڵ چاپ و بڵاوبوونەوە لە ورمێ، گوازرایەوە بۆ سنە ناوەندی پارێزگای کوردستان، بەڵام لە سنەش نەبوونی پشتیوانەی دارایی لەلایەن دەوڵەت و بەڕێوبەریی نادروست، بەداخەوە گۆڤاری سروە کە بەڕاستی بۆ خوێنەرانی مروارییەکی تاقانە بوو، پاش زیاتر لە ٢٦ ساڵ بەردەوامی و دەرکردنی ٢٨١ ژمارە لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٩ی ھەتاوی (٢٠١٠ی زایینی) داخرا و چووە ئەرشیڤی رۆشنامەگەریی کوردیەوە.
ـ خۆشەویستیی ئێوە بۆ سروە لە قەوارەی چ شیعر و ھۆنراوەیەکدا پێناسە دەکەن؟
ـ ئەحمەد قازی: لەڕاستیدا سروە باشترین و پڕشانازیترین قۆناغی ژیانی منە لە مێژووی رۆژنامەگەریدا من ئەم گۆڤارەم چەشنی منداڵەکانم و ئەندامانی بنەماڵەکەم خۆشدەوێ و شانازیی پێوە دەکەم و ھەر بەم ھۆیەیە ھەموو ژمارەکانی سروە، ھەر لە یەکەم ژمارەوە بگرە ھەتا دوایین ژمارەی کاتی داخرانی ئەرشیڤم کردووە، سروە منداڵی منە و ئەم منداڵەش بەپێی قۆناغەکان گەشە و باڵای کردووە.
ـ ئێستا گۆڤاری "مەھاباد" بە سەرنووسەریی "ئەحمەد بەحری" بە رێچکەیەکی ئەدەبی چاپ و بڵاو دەکرێتەوە، ئاخۆ دەتوانێ بۆشایی نەبوونی سروە پڕ بکاتەوە؟
ـ ئەحمەد قازی: بەڵێ، ھەتاڕادەیەک ئەم بڵاوکراوە توانیویە بۆشایی و شوێنی سروە بگرێتەوە، بەڵام بۆ خوێنەران و بەردەنگانی ئەویندار،  شنەی سروە فێنک کەرەوەی دڵ و ئاوپرژێنی رۆح بوو.
ـ ئایا فەرمانبەران و بەڕێوەبەریی گۆڤاری مەھاباد بۆ بەھێزکردنی زمان و رزاندنەوەەی ناوەڕۆکی ئەم گۆڤارە لە ئەزموونی چەند ساڵەی ئێوە کەڵک وەردەگرن؟
ـ ئەحمەد قازی: بەڵێ، ئێستا ئەمن لە بواری رچاوکردنی بنەما زانستیییەکانی رێزمان و رێنووسی کوردی پێشنیار و راوێژ بە فەرمانبەر و بەڕێوەبەرانی گۆڤاری مەھاباد دەدەم؟
سەرچاوە: حەفتەنامەی سیروان



  

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر