۱۳۹۶/۹/۷

کۆبەرهەمی حەسەن قزڵجی لە هەولێر چاپ و بڵاو کرایەوە


کاتژمێر 3ی پاشنێوەرۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 2017/11/26 لە ماڵی وەفایی لە شاری هەولێر، لە ڕێوڕەسمێکدا کتێبی کۆبەرهەمی حەسەن قزڵجی، چیرۆکنووس، ڕەخنەگر و وەرگێڕی ناسراوی کورد لە ئامادەکردنی موحسین قزڵجی بڵاو کرایەوە.
 لە ڕێوڕەسمەکەدا کەلە (ماڵی وەفایی بۆ وتووێژی هزری، ئەدەبی و هونەری) ڕێک خرابوو، کۆمەڵێک، ئەدیب، نووسەر شاعیر و ڕۆشنبیری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادە بوون، سەرەتا زیرەک کەمال وەک سەرپەرشتیاری کتێبەکە لەبارەی ئامانجی پرۆژەکە بۆ ئامادەبوان قسەی کرد.
 زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمبارەوە گوتی: "ئەم کتێبە کە بەشێک لە بەرهەمەکانی حەسەن قزلجی، چیرۆکنووس، ڕەخنەگر و وەرگێڕی لەخۆ گرتووە، پێشنیارەکەی لە سمینارێکەوە هاتووە کە ساڵی پار لە ئەڵمانیا پێکهات و لە کۆتاییدا چەند ڕاسپاردەیەک دران و کە دوویان بریتی بوون لە نامەیەک بۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو کە تێیدا داوا کرابوو کۆ بەرهەمەکانی حەسەن قزلجی چاپ و بڵاو بکرێنەوە و هاوکات لە شاری هەولێر پەیکەرێکی بۆ ساز بکرێت.

 ئاماژەی بەوەش کرد دواتر سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی سەرپەرشتیی ئەمکارەی بە من سپارد و بە یارمەتیی موحسین قزلجی، خوشکەزای حەسەن قزلجی و چەندین نووسەر و دڵسۆزی دیکە دەستمان بەم کارە کرد و ئێستا بووەتە بەشێک لە بەرهەمی نووسین، وەرگیڕانەکانی لە بواری کورتە چیرۆک و دۆخی سیاسیی کوردستان و ئیران.
 زیرەکە کەمال، لە درێژەدا ڕاشی گەیاند: "هەرچەند بەهۆی ئەم دۆخەی ئێستا هەرێمی کوردستان نەتواندراوە، پەیکەرەکەی بۆ ساز بکرێت، بەڵام لە بەرنامە دایە و لە داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت، لە درێژەدا لەبارەی فکر، دنیابینی، کەسایەتیی و کاریگەریی حەسەن قزلجی دوا و بە کەسێکی بلیمەت و زانای ناودێر کرد و هیوای خواست لە داهاتوودا بە یارمەتیی توێژەر و نووسەرانی کورد سەلەبەری بەرهەمەکانی قزڵجی کۆ بکرێنەوە و بۆ ئەوەی کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەندتر بکەن".
 لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا هەریەک لە دکتۆر جەمشیدی حەیدەری نووسەر و ڕۆژنامەنووس، حەمەسەعید حەسەن، نووسەر و شاعیری ناسراو و موحسین قزڵجی هەرکامەیان لەبارەی لایەنێک لە ژیان و کەسایەتیی حەسەن قزڵجی و چۆنیەتیی چاپی ئەم بەرهەمە و دنیابینیی قزلجی قسەیان کرد.
 لە کۆتاییدا کۆ بەرهەمی حەسەن قزڵجی بەسەر ئامادەبواندا دابەش کرا.
 نووسەر و ئەدیب و ڕۆژنامەنووس حەسەن قزڵجی‌ رۆژی‌ ١٥/٩ / ١٩١٤ لە بنەماڵەیەکی‌ خوێندەوار لە گوندێکی سەر بە شاری‌ بۆکان لە رۆژھەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. لە تەمەنی‌ ٦ ساڵییەوە خراوەتە بەر خوێندن. سەرەتا لەلای‌ باوکی‌ و دواتر لەلای‌ مامۆستا مەلا ئەحمەدی‌ فەوزی‌ و مەلا ئەحمەدی‌ تورجانی‌‌زادە خوێندوویەتی‌. پاش چەند ساڵ‌ خوێندن بووەتە قایمقامی‌ شاری‌ مەھاباد. زۆربەی‌ لایەنەکانی‌ ژیانی‌ ئەم بلیمەتە شاراوەن. جۆری‌ ژیانی‌ تایبەتی‌ و سیاسی‌ و کاری‌ نھێنی‌ و دەیانساڵ‌ راوەدوونان و ئاوارەیی‌ و سەرەنجامیش گیران و کوژران پەردەیەکی‌ نادیاریان بەسەردا کشاوە. حەسەنی‌ قزڵجی‌ یەکێک بووە لەو پیاوانەی‌ ڕۆڵێکی‌ رووناکبیری‌ و رامیاری‌ باشیان بووە لە کۆماری‌ کوردستان بە سەرۆکایەتیی پێشوا‌ قازی‌ محەممەد. لە ھەڕەتی‌ لاوەتیدا بە ناوی‌ نھێنی‌ (ژیر) پەیوەندی‌ دەکا بە کۆمەڵەی‌ ژیانەوەی‌ کوردستان (ژێکاف)ەوە و لەگەڵ‌ چەند کەسی‌ ئازادیخواز و روناکبیری‌ تردا.
 ئەم نوسەر و روناکبیرە لە گۆڤارەکانی‌ (کوردستان)، (ئاوات)، گۆڤاری ھەڵاڵەدا نووسینەکانی‌ بڵاو کراونەتەوە، ھەروەھا سەرنووسەر و بەڕێوەبەری‌ گۆڤاری‌ وێژەیی‌ و رامیاریی‌ گشتیی‌ (ھەڵاڵە) بووە کە لە ساڵی‌ ١٩٤٦ لە بۆکان و لەژێر دەسەڵاتی‌ کۆماری‌ کوردستاندا دەردەچوو. قزڵجی‌ پاش کۆماری‌ کوردستان وەک زۆربەی‌ نیشتمانپەروەران بە ناچاری‌ پەڕیوە دەبێ‌ و لە کوردستانی‌ باشوور و بەغدا جێگیر دەبێ‌. سەرەڕای‌ ژیانی‌ نھێنی‌ و چەرمەسەری‌ درێژە بە نووسین دەدا و لە بڵاوکراوەکانی‌ (ھیوا)، (رۆژی‌ نوێ‌)، (نووسەری‌ کورد)، (بەیان)دا بابەتەکانی‌ بڵاو دەکرێنەوە. ئەم تێکۆشەرە لە ساڵی‌ ١٩٥٣ دا بە بیانووی‌ ئەوی‌ خەڵکی‌ عیراق نییە لەلایەن رژێمی‌ بەعسەوە تەسلیم بە ئێران دەکرێتەوە و ل کرماشان بەند کراوە، بەڵام لە دەرفەتێکدا خۆی‌ لە دەستی‌ پۆلیسی‌ ئێران رزگار دەکا و خۆی‌ دەگەیەنێـتەوە شاری‌ ھەڵەبجە و لەوێ‌ نیشتەجێ‌ دەبێت‌. پاشان خۆی‌ دەگەیەنێتە لای‌ ھەژار موکریانی‌ لە بەغدا. قزڵجی‌ ھەر لە بەغداوە دەچێتە وڵاتی‌ بولگاریا و لەوێ‌ لە رادیۆی‌ پەیکی‌ ئێران دەبێتە بێژەری‌ ھەواڵی‌ رامیاری‌ بە زمانی‌ کوردی‌. پاش رووخانی‌ رژیمی‌ پاشایەتی‌ ئێران، لە ریزەکانی‌ حیزبی‌ توودەی‌ ئێران وەک سەرنووسەری‌ رۆژنامەی‌ (مردم) کە بە کوردی‌ دەردەچوو کاری‌ کردوە، بەڵام ساڵی‌ ١٩٨٣ حەسەن قزڵجی‌ دەگیرێت و دەخرێتە زیندانەوە.
 مامۆستا و نووسەر حەسەن قزڵجی‌ ئەوکاتەی‌ لە بەندیخانە دەستگیر کراوە تەمەنی‌ ٧٠ ساڵ‌ بووە و پاش ئەوەی‌ ١٠ مانگ لەژێر شکەنجەی‌ جەستەیی‌ و دەروونیدا دەبێ‌ لە رۆژی‌ ٢٨/٩/١٩٨٥ بەھۆی‌ نادیارەوە لە زینداندا کۆچی‌ دوایی‌ دەکا و لەژێر چاودێریی‌ حکومەت تەرمەکەی‌ لە گۆڕستانی‌ بەھەشتی‌ زارای‌ تاران بەخاک دەسپێردرێت. ھەر چەشنە خوێندنەوەیەک بۆ رەوتی‌ ئەدەبی‌ لە رۆژھەڵاتی‌ کوردستاندا بێ‌ پەنابردن بۆ بەرھەمە ئەدەبییەکانی‌ (قزڵجی‌) و رۆڵی‌ لەو پانتاییە و بەتایبەتی‌ لە بواری‌ چیرۆکی‌ کوردی‌دا مەحاڵە. (قزڵجی‌) وەرگێڕ و ئەدیب و زمانزانێکی‌ لێھاتوو بووە. دەیان بابەتی‌ ئەدەبی‌ لە زمانەکانی‌ فارسی‌، تورکی‌، بولگاری‌ و عەرەبی‌ وەرگێڕاوە بۆ زمانی‌ کوردی‌ و ھەروەھا چەندین بابەتی‌ زمانەوانی‌ بڵاو کردۆتەوە. قزڵجی‌ رۆڵێکی‌ بەرچاوی‌ لە بوارەکانی‌ چیرۆک، وتار، رەخنە و لێکۆڵینە و بابەتی‌ زامانەوانی‌ و وەرگێڕاندا ھەبووە، بەڵام نەھامەتییەکانی‌ رۆژگار پەردەیان بە سەر ئەم توانایانەدا کێشاوە و ئەمڕۆ قزڵجی‌ زیاتر بە کۆچیرۆکی‌ (پێکەنینی‌ گەدا) ناسراوە، دەنا بە دەیان بەرهەمی لە بوارەکانی سیاسەت، وەرگێڕان، کۆمەڵایەتی و زماندا نووسیوە و لە زمانەکانی دیکەوە وەرگێڕاوە.
 کۆبەرهەمی حەسەن قزڵجی، لە ئامادەکردنی موحسین قزڵجی، بە سەرپەرشتیی زیرەک کەمال و بە قەبارەی گەورە و لە دووتوێی 624 لاپەڕەدا و بە ئەژماری 1000 دانە لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە چاپخانەی ڕۆژهەڵات لە هەولێر چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر