۱۳۹۶/۱۰/۱۶

گێلانەترین چیرۆکی مردن



خەبات ڕەسووڵی

گەرم نین،بەڵام ساردیش نین،ئەو بەفرانەی نەرم نەرم بەسەر جەستەمدا دادەبارێن.مردن بۆم هەستێکی نامۆ نییە،وەک بڵێی پێشتریش مردووم.ئەوەی بۆم جێگای پرسیارە ئەوەیە ،ئەگەر ئێستا من مردووم ،ئەی بۆ تا زیندوو بووم دیتنی نەنکم بۆ من خەون بوو ،کەچی ئێستاش هەر دەڵێی خەونە.بڵێی هەر لەخەودا نەمردبێتم؟
دەستێک بە جەستەمدا دێنم.بەفرێکی تەنک دایپۆشیوم.بەفری شەوێک بارین.بەفری کاتژمێر سێی بەیانی.

تا سپێدە ئاوا ببارێ تەواو دەشاردرێمەوە،لەوانەیە حەوتوویەک ببارێ،حەوتوویەکیشی پێ بچێ تا بەفرەکان دەتوێنەوە،دیارە ئەگەر بەفری دیکەش نەبارێ. بەهارێ تەرمەکەم دەبیننەوە.
بە دەنگی نەنکم ڕادەچڵەکیم .
- دیسان خۆت لەمن کردە مردووی جمهوری.
- نەنە مردنێکی جوان نییە؟
- زیاتر شاعیرانەیە،دەزانی بۆ؟ چونکە تۆ لە نێوەڕاستی گۆڕەپانی ناوەندی،شارێکی قەرەباڵغدا مردووی.یەکەم رێبواری بەیانی بێرەدا تێپەڕێ دەتبینێتەوە.ریسەکەت لێ دەبێتەوە خوری.
- بڵێ ریسەکەت لێ دەبێتەوە بەفر.
خێسەیەکم لێ دەکات و دیسان خەریکی تەشی رستنەکەی دەبێتەوە.بەفرەکان لوول دەکات و دەیان رێسێ. بنی داوە رستراوەکان بە بەفرەکانی سەر ئەرزییەوە نووساون.نەنکم هەموو جارێ دەستی درێژ دەکات و بەقەت درێژی باسکی بەفر دێنێتە پێشێ و لە خۆی کۆ دەکاتەوە.
پاش کەمێک ،سەری لە سەر تەشییەکەی هەڵدەگرێ و چاوێکم لێ دەکات .
- ئەوە ئێستا بۆ وا خۆت تۆپاندووە ،دا هەستە وەرە لام با بزانم بۆ کفنەکەت چەندەت بەفر دەوێ.
هەڵدەستمە سەر پێ و بەفرەکانی سەر جەستەم دەتەکێنم و لە نەنکم نزیک دەبمەوە.سەری هەڵدەبرێ کە چاو لە بەژنم بکات . وەک بڵێی پڕووشە بەفر بچێتە نێو چاوییەوە،مژۆڵەکانی توند توند لێک دەدا.دەڵێی دوو پەپوولەی سپی لە سەرچاوی نەنکم نیشتوون و باڵ لێک دەدەن.هێواش دەستم نزیک دەکەمەوە، بیانگرم.
سەرمامە.میزیشم دێ.پەتووەکە لە سەر خۆم لادەدەم و لە جێگاکەم دێمە دەرێ. بە سەبرایەک لە ژووری خەو دێمە دەرێ.دەرکە لە پشتە سەرم دادەخەم و دەرکەی ئاودەستەکە دەکەمەوە.جیڕەیەکی ناخۆشی لێ دێ. لەوەتا هاتووینەتە ئەم خانووەوە دەجارم رۆن لێداوە،کەچی هەر جیرەی تەواو نابێ.ئێستا لە تەبەقەی خوارێ دەزانن یەکێک چووەتە ئاودەست.
سەری ئاودەستەکە هەڵدەگرم و هەوڵ دەدەم میزەکەم رێک بکەمە نێو ئاوەکەوە.میزێکی زەرد تێکەڵ ئاوە سپییەکە دەبێ و تۆقلە دروست دەکات.
حەپەساو چاوم بڕیوەتە نێو تواڵێتەکە.دەڵێی لە خەوێکی قورس ڕادەچڵەکێم،وەخۆدێمەوە و بە خۆم دەڵێم نەنکم لە مەیدانی جمهوری چاوەڕێمە.بەم نیوەشەوە لەوێ بەفرم بۆ دەڕێسێ و بەتەمایە کفنی بەفرم بۆ بدورێ. دەبێ بچم .
بیری کفنی سپی و دوایین بڵقە بلقەکانی میزەکەم تێکەڵ دەبن.بە دەنگی تەقەی دەرکەی ئاپارتمانەکەمان کە لە پشتە سەرم داخرا دڵنیا بوومەوە کە ئێستا لە دەرێم. شەقام یەک پارچە کۆچپۆشە و کەس لە دەرێ نییە.بە پەلە هەنگاو هەڵدێنمەوە.ئەم شەو نەچووبایەمە جمهوری تا بەیانی دەبوایە لە جێدا جینگل لێدەم و بتلێمەوە.جمهوری بێ دەنگ و سپی لە پێشمە .
چاو دەگێڕم نەنکم دیار نییە،بەڵام دێ.لە سەر سەندەڵییەک رادەکشێم.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر