ئاسۆ مامزادە
بەهار هەمیشە درەنگ دەگەیشتە ئێرە، بەڵام ئەمساڵ بەفر هەر لەسەر چیا گەردن كەشەكان سپی دەچووەوە. بەهارەكەی قەڵای دمدم تازە پێڕۆكە ببوو. بەفر، تەنیا ئەوانە مابوون كە زستانان با دە پەناو پەسێو و چاڵە قووڵەكانی دەكردن، ئەوانەش تا گەرمای هاوین دادەهات نەدەچوونەوە.
لەو ڕۆژانەدا خەڵكی قەڵا خەریكی شۆم و تۆكردنی بەهارە بوون، هەندێ هەر لە ئاخپێنەكانی دەوروبەری ماڵاندا دەغڵ و دانیان دەچاند. ئەو بەیانییە پەڵە هەورێك لە سەرووی چیاكانەوە پەیدا بوو، ڕێژنە بارانێكی بەخوڕەم بەسەر قەڵای دمدمدا باری و تۆز و خۆڵی زەوی داپەستاوت و سەرلەنوێ خۆشی كرد و بووەوە بە ساماڵ، هەتاوە خۆشەكەی بەهارێ پەنجەی لە عەرزی گیر كرد، ئەم بارانە بۆن و بەرامەی هەوای پاك و خاوێن كردەوە. ئێمە لە كوردەواریدا بەم جۆرە بارانە دەڵێین: "گورگەزێ".....

