ئامادەکردنی شەریف فەلاح
شەریف فەلاح:
ئەگەر بمانەوێ بە شێوەیەکی گشتی پێناسەیەکی ئەدەبی زارەکی بکەین، دەبێ لەسەر بنەمای
چوار کۆڵەکەی گرنگی ١ ـ بەیت ٢ ـ لاوک ٣ ـ حەیران ٤ ـ پەندی پێشینیان لەنگەر بگرین،
رای بەڕێزت لەم بارەوە چییە؟
رەسووڵ سوڵتانی: دیارە
ئەوەی تۆ باسی دەکەی، واتە ئەدەبی زارەکی، لەراستیدا تاوتوێ کردنی ئەدەبی زارەکی بەبێ
ھەرکام لەو ژانر و لایەنانە، پڕ لە کەموکووڕی و نوقسان دەبێ. راستە ئەوانە کۆڵەکە و
باشتر بڵێین بناغەی ئەدەبی ئێمەن. لە ھەرکام لەو ژانرانەدا بە شێوەیەک روخسارەکانی
ژیانی رابردووی کوردەوارییەکەی خۆمان بەدی دەکەین. پەندی پێشینیان پڕە لە روانینی فەلسەفیی
کورد بۆ ژیان، حیکەتی ژیان. ئێمە لە ئاوێنەی پەندەکاندا بۆمان دەردەکەوێ کە کورد چۆن
لە مەسەلە گرنگەکانی پێوەندیدار بە ژیانەوە، ورد بۆتەوە.
