یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی چیرۆکی بانە، کە بە دوو
زمانی کوردی و فارسی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ و بە ئامادەبوونی نووسەرانی کورد و فارس لە شاری
بانە بەردەوام بوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە خەڵاتکردنی سەرکەوتووان، کۆتایی پێهات.
لە فێستیڤاڵی چیرۆکی بانە 68 بەرهەمی چیرۆک بە دوو
زمانی کوردی و فارسی پێکەوە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ پێشبڕکێیان کرد، هاوکات
بەشێکی دیکەی فێستیڤاڵ بۆ ئەدەبی منداڵان و مێرمنداڵان تەرخان کرابوو.
لە بەشی چیرۆکی منداڵان و میرمنداڵاندا ئەم کەسانە
وەک سەرکەتوو ناسێندراون و خەڵات کران "هەستی یەونسی لە بانە، ڤیانا قزلجی، لە
بۆکان، ئاڵا ڕەزایی، لە بۆکان، زارا گوڵچینی، لە هەرسین، ئاریا عەجەمی، لە بۆکان و
شەهرزاد لەعلبەرزی".
لە بەشی وتاری فارسیی ئەدەبیاتی منداڵاندا
"محەمەدڕەزا کەلهوڕ و جەمیلە موعەزەمی" و لە بەشی وتاری کوردیشدا "عومەر
محەمەدی و مستەفا ئیلخانیزادە" خەڵاتیان وەرگرت.











